' دەمانەوێت بە چاوی منداڵان ڕووداوەکان بە جیهان ڕابگەیەنین'

نوری عەدنان لە ساڵی ٢٠١٨ دا لەگەڵ ژمارەیەک وێنەکێشی پرۆفیشناڵی تر لە کەمپەکانی بەرخۆدان و سەردەم، یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەى هەزاران منداڵ هەستەکانیان لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە دەرببڕن.

بە هۆی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە، سەدان هەزار عەفرینی بە ناچاری خاکەکەیان بەجێهێشت و لە هەرێمی شەهبا نیشتەجێبوون. نەک خەڵکی عەفرین، بەڵکو سەدان هەزار پەنابەری سوریاش کە کۆچیان بۆ عەفرین کردبوو، دیسانەوە بە ناچاری ئاوارە بوونەوە. نوری عەدنانی تورکمانیش، کە خەڵکی گوندی کاراگوزی شەهبایە، یەکێک لەو سەدان هەزار کەسەیە کە چەندین جار کۆچبەر بووە.

بۆ ئەوەی دەنگی گەلانی شەهبا و عەفرین بە جیهان بگات، نوری عەدنان ئاژانسی 'روماف'ی دامەزراند. لە ساڵی ٢٠١٨ دا دەست بە پڕۆژەیەکی وێنەکێشان دەکات. بۆ ئەوەی منداڵانی عەفرین لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە شەڕ و دۆخی کۆچبەری بە هەست و چاوەکانیان بکێشنەوە. لە چوارچێوەی پڕۆژەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک وێنەکێشی پڕۆفیشناڵ لە ساڵی ٢٠١٨ دا ٢٥٠ مەتر و لەساڵی ٢٠١٩ دا ٥٠٠ مەتر پارچە قوماشیان لە کەمپەکانی بەرخۆدان و سەردەم هەڵواسی و هەزاران منداڵ توانیان پارچە قوماشەکان بنەخشێنن. نوری عەندان لەبارەی پڕۆژەکەوە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.

"هەموو چەتەکان لە ڕێگەی تورکیاوە دەربازی سوریا بوون"

عەدنان ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی ساڵی ٢٠١١ لەلایەن هەموو کەسیکەوە بینران و وتی، "مرۆڤەکان دەیانویست بە ئازادی بژین. بەڵام دوای ئەوەی چەتەکان پەیدابوون، هەموو شتێک تێکچوو. لە ساڵی ٢٠١٢ دا وردە وردە چەتەکان خۆیان گەیاندە گوندەکانی شەهبا. چەتەکانی سوپای ئازادی سوریا و ئەل نوسرە لە ڕێگەی تورکیاوە خۆیان گەیاندە شەهبا. قۆناغ بە قۆناغ ناوەکانیان گۆڕی. بەڵام لە پڕێکدا داعش دروستبوو. ئەمە چۆن دروست بوو نازانرێت. ئەو کاتە کەسێک بە ناوی ئەبو دەجەنە مەڕعەشی لە ناو چەتەکاندا هەبوو. تورکیەکەی زۆر باش بوو و ناوی عەرەبی بەکاردەهێنا. یەکێک لەو کەسانە بوو کە چەتەکانی بەڕێوەدەبرد.

بەرلەوان ژیانمان خۆش بوو. دوای چەتەکان هەموو شتێک تێکچوو. ئێمەش نەمانتوانی هەڵ بکەین و ناوچەکەمان بەجێهێشت. نەک تەنها تورکمان و کورد و عەرەب، بەڵکو هەموو گەلان و پێکهاتەکان خاکەکەیان بەجێهێشت. چووین بۆ حەلەب. لە حەلبیش ڕووداوەکان دەستیان پێکرد. دواتر چووینە عەفرین. لە عەفرین بارودۆخمان باش بوو. سیستمێکی دیموکراسی و خۆبەڕێوەبەری هەبوو. هەموو کەسێک بەشداری لە سیستمەکەدا کردبوو. گرنگ نەبوو لە چ زمان و نەژادێکی.

'چەتەکان هەموو خانووەکانیان بۆمبڕێژ کردبوو'

عەدنان وتی، "لەدژی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانییەوە، خەڵکی عەفرین ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانیان کرد. دواتر بە ناچاری دەربازی شەهبا بوون. گەل لە لایەک پێویست بوو لە ڕێگەی جەبەل ئەحلام بچنە دەرەوە و لە لایەکی دیکەوە ئەبوونە ئامانجی قەناسبەدەستەکان. ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا. دواتر لە شەهبا لە هەلومەرجێکی قورسدا دەستیان بە ژیانکرد. هەموو گوند و شاروچکەکانی شەهبا بە هۆی شەڕەوە وێرانکران. چەتەکان هەموو خانووەکانیان بۆمبڕێژ کردبوو.

کاتێک هاووڵاتییان دەچوونە ناو خانووەکانیان بۆمبەکان دەتەقینەوە. بۆ ئەم گەلە هیچ یارمەتیەک لە دەرەوە نەهات. لە عەفرین لە ناو ژیانێکی دیموکراتیکدابووین کە لە هیچ شوێنێکی تر نەدەبینرا. بەر لە ٢٠١١ نەماندەزانی ژیانێکی بەم شێوەیە هەیە. لە عەفرین بینیمان. ئێستاش لە شەهبا وەک گۆشت و نینوکمان لێهاووە. خەڵکی عەفرین نزیکەی دوو ساڵە لێرەیە، بەڵام لەنێوان خەڵکی عەفرین و شەهبا بە سەدان ساڵە پەیوەندییەکی توندوتۆڵ هەیە. لەنێوان خانەوادەکاندا خزمایەتی دروست بووە. نزیکەی ٥٠ بۆ ٦٠ گوندی شەهبا کوردن.

هەوڵمدا کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سوپای ئازادی سوریا، کە لەبەرامبەر ئەم گەلە کردیان نیشانی جیهان بدەم. بینیم هەزاران چەتە لە عەزازەوە دەربازی عەفرین بوون. سەرچەتە گرنگەکانی داعشمان لەو گوندانە بینی. ئێمەش کارمان کرد لەڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە ڕووداوەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ڕابگەیەنین. بەو شێوەیە ئاژانسی روماف-مان دامەزراند.

'منداڵێک بیری کیسەڵەکەی کردبوو'

نوری عەدنان دەڵێت، کاتێک لەناو کەمپی شەهبا دەگەڕا زۆر شتی بینی و وتی، "ئازاری منداڵەکانمان بینی. منداڵەکان بیری خوێندنیان دەکرد. بیری ماڵەکانیان دەکرد. ژمارەیەکی زۆر منداڵ دەگریان. بەڵام دوو شت زۆر کاریگەرییان تێکردم. لە تل ڕەفعەت سەردانی ماڵێکی عەفرینیمان کرد. ویستمان لەگەڵ دایکێکدا چاوپێکەوتن بکەین. دایکەکە منداڵێکی کچی ٥ ساڵەی هەبوو، دەگریا. پێی وتم 'کاتێک عەفرینیان بەجێهێشتووە نەیتوانیوە کیسەڵەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت'. هەروەها منداڵێکی ٧ ساڵەش لەبەرئەوەی پشیلەکەی لە عەفرین بەجێهێشتووە دەگریا. کەسێک بیری داری زەیتوون، کەسێک بیری خوێندن وکەسانێکیش بیری ماڵەکانیان دەکرد."

نوردی عەدنان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ئەو شتانەی لە کەمپەکان بینی، بڕیاریدا گەڵ هاوڕێکانی ئەردەڵان، حەنیف و هەیسەم دەرفەتێک بۆ منداڵان دروست بکەن، بۆ ئەوەی بە وێنەکێشان هەستەکانیان دەرببڕن و لە ئەنجامدا منداڵان ژمارەیەک وێنەی سەرنجڕاکێشیان دروستکرد و وتی، "دەمانەوێت بە چاوی منداڵەکان شتەکان بە جیهان ڕابگەیەنین."

ژ.ت