دەوڵەتی داگیرکەر خەڵکی مەدەنی دەکاتە ئامانج

دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسا هێرشی کردە سەر خەڵکی مەدەنی. بە هۆی هێرشەکەوە زیانێکی زۆری مادی بە رخانوو و زەوی و زاری کشتوکاڵی هاوڵاتیانی ناوچەکە کەوت.

لەم قۆناغەدا کە جیهان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تێدەکۆشێت و لە هەوڵی بەرگری و بڵاونەبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە کوشتندەیەدایە، بەڵام دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک بەردەوامە لەسەر هێرشە نەگریسەکانیدا بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

لە گوندەکانی گرێ سپی و عەین عیسا، بە مەبەست خەڵکی مەدەنی دەکرێتە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشێکی داگیرکەران بۆ سەر گوندەکانی ئەو ناوچانە، زیانێکی زۆری ماددی بەر خانووی هاوڵاتیان و زەوی و زاری کشتوکالی گوندنشینانی ناوچەکە کەوتووە.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئێوارەی رۆژی ٤ی ئایار گوندی زەنوبیای سەر بە گرێ سپی بوردومان کرد و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆری مادی بەر خانوو و زەوی و زار و بەروبوومی کشتوکاڵی ناوچەکە کەوت.

دانیشتوانی گوندی زەنوبیا رایدەگەیێنن کە بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک، ئەوان بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان.

محمد ئەحمەد کە بەرهەمە کشتوکالیەکانی زیانێکی زۆری بەرکەوتووە دەڵێت:" دەوڵەتی تورک بەردەوام گوندەکەمان بوردومان دەکات. ئێمە خەڵکێکی مەدەنین لەم گوندە. لەم گوندەدا چەندین ماڵ هەن و خەڵکی مەدەنی تێدا دەژین. بەردەوام هێرشمان دەکاتە سەر و زیانێکی زۆر بەر بەرهەمی کشتوکاڵی و زەویەکانمان دەکەوێت. ئێوە خۆتان بارودۆخەکە دەبینن."

فاتما ئەحمەدیش کە یەکێکی دیکەیە لە دانیشتوانی ئەو گوندە دەڵێت، ئیمە نازانین دەوڵەتی تورک چی لە ئێمە دەوێت کە هێرش دەکاتە سەرمان، ئێمە نازانین چیبکەین. ناو گوندەکە تۆپباران دەکات. خانووەکانمان دەکرێنە ئامانج. لە ترسان رادەکەین و لەماڵ دەردەچین. لەم مانگی رەمەزانەشدا هێرشەکانیان بەردەوامن. ناهێڵن لە ماڵەکانیشمان بە ئارامی دانیشین."

ز.ش