دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین ١٧ هاووڵاتیى تری رفاند

دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانی لە عەفرینی داگیرکراودا ١٧ هاووڵاتیى تریان رفاند.

بەپێى ئەو زانیارییانە لە هەرێمەکەوە بە دەستمان گەیشتوون، دوێنێ لە گوندی دارگرێ لە ناوچەى ماباتاى عەفرین چەتەکانى بەرەى شامی تورکیا ١٧ هاووڵاتییان رفاندووە.

ناوى کەسە رفێنراوەکان بریتین لە: جەمیل خەلیل عارف، عەزیز مەنان موستەفا، ئەمین عەزیز موستەفا، لەوەند عەزیز موستەفا، مەنان عەزیز موستەفا، محەمەد مەنان موستەفا، دیار محەمەد موستەفا، کاوە رەشید عەلیکۆ، محەمەد عومەر عەلیکۆ، نەزمی ئەحمەد عەلیکۆ، ئەحمەد محەمەد سەقمی، ئەحمەد محەمەد عەلیکۆ، رۆشین ئەمین ئیجۆ، عەریف حوسێن ناسانان، رووکەن عومەر، سلێمان وەلید و جەودەت بەکر.

هیزە داگیرکەرەکان هەموو رۆژێک لە هەرێمى عەفرینى داگیرکراو هاووڵاتییان دەڕفێنن، ئەشکەنجە ئەنجام دەدەن و زوڵم دەکەن و ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان تاڵان دەکەن.

لە ٢٠ى کانوونی دووەمی ٢٠١٨ / ٣٠ى بەفرانبار، کە سوپاى تورکیا و چەتەکانى دەستیان بە هێرشى داگیرکەری بۆ سەر عەفرین کرد، هەزاران هاووڵاتیى عەفرینی تووشى ئەو ئازار و زەحمەتییان بوون.

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بەشێوەیەکى پلان بۆ داڕێژراو لە عەفرین کۆمەڵکوژی، تیرۆرکردن، ئەشکەنجەکردن، دەستبەسەرداگرتن، تاڵانکردن، دەستدرێژی و پەلاماردان لە دژى هاووڵاتییانى عەفرین بە پیاو و گەنج و ژن و منداڵەوە ئەنجامداوە، کە هەموو ئەوانە بە تاوانى شەڕ ئەژمار دەکرێن.

رێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) مانگى ئاب لە راگەیاندراوێکیدا باسى ئەوەیکردووە، لە عەفرین کە داگیرکراوە پێشێلکاریى قورسی مافەکانى مرۆڤ ئەنجام دەدرێت. ئەمنستى دەوڵەتى تورکیای بە "هێزى داگیرکەر" و بەرپرسی ئەو کردەوە و پێشێلکارییانە ناساندبوو.

هەروەها رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە مانگى حوزەیراندا لەبارەى عەفرینی داگیرکراوەوە راپۆرتێکى بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو، لە عەفرین گروپەکانی سەر بە توروکیا دەستبەسەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانى کورد دا دەگرن و ماڵ و موڵکیان تاڵان دەکەن.

ر.م