دەوڵەتی تورک گورچیلەی گەنجێکی ڕۆژئاوای دزیوە

گەنجێکی خەڵکی دربێسی کە لەسەر سنوور لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بریندارکرابوو، براوەتە نەخۆشخانە و گورچیلەیەکی بە دزیەوە دەرهێنراوە.

باسل محەمەد نەزیر کە گەنجێکی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی دربێسی ڕۆژئاوای کوردستانە، دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئەوەی لەسەر سنوور لەلایەن سەربازانی تورکەوە بریندار دەکرێت، بە برینداری ئەشکەنجە دەدرێت و دەبردرێتە بارەگای سەربازی جەندەرمەکانی دەوڵەتی تورک لە مێردین و دوای ئەوەش دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی قۆسەر.

باسل لە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی بۆ دەکرێت و بۆ هاوکاریی خانەوادەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دربێسی، دوای گەڕانەوەی نەخۆش دەکەوێت و دیسان دەیبەنە نەخۆشخانە و دوای پشکنین، لەوێ بۆی دەردەکەوێت کە گورچیلەیەکی دەرهێنراوە.

باسل خۆی وەها باسی ئەو ڕووداوە دەکات: "کاتێک لە نەخۆشخانەی دەوڵەت لە قۆسەر بووم، لەژێر کۆنترۆڵی سەربازانی تورک نەشتەرگەریم بۆ کرا و گورچیلەی منیان دزی".

جێگای ئاماژەیە کە ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی سوریا، پێشتر دزییەکانی دەوڵەتی تورکی خستبووە ڕۆژەڤەوە و بانگی لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کردبوو لەسەر بابەتەکە لێکۆڵینەوە بکەن، هەروەها بانگەشەی لەو شێوەیە لەدژی دەوڵەتی تورک لەلایەن کۆچبەرانی سورییەوە، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی چووبوونە تورکیا زۆرجار کەوتبووە ڕۆژەڤەوە.

ف.ق