زانکۆى کۆبانێ خەونێک بوو؛ ئەویش هاتەدی

لە کۆبانێ بە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە چەندین خەون و خولیا دروستبوون. خوێندکارانیش خەونى پێشخستنى کەرتى پەروەردەیان  بوو. ئێستا بە کردنەوەى زانکۆى کۆبانێ یەکەم هەنگاوى هاتنەدیى ئەو خەونە بەدیهات.

سەرەتاى ئەو خەونانە بە دامەزراندنى رێکخراوى زمانى کوردی و دواتر دامەزراندنى ئەکادیمیاى ڤیان ئامار و پەیمانگە بۆ بەشە جۆراجۆرەکان و راهێنانى مامۆستایان دەستیپێکرد و هەنگاو بە هەنگاو خەونى خوێندکاران هاتنەدی.

دامەزراندن و کردنەوەى زانکۆى کۆبانێ خەونێک بوو. چونکە بەهۆی قەیرانە زۆرەکان لە سوریادا چوون بۆ زانکۆ بۆ زۆر کەس و زۆرێک لە خوێندکارەکان زۆر قورس بوو. ئەو قورسییە بۆ خوێندکارانى کۆبانێ دوو قات و سێ قات بوو. پێشتر خوێندکارانى کۆبانێ بۆ خوێندن دەچوون بۆ چەندین شاری سوریا و ئەوەش بۆ ئەوان زۆر قورس بوو.

رۆژی ٣٠ى ئەیلولی ٢٠١٧ زانکۆى کۆبانێ کرایەوە و ١٠ کانوونی یەکەم بە شێوەى فەرمی دەستکرا بە ئەنجامدانى سمینارى جۆراوجۆر و ساڵێک دواتر ٢ کۆلێژ کرایەوە. کۆلێژی زانیاری بنەڕەتى بۆ بەشەکانى فیزیا، کیمیا و بیرکاری و کۆلێژی وێژەى کورد بۆ بەشەکانى زمان و وێژەى کوردی دەستى بە پرۆسەى خوێندن کرد.

دکتۆر کەمال بەسراوی هاوسەرۆکى زانکۆى کۆبانێ لەوبارەیەوە وتى "ساڵی رابردوو ژمارەى خوێندکارەکانمان کەم بوون و سەرباری کەمبوونى دەرفەتەکان بۆ پەروەردە دیسانەوە پرۆسەى خوێندنی سەرکەوتوانە بەڕێوەچوو".

بەسراوی وتیشی "لە ساڵی نوێى خوێندندا ئامادەکارییان تەواوکردووە و ٢ بەش بە کۆلێژەکان زیادکراون و ئەو بەشانەش بەشی بایۆلۆژی و وێژەى عەرەبییە. ئەو بەشە (بەشی وێژەى عەرەبی) لە گرێ سپى کراوەتەوە و سەر بە زانکۆى کۆبانێ-یە".

دکتۆر بەسراوی لەبارەى قورسیى دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندن وتى "کردنەوەى زانکۆکە لە هەموو روویەکەوە قورس بوو. لە شێوازى بەڕێوەبردنەوە بگرە تاوەکو رێکخستنى کاروبارەکانى خوێندن. بە تایبەتى لە بواری راهێنان و کادێرى بە ئەزمووندا، کە خاوەنى پلەى دکتۆرا و ماستەر بن کێشەمان هەبوو، هەندێکجار بۆ ئەوەى پرۆسەی خوێندن رانەوەستێت و خوێندکاران لە خوێندن دانەبڕێن بە ناچار سوود لە هەندێک مامۆستا وەردەگرین کە ئاستى ئەزمونیان لە ئاستى دکتۆرا و ماستەردا نییە. دیسانەوە کەلوپەلەمان بۆ تاقیگە و بەشە زانستییەکان کەمە و کەلوپەل و کەرەستەمان بە قورسی دەست دەکەوێت. بۆ ئەوەش ئەمساڵ هەوڵێکى زۆرماندا کە لە رێگەى زانکۆکانى دەرەوە هەندێک کەلوپەل و پێداویستی دابین بکەین".

دکتۆر بەسراوی باسی ئەوەیکرد، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو داواکارى بۆ خوێندن و ناو تۆمارکردن زۆر زیادیکردووە. خوێندکارەکانیش بۆ بەشە نوێکان وەردەگرن.

باسى ئەوەشیکرد "خوێندکارەکان داواى وەرگرتن لە بەشە جۆراوجۆرەکاندا دەکەن، بەڵام بەپێى ئەو توانایەى کە ئێستا لە بەردەستدایە توانای کردنەوەى هەموو بەشە جۆراجۆرەکانمان نییە. بە تەواوکردنى بیناى نوێى زانکۆکە کار بۆ کردنەوەى بەشەکانى تر دەکەین و لەو کاتەدا زانکۆى کۆبانێ بۆ هەموو خوێندکارانى کۆبانێ و هەرێمى فورات کراوە دەبێت".

ر.م