رازاوەیى و جوانیى رۆژئاوا؛ گردی عەین دیوار

گردی عەین دیوار (عەندیوەر) لە رۆژئاواى کوردستان یەکێکە ناسراوترین شوێنەکانى ئەو بەشەى کوردستان، چونکە جوانى و رازاوەییەکەى ناوبانگێکى دێرینى هەیە.

گردی عەین دیوار (عەندیوەر) لە رۆژئاواى کوردستان یەکێکە ناسراوترین شوێنەکانى ئەو بەشەى کوردستان، چونکە جوانى و رازاوەییەکەى ناوبانگێکى دێرینى هەیە.

گردی عەین دیوار (عەندیوەر) لە رۆژهەڵاتى رۆژئاواى کوردستان و لە سێگۆشەى باکوور، باشوور و رۆژئاوادایە. بە سروشتە  دەوڵەمەند و جوانەکەیەوە بووەتە یەکێک لە رازاوەترین ناوچەکانى رۆژئاواى کوردستان.

لە عەین دیوارەوە ناوچەى جزیرا بۆتانی باکوورى کوردستان بە باشى دەبینرێت. هەروەها ناوچە سنوورییەکانى باشوورى کوردستانیشی بە باشی لێوە دەبینرێت.

کاتێک گەیشتینە عەین دیوار چووین بۆ سەر رووباری دیجلە و جزیرا بۆتان. هاووڵاتیان ئاگاداریان کردینەوە، ئەگەر زۆر لە سنوور نزیک بینەوە، سەربازانى دەوڵەتى تورکیا دەستڕێژى گولـلەمان لێدەکەن.

ئاوى رووبارى دیجلە بە هەموو جوانییەکەییەوە لرفەی دێت. شوێنێکى ئەوەندە جوانە، کە هەر کەس بۆ جارێک بێتە ئەم ناوچەیە، بە دڵنیاییەوە دەبێت سەردانێکى بکات و بیبینێت. هەروەها چیاى جودی لە مرادا دەبینرێت و ئەوەش وایکردووە، هەر کەس بچێتە ئەوێ، وەک ئەوەى بچێت بۆ تەواف سەردانى دەکات.

عەین دیوار یەکێک لەو شوێنانەیە، کە گەلی رۆژئاواى کوردستان بە زۆری سەردانى دەکەن. هۆکارێکی ئەو سەردانە بەردەوامەش ئەوەیە، کە سێگۆشەی باکوور، رۆژئاوا و باشوورە و لەوێدا ئەو سێگۆشەیە دەگەنەوە بە یەک. زۆر ناوچەى تری جوان و رازاوە لە رۆژئاواى کوردستاندا بوونیان هەیە، بەلام بینیى عەین دیوار شتێکى ترە. ئەو سنوورانەى کە لەیەکتر جیاکراونەتەوە، لێرە یەک دەگرنەوە و کوردستان دەبێتەوە بە یەک.

گردی عەین دیوار یەکێکە لەو شوێنانە، کە ئەگەر بۆ جارێکیش بێت دانیشتوانى رۆژئاوا سەردانى دەکەن.

لە کاتى رژێمى بەعسدا بە ئەنقەست بنکەیەکى سەربازیى تێدا دروستکرابوو تاوەکو هاووڵاتییان نەتوانن سەردانى شوێنى یەکگرتنەوەى خاکى کوردستان بکەن، بەڵام سەربارى ئەوەش هەر خەڵک دەچوون بۆ کوێستانەکانى دەورووبەرى عەین دیوار.

رەنگە بۆ کەسانێک کە لە دەرەوەى رۆژئاوا، سەردانى گردی عەین دیوار ئاسایى بێت، بەڵام تەنها ئەوە خەڵکی رۆژئاواى کوردستانە، کە بە روونى دەزانێت عەین دیوار هەڵگری چ مانا و گرنگییەکی تایبەت و شاراوەیە.

ر.م