زیندانیی سیاسی عەلی ئەحمەد سلێمان گواسترایەوە بۆ زیندانی ورمێ

دوێنێ زیندانیی سیاسی کورد، عەلی ئەحمەد سلێمان گواسترایەوە بۆ زیندانی ورمێ.

بەگوێرەی راپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤ کوردستان عەلی ئەحمەد سلێمان زیندانیی سیاسی کورد دوێنێ رۆژی یەکشەممە لە زیندانی تەورێزەوە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ. رۆژی پێشتر بەرپرسانی زیندانەکە ئەو زیندانە سیاسییەیان لە زیندانی تەورێز هێنابوە دەرەوە، بەڵام بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆرەوە و داخرانی رێگاوبان، شەوی رابردوو گەڕاندبویانەوە زیندانی تەورێز.

گواستنەوەی عەلی ئەحمەد سلێمان لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە پێشتر پێیڕاگەیاندرابوو کە رۆژی ٣ی شوبات لەگەڵ کۆتاییهاتنی یەکێک لە سزاکانی، لە زیندانی تەورێزەوە دەیگەڕێننەوە بۆ زیندانی ورمێ.

یەکێک لە سزاکانی ئەو زیندانە سیاسییە ماوە تێپەڕێنێت کە بریتییە لە ١٧ مانگ زیندانیکردن و بژاردنی خوێنی تەواو.

عەلی ئەحمەد سلێمان، هاوڵاتی کوردی باشوری کوردستان، لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٥ لە ناوچەی سنوریی (تەرگەوەڕ) لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێران دەستگیر کراوە و لە دادگای ئینقیلابی شارەکە بە تۆمەتی (ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک) بە پێنج ساڵ زیندانیی و دوورخستنەوە بۆ زیندانی تەورێز، بە تۆمەتی (سنووربەزاندن و هاتنەناوەوەی ئێران بە نایاسایی) بە شەش مانگ زیندانیکردن سزا درابوو.

عەلی ئەحمەد سلێمان بەرەبەیانی رۆژی سێشەممەی ٤ی شوباتی ٢٠١٥ دوای مانگرتنی لە خواردن بۆ ماوەی ٣٣ رۆژ، لە زیندانی ورمێ گواسترابووەوە بۆ زیندانی تەورێز. لە کاتی دەستگیرکردنەکەی تا ئێستا لە مافی پەیوەندیکردن و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ز.ش