دۆزدار حەمۆ لە زاری براکەیەوە: کەسایەتیەکی فەرماندە و بەهێز بوو

دۆزدار بە برا گەورەکەی وت،"هەڤاڵ گیان، ئەمە شۆرشە، منیش دەمەوێت بەشداری لەم شۆڕشەدا بکەن. من بەڵێنم بە شەهیدان و سەرۆکایەتی و هەڤاڵانم داوە کە بەردەوامی بە ڕێگای ئازادی بدەم. ئەمە مافی منە کە شێوەی ژیانی خۆم هەڵبژێرم."

مەروان حەمۆ برا گەورەکەی دۆزدار حەمۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار باسی لە کەسایەتی براکەی کرد و وتی،"دۆزدار کەسایەتیەکی خۆشەویست و شەڕڤانێکی بەهێز بوو."

مەروان حەمۆ لەسەرەتادا بەهۆی شەهیدبوونی دۆزدار حەمۆ میلیتانی پێشەنگی پەکەکە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان، هەڤاڵان و عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند کە ئەوان وەک خانەوادەی شەهید دۆزدار، شانازی بە شەهادەت  و تێکۆشانی شەهید دۆزدار لە بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا دەکەن.

مەروان حەمۆ لەبارەی کەسانەیتی دۆزدارەوە قسەی کرد و وتی،"شەهید دۆزدار برای بچووکی خانەوادەیەکی ٧ کەسی بوو، بەو هۆیەوە لەناو خانەوادەکەماندا زۆر خۆشەویست  و میهرەبان بوو. لەگەڵ هەڤاڵان و خانەوادەکەیدا کەسێکی لەسەرخۆ و بە‌هێز بوو. ئەوەی کە دەیناسی خۆشی دەویست."

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو،"شەهید دۆزدار لە ساڵی ١٩٩٠دا لەگەڵ گروپێک لە هاوڕێکانی بۆ پەروەردە بەرەو ئەکادیمی ماحسوم کورکماز لە لوبنان ڕووی و دوای زیاتر لە ٤ مانگ، لە ١٣ی ئابی هەمان ساڵدا گەڕایەوە. لەو کاتەدا زۆر تەئکیدی دەکردەوە کە بەشداری لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستاندا بکات. بیرم دێ ئەو کاتە زۆرم هەڵدا پەشیمانی بکەمەوە و لە جێگەی ئەو من بەشداری بکەن، لەبەرئەوەی لە ئێمە بچووکتر بوو و ئێمەش دەترساین. بەڵام ئەو پێی وتم، هەڤاڵ گیان، ئەمە شۆرشە، منیش دەمەوێت بەشداری لەم شۆڕشەدا بکەن. من بەڵێنم بە شەهیدان و سەرۆکایەتی و هەڤاڵانم داوە کە بەردەوامی بە ڕێگای ئازادی بدەم. ئەمە مافی منە کە شێوەی ژیانی خۆم هەڵبژێرم و لە ١٨ی ئابی هەمانساڵ بەشداری لە ڕیزەکانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرد."

مەروان حەمۆ وتیشی، کاتێک لە عەفرین شەهید دۆزداری بینیوە، هەموو کەسێک باسی کەسایەتی بەهێز و فەرماندەیەکی گەورەی ئەویان دەکرد و خۆشیان دەویست.

هەروەها باسی ئەوەشی کرد کە براکەی بێ دوودڵی لە چوار پارچەی کوردستان شەڕی کرد و لە کاری خۆی سەرکەوتوو بوو.

مەروان حەمۆ لە کۆتایی قسەکانیدا دەشلێت،"دۆزدار کاتێک سەردانی خانەوادەکەی دەکرد، هەموو کاتێک مۆڕاڵی بە ئێمە دەدا. دۆزدار بڕوای تەواوی بە بەهای شەهیدان و ئایدۆلۆژی ڕێبەر ئاپۆ هەبوو. بەسەدان کادری بزوتنەوەکەی پەروەردە کرد و لە ژیانی شۆرشگێری خۆیدا بەسەدان شۆرشگێری خوڵقاند."

عەبدولڕەحمان عەمۆ ناسراو بە دۆزدار حەمۆ دوای ٣٠ ساڵ لە خەبات و تێکۆشان و شەڕ و بەرخۆدان لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩دا لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی سوپای داگیرکەری تورک لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا شەهید بوو.

ف.ق