زانكۆكانی ڕۆژاڤا كۆنفڕانسی خوێندنی باڵا ساز ده‌كه‌ن

زانكۆ و ئه‌كادێمیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ڕۆژانی ١٩-٢٠ی تشرینی یه‌كه‌م\٢٧-٢٨ی ڕه‌زبه‌ر كۆنفڕانسێك ساز ده‌كه‌ن و خوێندنی باڵا هه‌ڵده‌سه‌نگێنن.

 زانكۆ و ئه‌كادێمیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا، كۆنفڕانسێك ساز ده‌كه‌ن و خوێندنی باڵا، كێشه‌كان له‌ بواری خوێندنی باڵا و سیسته‌می ئه‌زموونه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێنن. كۆنفڕانسه‌كه‌ له‌ لایه‌ن زانكۆی ڕۆژاڤا، زانكۆی كۆبانێ، زانكۆی عه‌فرین و ئه‌كادێمیای میزۆپۆتامیا له‌ ڕۆژانی ١٩-٢٠ی تشرینی یه‌كه‌م\٢٧-٢٨ی ڕه‌زبه‌ر له‌ بینای زانكۆی ڕۆژاڤا له‌ قامیشلۆ ساز ده‌كرێت. مامۆستای كۆلێژی وێژه‌ی زانكۆی ڕۆژاڤا ئارام حه‌سه‌ن و مامۆستای كۆلێژی ژنۆلۆژی له‌یلا ئه‌هم له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) دوان.

مامۆستا ئارام حه‌سه‌ن گوتی، هه‌ر زانكۆیه‌كی باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا خاوه‌نی سیسته‌مێكی سه‌ربه‌خۆی ئه‌زموونه‌كان و فێركارییه‌. ده‌مانه‌وێت له‌ بواری خوێندنی باڵادا چه‌ند بابه‌تێكی بنه‌ڕه‌تی ڕوون بكه‌ینه‌وه‌ و بگه‌ینه‌ خاڵێكی هاوبه‌شی هه‌موو زانكۆكان. ناوبراو هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد، «بۆ ئه‌وه‌ی سیسته‌مه‌جیاوازه‌كان له‌ژێر چه‌ترێكدا یه‌ك بگرن، ئه‌م كۆنفڕانسه‌ به‌ پێویست بینرا. له‌ هه‌مان كاتدا سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو زانكۆیه‌ك وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.»

ئه‌و مامۆستایه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، له‌ بری سیسته‌می له‌به‌ركردنی وانه‌، كار له‌سه‌ر مۆدێلێكی په‌روه‌رده‌ ده‌كه‌ن كه‌ پشت به‌ زانست و شرۆڤه‌كاری ده‌به‌ستێت.

«ڕێبازێكی فێركاریمان ئافراند كه‌ پشت به‌ هێزی شرۆڤه‌ ده‌به‌ستێت، ئه‌مه‌ش ئه‌لته‌رناتیڤی سیسته‌می ئه‌زموونه‌كانه‌. ده‌مانه‌وێت ئه‌م ڕێبازه‌ پته‌وتر بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمیتانه‌ی كه‌ هه‌مانن، چه‌ند كۆمیته‌یه‌كی دیكه‌مان دامه‌زراندووه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌. ١٩-٢٠ی تشرینی یه‌كه‌م\٢٧-٢٨ی ڕه‌زبه‌ر كۆنفڕانسه‌كه‌مان به‌ڕێوه‌ده‌چێت. له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رانی زانكۆكان، فێركاران، فێرخوازان و نوێنه‌رانی ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئاماده‌ ده‌بن.»

ئامانج دروستكردنی سیسته‌مێكی هاوبه‌شه‌

له‌یلا ئه‌هم مامۆستای كۆلێژی ژنۆلۆژی باسی له‌وه‌ كرد له‌ ڕۆژئاوای كوردستان، باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا پێویستی به‌ مۆدێلێكی هاوبه‌شی فێركاری هه‌یه. گوتی: «ئامانجی كۆنفڕانسه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سیسته‌مێكی هاوبه‌ش بۆ زانكۆكانی ڕۆژاڤا دابنێین. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان زانكۆكان هه‌بێت، چونكه‌ هه‌ر زانكۆیه‌ك خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی خۆیه‌تی.»

ژنۆلۆژی؛ زانستێكی نوێ

ئه‌م مامۆستایه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كردنه‌وه‌ی كۆلێژی ژنۆلۆژی له‌ ساڵی ڕابردوودا گه‌شه‌كردنێكی نوێیه‌ له‌ جیهاندا. له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی: «له‌ ته‌واوی جیهان به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین كۆلێژی ژنۆلۆژییه‌ هه‌م له‌ ئاستی گه‌له‌كه‌مان و هه‌م له‌ ئاستی گه‌لانی دیكه‌ سه‌رنج ڕاده‌كێشێت. ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانستێكی نوێیه‌. ژنۆلۆژی كه‌ به‌ مانای زانستی ژن دێت، هه‌وڵ ده‌دات كێشه‌كانی ژن و ئه‌و مێژووه‌ی كه‌ له‌بیربراوه‌ته‌وه‌ بخاته‌ڕوو. كاتێك مرۆڤ ئه‌مه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چۆن بتوانێت پێشه‌نگایه‌تی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ بكات و به‌ ئه‌رك و ڕۆڵی خۆی هه‌ستێت.»

s.m