دەوڵەتی تورک لە عەفرین ٧ کەسی رفاند کە دوانیان منداڵن

دەوڵەتی داگیرکەری تورک وەکو پیشەی هەموو جارێکی خۆی، لە عەفرین ٧ کەسی مەدەنی رفاند کە دوانیان منداڵن.

بە پێی ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە بەر دەستمان، گروپی چەتەکانی لیوای سەمەرقەند کە سەر بە دەوڵەتی داگیرکەر تورکە، کۆتایی هەفتەی رابردوو، لە گوندی مەزنی سەر بە ناوچەی شێراوا ٧ کەسی رفاندووە  کە دوانیان منداڵن.

ناوی ئەو کەسانەی رفێنراون بەم شێوەیەیە: ئەحمەد عەزیز و کورەکەی خالید عەزیز، عەبدولکەریم حەمادە و کوڕەکەی رێزان حەمادە، نزار شکری چیلۆ. بەڵام ناوی دوو لە منداڵە رفێنراوەکان نەزانرا.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەگەڵ گروپە چەتەکانی، بە بەراورد لەگەڵ ماوەی رابردوو، زیاتر خەڵکی مەدەنی دەرفێنن و ئامانجیش وەرگرتنی فیدیەیە.

رێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا-عەفرین رایگەیاند، ٣٠ حوزەیران لە گوندی دارگری سەر بە ناوچەی مەعبەدای عەفرینیش هەر یەک لە جەمال عومەر ئەلیکۆی ٢٨ ساڵان، سەبری ئەحمەد محمدی ٤٠ ساڵان، محێدین عەلیکۆی ٥٥ ساڵان و فیدانی دایکی، عەبدۆ محمد عەبدولای ٣٥ ساڵان و فاتیمەی دایکی، عەماد قادر حسێنی ٣٥ ساڵان و ئەمینەی دایکی رفێنران.

عەفرین و دەوروبەری لە مانگی ئازاری ٢٠١٨وە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیرکراوە. لە ناوچەکە بە شێوەیەکی سیستماتیک تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت و دەست بەسەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیە مەدەنیاندا دەگیرێت و بە تاڵان دەبرێت. لە ناوچە داگیرکراوەکان، "رژێمی تیرۆر" بونیاد نراوە.

لە گوندی رەجۆی سەر بە ناوچەی مەعبەداش، ٩ی حوزەیران ٨ کەسی دیکەی مەدەنی لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە رفێنربوون و داوای فیدیە لە کەسەکاریان کرابوو.

بە پێی چەند زانیاریەکیش کە لە کۆتایی مانگی ئایاردا راگەیێنران، لە ساڵی ٢٠١٨دا ١١ ژن، بۆ ماوەی ٢ ساڵ بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە دراون. ئەو ١١ ژنە کە بە مەبەستی وەرگرتنی فیدیە لە خانەوادەکانیان رفێنرابوون، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا لە کەسوکارەکانیان شاردرابوونەوە.

ز.ش