دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ

پارێزەر محەمەد خەلیل ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین بەردەوامە لە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و ئەوانیش ئەو تاوانانەی جەنگیان کردووەتە بە بەڵگە و دیکۆمێنت. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەو تاوانەیان بەڵگە و دیکۆمێنت کردووە و گەیاندووەتە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.

دەوڵەتی تورکیا و گروپی چەتەکانیان لە عەفرین هەموو ڕۆژێک تاوانی جەنگ و تاوان دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام دەدەن. دەوڵەتی تورکیا گروپی چەتەکانیان، لە عەفرین، هەموو ڕۆژێک گەل تاڵان دەکەن، دزی دەکەن، هاووڵاتییان دەڕفێنن. هەتا ئێستا سەدان کەسیشیان کوشتووە.

هاوسەرۆکی دەستەی مافەکانی مرۆڤ لە عەفرین محەمەد خەلیل پاش داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، ناچار بوو کە لەگەڵ خەڵکی عەفرین بەرەو هەرێمی شێراوا کۆچ بکات و عەفرین بە جێبهێڵێت.

محەمەد خەلیل لە هەرێمی شێراوا بە دیلی کەوتە دەست چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا و داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا، ئێستا سەربووردەی کاتی دیلێتی خۆی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) دەگێڕێتەوە. محەمەد خەلیل ڕایگەیاند، کاتێک شەڕی ناوخۆ لە سووریا دەستیپێکرد، عەفرین بووە ماڵی هەموو پەنابەرانی سووریا و وتیشی "بۆئەوەی خاکەکەیان بپارێزن، هاووڵاتییان مافەکانی خۆیان بەکارهێنا".

لەکاتی شەڕدا گەلی سووریا نەپارێزرا

محەمەد خەلیل ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی دەستپێکردنی شەڕدا لە سووریا چەندین پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ ئەنجامدران. دەوڵەت لە دژی هێرشەکان، پارێزگاریی لە گەل نەکرد. گەلی عەفرین بۆ پاراستنی خاکی خۆی، لەلایەنی سەربازیی و سیاسییەوە خۆی بە ڕێکخستن کرد و وتی "کاتێک لە سووریا ئاژاوە دروست بوو، عەفرین بۆ چەندین پەنابەر بووە ماڵ و پەناگەی پەنابەرانی سووریا و هەزاران پەنابەر لە عەفرین جێگیر بوون".

وتیشی "ئێمەش لە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤەوە، بۆ ئەوەی بارودۆخەکە ڕووماڵ بکەین، خۆمان گەیاندە هەرێمەکە. لە هەرێمی عەفرین چەندین ساڵ بوو، ئێمە ڕووماڵی بارودۆخی پەنابەرانی سوریامان دەکرد. کاتێک هەڕەشە لە عەفرین دەکرا، هەوڵماندا ئەو هەڕەشانە نەبنە هێرشی داگیرکاریی. بەڵام ڕژێمی سووریا و هەموو دەوڵەتانی نێونەتەوەییش، ڕێگەیان بە تورکیا دا کە هێرش بکاتە سەر عەفرین".

تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتیی کراون بە بەڵگە و دیکۆمێنت

محەمەد خەلیل دەستنیشانی کرد، بە دەستی هەندێک دەوڵەت لە سووریا عەفرین داگیرکراوە و کاتی داگیرکارییەکەش، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیی ئەنجام دراون و وتیشی "لەم هەرێمە چەندین مافی مرۆڤ پێشێل کراون و ئەوەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجام دراوە. لەو هێرشانەدا هەمیشە ئەو شوێنانە کراونەتە ئامانج کە هاووڵاتییانی مەدەنییان تێدا دەژی. ناوەندی ئاوی خواردنەوە و کارەبا کراونەتە ئامانج. شوێنەکانی گەل تاڵان کراون. فکری سەلەفیەت لە هەرێمەکە بە زۆر دەسەپێندرێت. هاووڵاتییانی مەدەنی کوژراون. هێرشیان کردووەتە سەر نەخۆشخانەی ئەڤرین. هەروەها گازی قەدەغەکراوی کلۆریان بەکارهێناوە دژ بەو شوێنانەی کە هاووڵاتییانی مەدەنییان تێدا نیشتەجێیە. تەواوی ئەو تاوانانەش، بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ژنێڤ، تاوانی جەنگن".

محەمەد خەلیل جەختی لەوە کردەوە، کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ بۆ دڵنیابوون لە تاوانەکانی شەڕ ٧ کۆمیتەیان دروست کردووە، ڕاپۆرت و بەڵگەیان دەربارەی تاوانەکانی جەنگ ئامادە کردووە. ئەو ڕاپۆرت و بەڵگانەیان بۆ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بوارى مافەکانى مرۆڤ و دادگای مافەکانی مرۆڤ لە ئەوروپا ئامادەکراون. محەمەد خەلیل وتیشی "نزیکەی ملیۆنێک کەس، بەهۆی نەبوونی ئاسایش لەسەر ژیانیان، لە عەفرینەوە بەرەو ناوچەی شێراوا کۆچیان کرد".

"١٤ ڕۆژ ئێمە لەژێر زەوی لە زینداندا ماینەوە"

محەمەد خەلیل ڕاشیگەیاند، پارێزەرانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان ناچار مابوون لەگەڵ خەڵکی عەفرین بەرەو شێراوا کۆچ بکەن و وتیشی "ئێمە پێمان وا نەبوو کە دەوڵەتی تورکیا دێتە شێراوا و داگیری بکات، بەڵام هێرشیان کردە سەرمان و من بریندار بووم. بردمیانە ئیدلیب. لەسەر زەوی لە نەخۆشخانە نەشتەرگەرییان بۆ کردم. پاشان بردمیان بۆ زیندان. زیندانیش لە ژێر زەویدا بوو. ماوەی ۱۴ ڕۆژ منیان لەوێ هێشتەوە، پاشان بە چاوی بەستراوەوە بردیانم بۆ لێپرسینەوە".

وتیشی "لە لێپرسینەوەدا پێیان وتم 'تۆ پارێزەریت. لە کۆمسیۆنی لێپرسینەوەی ئاسایشدایت. هاوسەرۆکی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤی عەفرینیت کە لەم قۆناغەدا، دژ بە دەوڵەتی تورکیا چەندین ڕێپۆرتاژیان ئەنجام داوە'. هەروەها پێیان وتم، من لە لێدوانێکمدا بۆ ڕۆژنامەی (Caryusif) میسریی وتوومە کە تورکیا داگیرکەرە".

ساڵی ۲۰۱۸ نزیکەی ۲۰ ڕۆژنامەوان و چالاکوان کوژراون

پارێزەر محەمەد خەلیل ڕوونیکردەوە، پاش لێپرسینەوە لەگەڵیدا دیسان گەڕاندوویانەتەوە بۆ زیندان و دەڵێت، هەمیشە گوێی لە هاواری زیندانیەکان بووە کە ئەشکەنجەیان داون. محەمەد خەلیل دەستنیشانیشی کرد، ئەشکەنجەیان بەسەر زیندانیان دەسەپاند و زیندانیانیان ناچار دەکرد کە لەیەکتر بدەن و وتیشی "هەموو شتێک قەدەغە بوو. هەمیشە هەڕەشەیان لێدەکردین. پێیان دەوتین 'ئێوە لایەنگری ڕژێمی سووریان و دژ بە شۆڕشی سووریان'. ئێمەش دەمانوت کە ئێمە پارچەیەکین لە سووریا، دژ بە هێرشەکانیش خۆمان بە ڕێکخستن کردووە و هەرێمەکانی خۆمان پاراستووە. ماوەی دوو مانگ من لە زینداندا مامەوە. لەو ماوەیەدا چەندین ناخۆشیی و زەحمەتیمان بینی. هەموو ڕۆژێک هەڕەشەیان لێدەکردین و پێیان دەوتین کە ئێمە ڕادەستی تورکیا دەکەن".

محەمەد خەلیل جەختی لەوە کردەوە، ئەو پەیامنێر و ڕۆژنامەوان و چالاکوانانەی کە ڕاستییان بڵاودەکردەوە، هەمیشە دەبوون بە ئامانجی هێرشەکان و ئاشکراشیکرد کە تەنها لەم ساڵدا نزیکەی ۲۰ چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ و پەیامنێر و ڕۆژنامەوان کوژراون.

دەربارەی ئازادبوونی لە زیندان، محەمەد خەلیل وتی "پاش ئەشکەنجەی زۆر لە زیندان، بردمیانە ناوچەیەک و ئازادییان کردم. لە شێراوا هاووڵاتییەکی مەدەنی بە هانامەوە هات و ڕزگاری کردم".

گەلی عەفرین یەکگرتوون و خۆیان بەڕێکخستن کردووە

محەمەد خەلیل ڕاشیگەیاند، کەلەپچەی ئاسنیان بە قاچیەوە بەستبوو، زۆری لەخۆی کردووە و بە درێژایی چوار کیلۆمەتر ڕێگەی بڕیوە و پاشان هاووڵاتییەکی مەدەنی بە هاناییەوە هاتووە و ڕزگاری کردووە.

وتیشی "گەلەکەمان هەتا ئێستا ڕووبەڕوو بووە لەگەڵ هێرشەکاندا، کۆچەر دەبوو. ئەوەش یەکەم جار بوو کە گەل ببێتە خاوەنی کیانێکی خۆی و ببێتە خاوەنی ڕێبەرایەتیی خۆی. سەرەڕای هەموو دژوارییەکان و هەژاریی و هێرش لەسەریان، گەلەکەمان هێشتا یەکگرتوون، هێشتاش بە هەزاران مرۆڤ بۆ مافەکانی خۆیان چالاکی دەکەن".

لەبەرئەوە ئەم گەلە باوەڕی بە هێزی خۆی و بە ئازادیی خۆی و ڕێبەرەکەی هەیە. ئەمە گەلە باوەڕی بە ئامانجی ئازادکردنی عەفرین هەیە. ئێمە پارچەیەکین لە سووریا و یەکێتیی سووریا و باکووری سووریامان پاراستووە، بەڵام مافە سیاسی و کلتووری و کۆمەڵایەتیەکانمان هەیە. گەل ئەو مافەی هەیە کە ببێتە خاوەنی کیانی سیاسیی. بەو کیانە سیاسیەش، لەگەڵ هەموو گەلانی سووریا، دەبێت کۆنگرەی نیشتمانیی سووریا ببەسترێت و قەیران بە ڕێگەی سەربازیی چارەسەر نەکرێن، بەڵکو بەڕێگەی سیاسی قەیرانەکان چارەسەر دەکرێن".

ر.م