دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لە عەفرین ٣ هاوڵاتی کوردیان رفاند

رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین رایگەیاند، سوپای داگیرکەری تورک و چەتەکانی لە شاری عەفرین ٣ هاوڵاتی کوردی مەدەنیان رفاندووە.

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لە گوندی شێخۆکای سەر بە ناوچەی مەعبەدای عەفرین ٣ هاوڵاتی کوردی مەدەنی لە لایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکەوە رفێنراون.

بە پێی زانیاریەکانی ئەو رێکخستنە، ناوی هاوڵاتیە رفێنراوەکان بریتیە لە، محمد مەنان رەشۆ (٥٣ ساڵ)، محمد محمد رەشۆ (٥٩ ساڵ) و زەکی هەنا رەشۆ (٤٨ ساڵ) کە لە ئێستادا براون بۆ گوندی عەمارای سەر بە ناوچەی مەعبەدا.

رێکخستنی مافی مرۆڤی عەفرین هەروەها رایگەیاندووە، هاوڵاتی محمد محمد رەشۆ پێشووتر ٣ جاری تریش لە لایەن چەتەکانەوە رفێنراوە و هەموو جارێکیش بە فیدیە ئازاد کراوە.

لە لایەکی ترەوە رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین سەر لە بەیانی ئەمڕۆ رایگەیاندبوو، لە گوندی تەرمیشا لە ناوچەى شییەی عەفرین ٣ کوردی مەدەنی لەلایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورک (میت)ەوە رفێنراون و چارەنووسیان نادیارە.

ز.ش