زیانی جەنگی سوریا ٤٠٠ ملیار دۆلارە

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریا، کە ماوەی ٧ ساڵە بەردەوامە، زیانی ماددیی ٤٠٠ ملیار دۆلار بەر ئەو وڵاتە کەوتووە.

کۆمسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئاسیای ڕۆژئاوا (ESCWA / CESAO) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە بەیروتی پایتەختی لوبنان کۆبوونەوەیەکی سازدا. لەو کۆبوونەوەیەدا ئەنجامی زیانە ماددیەکانی شەڕی سوریا ئاشکرا کرا.

بە گوێرەی راگەیاندراوى کۆتایى دانیشتنى ئەو کۆمسیۆنە، کە نزیکەی ٥٠ پسۆڕی نێونەتەوەیی و سوری تێیدا بەشداربوون، لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆیی سوریا کە ماوەی ٧ ساڵە بەردەوامە، زیانە ماددییەکانى ئەو شەڕە بۆ سوریا گەیشتبێتە ٣٨٨ ملیار دۆلار. لەو راگەیاندراوەدا، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا لە شەڕی سوریادا ژیانیان لەدەستداوە، ئاشکرا نەکراوە، بەڵکو تەنها زیانی سەر زەوی و ژێر زەوی باس کراون.

بە گوێرەی هەندێک لەو ئامارانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە، شەڕی ناوخۆیی سوریا لەماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی کوژران و گیانلەدەستدانی زیاتر لە ٣٥٠ هەزار کەس و دەوترێت ماوەی ١٠ ساڵ کات پێویستە، بۆئەوەی ئەو وڵاتە سەرلەنوێ ئاوەدان بکرێتەوە.

لە ماوەی چوار ساڵی سەرەتای شەڕی سوریادا، شەڕەکە تەنها بە هاوکاریی هێزە بیانیەکان و پشتیوانیکردنیان هێزەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە بەردەوامی هەبوو، بەڵام دواتر بە بەشداریکردنی هێزەکانی هاوپەیمانان دژ بە چەتەکانی داعش بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، لە ساڵی ٢٠١٤ەوە شەڕیان کردووە و ئەوەش ڕێگەی لەبەردەم سەرکەوتنێکی نێودەوڵەتیدا کردەوە. هەروەها ڕووسیاش کە پێشتر تەنها پشتیوانی لە ڕژێمی ئەسەد دەکرد، لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری شەڕی سوریایە.

کاروخەبات بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوە لە سوریا، لەو ناوچانەی کە هێزەکانی قەسەدە و هێزەکانی ڕژێم ئازادیان کردبوون، بەردەوامە. بەمەبەستی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی سوریا، لە ساڵی پارەوە، چەندین کۆوبوونەوە لەنێوان وڵاتانی ڕوسیا، ئێران و چین بەڕێوە چوو بوو.

ر.م