دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین

سوپای داگیرکەری تورکیا ، چەتەکانی خۆی کە لە غوتەی و زۆر شوێنی دیکەی هەرێمەکانی سووریاوە هێناویە لە گوندەکانی عەفرین نیشتەجێیان دەکات.

پاش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیای داگیرکەر و چەتەکانییەوە، هەوڵەکانی ئەو هێزە داگیرکەرانە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین و دەرکردنی هاوڵاتیان لە شوێن و ماڵی سەدان ساڵەی خۆیان دەستیپێکرد، ئەو هێزانە بەردەوامن لە هەوڵدانیاندا.
دەوڵەتی تورکیا  بە ڕێککەوتن لەگەڵ ڕووسیا، چەتەکانی لە غوتەی ڕۆژهەڵات کشاندەوە و لە بەرامبەردا سوپای ڕوەسیا ئاسمانی عەفرینی بەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیادا کردەوە، سوپای تورکیا پاش داگیرکردنی عەفرین چەتە ڕاکردووەکانی غوتەی ڕۆژهەڵاتی لە عەفرین جێگیرکرد و ئێستاش بەردەوامە لەو هەوڵدانەیدا.
بەگوێرەی زانیارییە هەرێمییەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە گوندی مێریکانی سەربە عەفرین ١١ بنەماڵەی عەفرینی لە ماڵەکانیان دەرکراون و لە جیاتییان چەتەکان و بنەماڵەکانیان جێگیرکراون.