دەوڵەتی تورک لە عەفرین ٣٠٠ دارە زەیتونی بڕیەوە

لە عەفرینی داگیرکراو لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە ٣٠٠ دارە زیتون  بڕانەوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە بەردەستمان، چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندی قەرقینی سەر بە ناوچەی شەرای عەفرین ٣٠٠ دارە زەیتونیان بڕیەوە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک پێشووتریش لە شاخی هاوار، ناوچەیەکی ٤ کیلۆمەتریی سووتاندبوو، هاوکات بە هەزاران دارە زەیتونیان بڕیبووەوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٨وە عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورک و چەتەکانیەوە داگیر کراوە و تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت خەڵکی مەدەنی دەبێتە ئامانجی هێرشە دڕندەکانیان و هاوکات لە دژی سروشت و بەروبومی دانیشتوانی ناوچەکە کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدرێت.

هاوکات لە ناوچەکانی تری سەر بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەریش کە لە ئێستادا داگیر کراون، لە سەرەتای مانگی ئایارەوە لانی کەم ١٠٠ هەزار دونم دەخل و دان و ٣٦٠ دونم دار زەیتونیش سووتاون و بوون بە خۆڵەمێش.

ز.ش