دێرک: تەرمی ٧ شەهیدی قەسەدە بە خاک سپێردران

بە هەزاران هاوڵاتی ناوچەی دێرک تەرمی ٧ شەهیدی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە-یان لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بە خاک سپارد کە لە شوێن و بەرواری جیاوازدا لە ناوچە جیا جیاکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە قارەمانانە شەهید بوون.

بە ئامادەبوونی هەزاران هاوڵاتی ناوچەی دێرک جەنازەی هەر یەک لە شەهیدانی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە، شەرڤین موراد (نوجان جومان)، موراد باتماز (بۆتان تێکۆشین)، ئازاد چەتین (سیدرا شەڕ)، زانا و رومار کە لە ئەنجامی خۆڕاگری شکۆدا شەهید بوون، هەروەها تەرمی جەمال موراد (رۆنی جوانڕۆ) کە لە ئەنجامی رووداوێکدا لە دێرک شەهید بوو، هەروەها گولیزێر (سامۆ پاداییف) ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە بەردەم نەخۆشخانەیەک لە شام شەهید بوو، بە مەراسیمێک لە گۆڕستانی شەهید خەبات دێرک بەخاک سپێردران.

سەرەتا تەرمی شەهیدان لە نەخۆشخانەی دێرکەوە بەرەو گۆڕستان بەڕێ کران.

لە گۆڕستان لە لایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدەوە مەراسیمیکی سەربازی رێک خرا و بۆ رێزگرتن لە شەهیدان، خولەکیک بە بێدەنگی وەستان.

 دواتر محیەدین خێرک فەرماندەی یەپەگە وتەیەکی پێشکەش کرد و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی شەهیدان کرد و بەڵێنی دووپات کردەوە کە بەردەوام دەبن لە سەر رێگای شەهیدان تا ئەو کاتەی سەر دەکەون و دەگەن بە ئامانجی شەهیدان.

دواتر شاهۆز حەسەن هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیمۆکراتیک-پەیەکە قسەی کرد و سەرەخۆشی ئاڕاستەی شەهیدان کرد و بەڵێنی دووپات کردەوە کە تا سەرکەوتن بەردەوام دەبن لە سەر رێگای شەهیدان.

حەسەن تیشکی خستە سەر ئەوەی، هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک لە دژی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەردەوامیدانە بە پلانگێری نیودەوڵەتییەکەی دژی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئۆجالان کە ئامانج لێی لەناوبردنی گەلی کوردە.

حەسەن هەروەها وتی:"سیستمی دەسەڵاتداری دەیەوێت هەبوونی گەلی کورد، کەسانی دیمۆکراتخواز و فکری ئازاد لەناو بەرن. بۆیە هێرشەکان لە دژی فیکر و فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدولا ئؤجالان بەردەوامن. بەڵام راستییەک هەیە کە هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە پشتگوێ بخات و بیشارێتەوە کە فکر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ، سەرەڕای ئەو گۆشەگیرییەی بەسەریدا سەپێندراوە، لە سەرتاسەری جیهان بڵاو بووەتەوە."

دوای قسەکان، ناسنامەی ٧ شەهیدەکە خوێندرایەوە و رادەستی خانەوادەکانیان کرا و تەرمەکان بە وتنەوەی دروشم و ناردنی سڵاو بۆ خۆڕاگریی شەڕڤانانی قەسەدە، بە خاک سپێردران.

ز.ش