رێکخراوەکانی عەفرین بۆ یەکێتی نەتەوەیی بانگەوازیان کرد

"ئەمساڵ دەکەین بە ساڵێکی مێژوویی بۆ دۆزی کورد. با ببێت بە ساڵی یەکێتی و سەرکەوتن. با شەڕی براکوژی لەبیر بکرێت. سەرکەوتن لە رێگای یەکێتیەوە بەدی دێت، بە تایبەت لە چوارچێوەی بەڵێنی دیاریکردنی چارەنووس بۆ دواڕۆژی گەل."

لە ناوچەی ئەحرەزی شەهبا، نوێنەری هەر یەک لە رێکخراوەکانی خانەوادەی شەهیدان، کەمئەندامان و زیندانیان بۆ یەکێتی نەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بانگەوازیەکیان بڵاو کردەوە.

بەیاننامەکە لە لایەن نەریمان سیدۆ ئەندامی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵایەتی و گیڤارا شۆڕش ئەندامی رێکخراوی کەمئەندامانەوە خوێندرایەوە.

لە بەیاننامەکەدا بانگەوازیەکەی ئەم دواییەی عەبدولا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد بۆ یەکێتی نەتەوەیی، بە بیری هێزە کوردیەکان هێنرایەوە.

رێکخراوەکان بۆ یەکێتی هێزەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بانگەوازیەکیان ئاڕاستەی بزوتنەوەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک (تەڤ-دەم) و ئەنجومەنی نشتیمانی کورد (ئەنەکەسە) کرد کە بە سەرپەرەشتی مەزلوم عەبدی فەرماندەی قەسەدە هەوڵ بۆ یەکڕێزی  کورد بدەن.

لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر داگیرکاری دەوڵەتی تورک و ئاماژە بەوەش کرا کە پارتە سیاسیەکانی کورد لە قۆناغێکی مێژوویدان و مانەوە و لەناوچوون، لە ئەنجامی یەکگرتندا یەکلایی دەبێتەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:" دوژمن هەمیشە پارچەبوونمان بەکار دەهێنێت. دەبێت هەموومان یەک جەستە بین، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان و گەلەکەمان و خاکەکەمان لە بەرامبەر دوژمن بپارێزین.

ئێمە وەکو رێکخراوەکانی کەمئەندامان، ئەنجومەنی کەسوکاری شەهیدان-ی هەرێمی عەفرین و هەموو زیندانیانی ناو بەندیخانەکانی فاشیزمدا، هیوادارین ئەم هەوڵانە بۆ یەکگرتن و یەکێتی ئەنجامێکی ئەرێنی بەدوای خۆیدا بهێنێت."

رێکخراوەکان هاوکات رایانگەیاند، ئازادی و سەربەخۆبوون بە بێ یەکێتی سیاسی و سەربازی بەدی نایەت و ئەوەی دەستکەوتەکان دەپارێزێت، یەکێتیە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەشد هاتووە: ""ئەمساڵ دەکەین بە ساڵێکی مێژوویی بۆ دۆزی کورد. با ببێت بە ساڵی یەکێتی و سەرکەوتن. با شەڕی براکوژی لەبیر بکرێت. سەرکەوتن لە رێگای یەکێتیەوە بەدی دێت، بە تایبەت لە چوارچێوەی بەڵێنی دیاریکردنی چارەنووس بۆ دواڕۆژی گەل."

ز.ش