دەوڵەتى تورکی داگیرکەر ئاگری بەردایە زەوییەکانی تلتەمر و بەربوومی جوتیارانیشیان دزی

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر زیاتر لە ٥٠ هەزار دۆنم زەویی تلتەمری داگیرکردووە و ٢٠ هەزار دۆنمی سوتاندوو و بەربوومی کشتوکاڵی جوتیارانیش دەدزی و بردی بۆ تورکیا.

هێرشەکانى دەولەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

ئاژانسى هەواڵی هاوار بڵاویکردەوە، دەوڵەتى تورک کە سەرێکانی و گرێ سپی و بەشێکى زۆر لە تلتەمری داگیرکردووە، لەگەڵ چەتەکانیدا هێرش دەکاتە سەر ئابووری و سەرچاوەى بژێویی هاووڵاتییانى ناوچەکە.

کشتوکاڵ گرنگترین سەرچاوەی ئابووریی دانیشتوانى هەرێمەکەیە، بۆیە زۆر زەوییە کشتوکاڵییەکانی هاووڵاتییان لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانیەوە ئاگری تێبەردەدرێت. هێزە داگیرکەرەکان لە سەرێکانی و گرێ سپی و تلتەمر و زرگان دەیان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی هاووڵاتییانیان سوتاند.

'سەرچاوەى سەرەکیی گەلی ناوچەکە بوو'

ئەندامی بەڕێوەبەریی کۆمیتەى ئابووریی ئەنجوومەنى گەلی  تلتەمر دڵدار یوسف رایگەیاند، دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى ٥٠ هەزار دۆنم زەویی گوندەکانی تلتەمریان داگیرکردووە و وتی "بەهۆی ئەوەی جوتیاران ناتوانن بڕۆنە سەر زەوییەکانیان و بیانچێنن زیانێکى زۆر گەورەى ئابوری بە هەرێمەکە گەیشتووە، چونکە زۆربەى دانیشتوانی هەرێەکە سەرچاوەی بژێویی ژیانیان لە رێگەى کشتوکاڵەوە دابین دەکەن".

'رێگا نادەن هاووڵاتییان ئاگری زەوییەکان بکوژێننەوە'

یوسف سەرنجی خستەسەر ئاگرتێبەردانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و وتی "لە ناوچەى تلتەمر زۆربەى زەوییە کشتوکاڵییەکان دەکرێن بە گەنم و بە زۆریش کێڵگە گەنم لەلایەن دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانیەوە ئاگریان تێبەردەدرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی هاووڵاتییان سوتێنراون. دانیشتوانى ناوچەکە هەوڵ دەدەن زەوییە کشتوکاڵییەکان بکوژێننەوە، ەڵام دەوڵەتی تورک و چەتەکانی رێگا بە هاووڵاتییان نادەن ئاگری زەوییەکان بکوژێننەوە. رێگا نادەن کەس خۆی لەو زەوییە کشتوکاڵییە ئاگرتێبەردراوەکان نزیک بکاتەوە و بە چەک تەقەى لێدەکەن".

وتیشی "جگە لە سوتاندنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بەربوومی جوتیارانیش تاڵان دەکەن، بۆ نمونە، عەمبارەکانى گەنمیان تاڵان کردو و بەربوومی جوتیاران دەدزن و دەیبەن بۆ تورکیا".

ژ.ت