دەوڵەتی تورکیا لەعەفرین چەتەکانی خۆی تەسفیە دەکات

ڕاگەیەنرا، دەوڵەتی تورکیا بۆ تەسفیەکردنی چەند گروپێکی چەتەی خۆی لەعەفرین دەستی کردووەتە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ولەنێوان سوپای تورکیا وچەتەکاندا شەڕهاتووەتە ئاراوە.

سوپای تورکیا دەستی کردووە بە تەسفیەکردنی چەند گروپێکی چەتە لەعەفرین کە گوێڕایەڵی فەرمانەکانی دەوڵەتی تورکیا نابن. بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی هەواڵی فورات لە ناوچەکە دەستی کەوتووە، سوپای تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆن لەدژی چەتەکانی ئەحراری شەرقیە وحوراس ئەدین کردووە.

سەرچاوە هەرێمییەکان ڕایانگەیاندووە، گروپە چەتەکان کە لەلایەن دەولەتی تورکیاوە ئەرکیان پێ سپێردراوە لە دوێنێوە ڕێگە سەرەکییەکانی ناوعەفرینیان گرتووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆن دەستی پێکرد.

بەپێی زانیارییەکان، لەگەڕەکی ئەشرەفیە لەنێوان عەفرینی کۆن و نوێ شەڕ ڕوویداوە و لەشەڕەکەدا چەکی دۆشکە، تانک و چەکی سوک بەکارهاتووە.هەروەها لە کاتژمێرەکانی بەرەبەیانییەوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سیخوڕی بەسەرئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە و تیمی تایبەتی سوپای تورکیا لەسەربانی ماڵان جێگیربوون.

دەوڵەتی تورکیا لەناوشاری عەفرین قەدەغەی هاتووچۆی راگەیاندووە.

ک-ش