دەوڵەتی تورکیا بووە بە مۆتەکەى ئێزدییەکانی گوندی تل خاتوون

گوندی تل خاتوونی سەر بە ناوچەی تربەسپی، کە دانیشتوانەکی ئێزدین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بە ئامانج دەگیرێت و هێرشى دەکرێتە سەر. بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو گووندە کۆچیان کردووە.

گوندی تل خاتوون دەکەوێتە ١٠ کیلومەتریی باکووری تربەسپی. ساڵی ١٩٩٠ نزیکەی ١٠٠ بنەماڵەی ئێزدی لەو گوندەدا ژیانیان بە سەر دەبرد. ئەو گوندنشینانە بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، بەڵام بە هۆی ئەوەی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا رۆژانە زەوی و لەوەڕگەکانیان بۆردوومان و گولـلەباران دەکات، کەوتوونەتە دۆخێکى خراپی ئابوورییەوە. بەشێک لە گۆندنشینان بەرەوە ناوەندی تربەسپی کۆچیان کردووە و بە شەکەی دیکەش ناچاربوون بەرەو شارەکانی دیکەی هەرێمی جزیر کۆچ بکەن.

ئێستا تەنها ١١ بنەماڵە لە گوندی تل خاتووندا ژیان بەسەر دەبەن و گوندەکەیان بەجێ نەهێشتووە. ئەوانیش بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتى تورکیاوە بێزاربوون.

بە هۆی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ٢ هاووڵاتیی مەدەنیی ئەو گوندە ژیانیان لە دەست داوە. بەهۆی تەقینەوەی مینە چێندراوەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە سەرسنوورەکى ٣ هاووڵاتیى تر ژیانیان لە دەستداوە. ناوی ئەو گوندنشینانەی ژیانیان لە دەستداوە بریتین لە: خێرەدین حاجی شێخ موس، سولەیمان مەخسۆ، شوکرو کۆبۆ، میلۆ نەورۆز و برۆ ئیبراهیم.هەروەها حسێن ئەهۆ لە کاتی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیدا بە هۆی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بریندار بووە.

'هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموو رۆژێک ناوچەکە گولـلەباران دەکەن'

سولەیمان چۆلی یەکێک لە هاووڵاتییانى گوندی تل خاتوونە و وتی، دەوڵەتی تورکیا ڕیگە نادات گوندنشینان کارەکانی خۆیان بکەن، بە هۆی ئەوەش زۆربەی گوندنشینان ناچاربوون گوندەکەیان چۆڵ بکەن.

چۆلی لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتێشی، کاتێک ئێمە ئاژەڵەکانمان دەلەوەڕاند لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە گولـلەباران دەکراین.

ئەوەشی وت "هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا بە بێ هیچ هۆکاریک هاووڵاتییانی گوندەکە گولـلەباران دەکەن و تەقەمان لێدەکەن."

سلێمان چۆڵی ڕاشیگەیاند، نەک تەنها گوندەکەی ئەوان، بەڵکو گوندەکانی کەردیم، کێل هەسناک، مەلە عەباس و دێرنا قلنگا لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا ی داگیرکەرەوە بە ئامانج دەگیردرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر.

ر.م