زۆربەى شارۆچکەى سوس لە دەست چەتەکانى داعش رزگار کرا

شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە چوارچێوەى قۆناغی کۆتایى هەڵمەتى گەردەولولی جزیردا زۆربەى شارۆچکەى سوس-یان لە چەتەکانى داعش پاک کردەوە. شەڕڤانان دوێنێ لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا چوونە ناو شارۆچکەى سوس.

ئاژانسى هەواڵى هاوار (ANHA) بڵاویکردەوە، شەڕڤانانى قەسەدە زیاتر لە ٨٠%ی شارۆچکەى سوس-یان لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکردووە.

بەرپرسانى قەسەدەش رایانگەیاندووە، ئۆتۆمبێلێکى بۆمبڕێژکراوى چەتەکانى داعش، کە هەوڵیدابوو لە رێگەى خۆکوژێکەوە هێرش بکاتە سەر سەنگەری شەڕڤانان، لەلایەن شەڕڤانانەوە تەقێنراوەیە، بەبێ ئەوەى بە ئامانجەکەى بگات.

شەڕی نێوان شەڕڤانان و چەتەکانى داعش لە شارۆچکەى سوس بەردەوامە.

سوس شارۆچکەیەکە لە ناوچەى هەجین لە پارێزگاى دێرەزۆر و لە نزیک لێوارى رووباری فوراتدایە.

ر.م