دەوڵەتی تورک لە گرێ سپی تەقەى لە ماڵی هاووڵاتییەک کرد و ٣ کەسی بریندار کرد

دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە گوندی عەلی باژلی لە گرێ سپیی داگیرکراودا هەڵیکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەک و لە کاتی هەڵکوتانەکەدا دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵەکە کرد و بەو هۆیەوە و بەلانیکەمەوە ٣ کەسیان بریندار کرد.

بەپێی زانیاریی سەرچاوە خۆجێیەکان، چەتەکانی لیوای ٢٠ ی سەر بە دەوڵەتى تورکی داگیرکەر لە گوندی عەلی باژلی لە گرێ سپی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی گەنج بە ناوی عەلی خەلیل هەنوش.

بنەماڵەى عەلی لە دژی چەتەکان وەستانەوە و رێگایان نەدا چەتە داگیرکەرەکان عەلی بڕفێنن.

چەتەکانى دەوڵەتی تورکی داگیرکەریش دەستڕێژی گولـلەیان لە ماڵەکە کرد و بەلانیکەمەوە ٣ کەسی ئەو بنەماڵەیەیان بریندار کرد.

ناوی ٢ کەس لە بریندارەکان تاوەکو ئێستا روون بووەتەوە و بریتین لە؛ ئیسماعیل خەلیل هەنوش و محەمەد عەلی هەنوش.

دوای ئەوەى چەتەکان تەقە  و ھێرشیان کرد، هاووڵاتییانى گوندەکە لە دژی چەتەکان راپەڕین و لە گوندەکەدا ئاڵۆزی روویدا و تاوەکو ئێستاش ئاڵۆزییەکە بەردەوامە.

ژ.ت