دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بە قورسی شەهبا و عەفرین بۆردومان دەکات

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لەگەڵ گروپە چەتەکانیدا لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە بە قورسی دەستیانکردووە بە بۆردومانکردنى گوندەکانى ناوچەکانى شەرا و شێراواى عەفرین و ناوچەى تەلرەفعەتى شەهبا.

دەوڵەتى تورکی داگیرکەر و چەتەکانى لەم رۆژانەى دوایدا دەستیانکردووە بە هێرشی قورس بۆ سەر هەرێمەکانى شەهبا و عەفرین. لە بەرەبەیانى ئەمڕۆشەوە بە چڕی دەستیان کردووە بە تۆپبارانکردنى ئەو هەرێمانە.

کاژمێر ٠٤:٣٠ بە کاتی ئەو هەرێمانە، سوپای تورک لەگەڵ گروپە چەتەکانیدا دەستیان کردووە بە تۆپبارانکردنى چڕی گوندەکانى مەرەناز، ئالقەمییە، تەل ئەجار، کەفەر ئانتون، تەنەبێ، دێر جەمیل، ئاقبێ، بێنێ، سۆخانکێ، عەین دەقنە، بێلونێیە، شێخ خەلیل، کەفەر نەیا و حەربەلی ناوچەکانى تەلرەفعەت، شێراوا و شەرای هەرێمەکانى شەهبا و عەفرین.

ئاژانسى هەواڵی هاوار بڵاویکردووەتەوە، لەو بۆردومانانەدا هاووڵاتییەک شەهید بووە.

هاوکات لەگەڵ ئەو بۆردومانانەدا فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەکانى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر بەسەر ئاسمانى ناوچەکانى شەهبا و ناوچەکانى شێراوا و شەرادا دەسوڕێنەوە.

ژ.ت