دەوڵەتی تورک لە عەفرین دوای ئەوەی فیدیەیان وەرگرت، کەسێکیان کوشت

گروپە چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە عەفرین، ٤ مانگ لەمەوبەر هاوڵاتیەکی مەدەنیان ڕفاندبوو. بەلام دوای ئەوەی بەرامبەر ئازادکردنی فیدیەیان وەرگرت، کوشتیان.

ئاژانسی هاوار نیوز ڕایگەیاند، کەسێک بە ناوی سەعید ڕەشید لە گوندی میرکانی ناوچەی مابەتای کانتۆنی عەفرین چوار مانگ لەمەوبەر لە لایەن چەتەکانی ئەنقەرەوە ڕفێنرابوو. سەعید ڕەشید خەڵکی گوندی ئەتمانای ناوچەی ڕاجۆیە.

چەتەکان بەرامبەر ئازادکردنی داوای ٢٠ ملیۆن لیرەی سوریان کردبوو. چەتەکان کە پارەکەیان وەک فیدیە وەرگرت، تەرمی سەعید ڕەشیدیان لە هەرێمێکی نێوان گوندی میرکان و کاخیرە بەجێهیشت. شوێنی ئەشکەنجە لە سەر لەشی سەعید ڕەشیدەوە دیارە.

عەفرین کە لە ئاداری ٢٠١٨ەوە داگیرکراوە، بووە بە گۆڕەپانی تاوانی شەڕ. ڕفاندنی هاوڵاتیان، کوشتن، ئەشکەنجە و تاڵان و کۆچبەری بووەنەتە کردەوەی رۆژانەی چەتەکانی ئەنقەرە.

ف.ق