دەوڵەتی تورکیا چەتەکانی سوریا ڕەوانەی ئازەربایجانیش دەکات

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ناوچەی ئیدلبی داگیرکراوەوە ئاشکرایکرد، کاروانێکی دیکەی چەتەکانی سوریا لەلایەن تورکیاوە ئامادەکراون بۆ ناردنیان بۆ ئازەربایجان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆردا.

ئاژانسی هاوارنیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ئیدلب چەتە و هەڵگەڕاوەکان و سەربازانی تورک ئامادەکراون بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتی ئازەربایجان بۆ ململانێ بەردەوامەکانی ئەرمینیا و ئەو وڵاتە.

پێشتر خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری دەوڵەتی تورک ڕایگەیاندبوو، پاڵپشتی لایەنی ئازەربایجان دەکەن لە شەڕی دژ بە ئەرمینیا، هەروەها ئەو وەزارەتە ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەفسەرانی تورک ڕەوانەی خاکی ئازەربایجان کراون، بە وتەی چەند سەرچاوەیەکیش لە دوای کۆتاییهاتنی جەژنی قوربان چەتە و هەڵگەڕاوە سورییەکان دەنێردرێنە ئەو وڵاتە و لە بەرامبەر پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر چەتەیەک.

لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوەوە ئەرمینیا و ئازەربایجان کێشەکانیان لەسەر کۆنترۆڵکردنی چیای قەرەباغ سەریهەڵداوە کە دەکەوێتە سنووری هەردوو وڵاتەوە، هەفتەی ڕابردووش دوو سەربازی ئازربایجان و سەربازێکی ئەرمینیا لەسەر سنوورەکە کوژران.

ف.ق