دەبێت چەتەکانی داعش لە باکووری سووریا دادگایی بکرێن

پارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوا ئەوەیان خستەڕوو کە دەبێت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەتەکانی داعش دادگایی بکرێن.

نیکۆلای بەلەوبووت وەزیری دادی فەرانسا ڕۆژی پێنج شەممە ئەوەی خستبووە ڕوو کە ئەوان لە گەل وڵاتانی ڕۆژئاواییدا دەربارەی کردنەوەی دادگایەک بۆ دادگایی کردنی چەتەکانی داعش لە ناوخاکی عێراقدا گفتووگۆیان کردووە.

پارتە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکدا ئەوەیان خستەڕوو کە ئەوان ئەو پێشنیازە قەبووڵ ناکەن. پارتەکان لە کۆبوونەوەیەکی چاپەمەنیدا داوایان کرد کە چەتەکانی داعش لە ناو سنوورەکانی سووریادا دادگایی بکرێن.

مووستەفا مەشایەخ جێگری سکرتێری پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کورد لەسووریا بۆ ئاژانسی هەواڵی هاوار قسەیکرد و وتی، " ئێمە هیچ جۆرە دادگاییەکی چەتەکانی داعش لەدەرەوەی سنوورەکانی سووریا قەبووڵ ناکەین. ئێمە داوا دەکەین کە دادگەکە لە ژێرچاودێری هێزە نێودەوڵەتییەکان و لەناو خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام بدرێت. بۆئەوەی کە ئەو چەتانە لەم ناوچەیەدا تاوانیان ئەنجامداوە و دەبێت هەرلەم ناوچەیەدا دادگایی بکرێن.

دەزانرێت کە دادگای عێراق سزای لەسێدارەدانی بۆ دەیان چەتەی داعشی بیانی دەرکردووە.

حکومەتی عێراق لە ڕؤژی ١١ی نیسانی ساڵی ٢٠١٩ داوای لە هێزەهاوپەیمانەکان کردبوو کە چەتەکانی داعشی سووریا کە لەژێردەستی قەسەدەدان ، لە ناوخاکی عێراق دادگایی بکات. بەڵام لەهەمبەرئەو پیشنیازەدا داوای ٢میلیارد دۆلاری کردبوو.

هێزەکنای سووریای دیموکراتیک- قەسەدە لە ڕۆژی ٢٣ی ئاداردا ڕایانگەیاند کە ئەوان داعشیان لەڕووی سەربازییەوە تێکشکاندووە و بەهەزاران چەتەی داعشی عێراقی و بیانییان گرتووە.

ک-ش