دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى لە عەفرین بەردەوامن لە دزینى شوێنەوارە مێژووییەکان

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى لە عەفرین بەردەوامن لە دزینى شوێنەوارە مێژووییەکان. گۆڕى نوری دێرسیمی و پەرستگەى هەنێ لە شێراوا بە تەواوى رووخێنراون و دواتر تاڵانکراون.

دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر و چەتەکانى شوێنە مێژووییەکانى عەفرین هەڵدەدەنەوە و هەموو شوێنەوارە مێژووییەکانى تاڵان دەکەەن.

بەپێى ئەو زانیارییانەى بە دەستمان گەیشتوون، دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى چەندین شوێنەوارى مێژووییان لە عەفرین تاڵانکردووە.

لە ناوچەى شییەى عەفرین و لە گوندی دورمیش چەندین شوێنەوارى مێژوویى ئێزدییەکانیان تاڵانکردووە.

هەروەها لە ناوچەى راجۆ لە گوندی بیلولکا قەڵاى کۆنى ئەو گوندەیان هەڵداوەتەوە و هەموو شوێنەوارە مێژووییەکانى ئەو قەڵایەیان تاڵانکردووە.

هاوکات لە گوندی ئەلبیسکا شوێنەوارە مێژووییەکان تاڵان دەکەن و تا ئێستا چەندین شوێنەوارى مێژووییان لە سنوورى ئەو گوندەدا تاڵانکردووە.

دەوڵەتى تورکیا و چەتەکانى لە بەردەوامیى تاڵانییەکانیاندا لە عەفرین، لە ناوچەى شێراوا، گۆڕ و پەرستگەى هەنێ و مەزار و پەرستگەى محەمەد عەلی-یان بە تەواویى رووخاندووە و چەندین شوێنەوارى مێژوویى ئەو شوێنانەشیان دزیوە.

هاوکات لەگەڵ دزی و تاڵانییەکانیان، لە مەزاری هەنێ گۆڕەکەى نوری دێرسیمی-یشیان بە تەواوى رووخاندووە.

ر.م