رێکخراو و رێکخستنە ئێزدییەکان هێرشەکەی سەر خانەسووریان شەرمەزار کرد

چەندین رێکخراو رێکخستنی ئێزدییەکان هێرشی ئاسمانی سوپای تورکی داگیرکەریان بۆ سەر ناوچەی خانەسووری شەنگال، بە توندی شەرمەزار کرد و راگەیێنراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

هەریەک لە ناوەندی یەکێتی کۆمەلەی ئێزدییەکان و چەتری ئەنجومەنی ژنانی ئێزدی و ئەنجومەنی شەنگالی دەرەوەی وڵات و یەکێتی ئێزدییەکانی سوریا و یەکگرتنی گەنجانی ئێزی و ناوەندی چاندی ئێزدیخان و کۆردیناسیۆنی ئەنجومەنی گوندەکانی باکور، هێرشەکەی سوپای تورکی داگیرکەریان بۆ سەر ناوچەی خانەسوور شەرمەزار کرد.

'کۆمەڵگای نێودەوڵەتی خۆی بێدەنگ کردووە'

رێکخراو و رێکخستنە ئێزدییەکان بە راگەیێنراوێکی هاوبەش سەرەڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکەی ئەمڕۆی خانەسوور، باسیان لە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک کرد و رایانگەیاند وەک ئاشکرایە سوپای دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک هەفتەیەک بەر لە ئێستا شەنگالی بۆردومان کردبوو، رای گشتیی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەم کریارە بێدەنگ بوون و ئەمرۆش جارێکی دیکە دەوڵەتی تورک شارۆچکەی خانەسووری شەنگالی بۆردومان کردەوە.

'خەڵکی مەدەنی کران بە ئامانج'

رێکخراو و رێکخستنە ئێزدییەکان هەروها ئاماژەیان بەوەش کردووە کە فڕۆکە بێ فڕۆکەکانی سوپای تورک خانوی کەسانی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و چەندین برینداری لێکەوتووەتەوە و دەڵێن: " دەوڵەتی تورک بە پێشەنگیی رژێمەکەی ئەردۆغان-ئاکەپە و بە یارمەتی چەتە ئیسلامییەکانی وەکو داعش، عەفرین و رۆژئاوایان داگیر کردووە و ئێستاش روویان کردووەتە شەنگال. دەوڵەتی تورک بە ناوی ئیسلامەوەو بە هزرێکی نەژادپەرەست خاکی کورد بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی، داگیر دەکات و لەهەوڵی گۆڕینی مێژووکەیدایە و دەڵێت 'نەخشەی عوسمانییەکان زیندوو دەکەمەوە' و خۆی وەکو خەلیفە یان پەیامبەری نوێ ناو دەبات و لە هەوڵی ئەوە دایە بە پشتیوانی شەریعەت و لە سەر بنچێنەی زۆرداری و پیاوسالاری، بە یارمەتی هاوکارەکانیی وەکو داعش، دەوڵەتێکی توندڕەوی ئیسلامی دروست بکات.

'بڕیاری خۆسەری بۆ ئێزدی و سریانییەکان پێویستە جێبەجێ بکرێت'

لە راگەیێنراوەکەدا هەورها بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەورۆپا و ئەمریکا بەرامبەر بەو کردەوانەی دەوڵەتی تورکی فاشی، بە توندی شەرمەزار کراو جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە یەکێتی ئەوروپا بریاری "خۆسەری ئێزدی و سریانی لە دەشتی نەینەوا' جێبەجێ بکات کە لە (٤/٧/٢٠١٨) دەری کردبوو.

هەروها بانگ لە کۆمەڵگای ئێزدییەکان و گشت مرۆڤایەتی کرا کە بێدەنگ نەمێنن و بڕژێنە ناو شەقام و ئەمڕۆ رۆژی یەکێتی ئێزدییەکانە، بۆیە پێویستە هەموو ئێزدییەکان خاوەنداریێتی لە نرخ و کەلتور و دین و خاکی خۆیان بکەن.

ز.ش