زەلال جەگەر: تەڤ-دەم کەسانی کۆمەڵگای دیموکراتیک پەروەردە دەکات

زەلال جەگەرهاوسەرۆکی تەڤ-دەم دەستنیشانی کرد کە لە ئێستا بە دواوە ئەرکی تەڤ-دەم ئەوەیە کە مرۆڤی کۆمەڵگای دیموکرات پەروەردە بکات. لەمەولا تەڤ-دەم بەڕێوەچوونی سیستمی دیموکراتی هەڵدەسەنگێنێت و بۆ کێشەکان دەبێتە هێزی چارەسەر.

دوێنێ لە کۆنگرەی سێیەمی تەڤ-دەم دا زەلال جەگەر بە هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤ-دەم هەڵبژێردرا. زەلال جەگەر، ڕۆڵ و ئەرکی تەڤ-دەم هەتا ئێستا و گۆڕینی شێوازی کارکردنی تەڤ-دەم ی بۆ ئاژانسەکان هەڵسەنگاند.

هاوسەرۆک زەلال جەگەر دەستنیشانی کرد کە بە سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئاستی ڕێکخستنبوون، دەبێت شێوازی کاری تەڤ-دەم چیتر جیاواز هەڵبسەنگێندرێت و وتیشی "ئێمە چیتر تەڤ-دەم وەک سەرچاوەی کەسانێک تەماشا دەکەین کە لەسەر بنەمای زیهنیەتی نەتەوەی دیموکرات پەروەردە دەبینن. پاشان ئەو کەسانە دەنێرین بۆ مەسەدە بۆئەوەی بە ئەرکی بەڕێوەبەریی و کاری دەزگاکانی خۆسەری دیموکراتیدا ئەرکدار بکرێن."

بناغەی هەموو دەزگایەک لە ڕۆژئاوای کوردستان تەڤ-دەم ە

زەلال جەگەر جەختی لەوەش کردەوە کە بەستنی کۆنگرە لە کاتێکی وەهادا زۆر گرنگە و ڕۆڵی ئەو کەسانەشی کە لە ساڵی 2011 ەوە کاروبارەکانی تەڤ-دەم یان بەڕێوەبردووە زۆر گرنگە،

زەلال جەگەر ڕاشیگەیاند کە تەڤ-دەم لە دژی دەسەڵاتداریی و سیستەمە دەوڵەت پارێزەکان، سەرچاوەی دروستکردنی سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیکە کە سیستەمێکی نوێ یە و وتیشی "کاریش بۆ ئەوە کراوە."

زەلال جەگەر ئاشکرایکرد کە یەپەگە و یەپەژە، ئێستا خۆیان بە شێوەی قەسەدە بە ڕێکخستن کردووە کە هێزێکی گەورەی سەربازییان هێناوەتە ئاراوە و وتیشی "لە ڕۆژئاوای کوردستان کارێکی زۆر گرنگ ئەنجام دراوە. گەلەکەمان لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک پەروەردە کرا. لەبەرئەوە ڕۆڵێکی گەورە بەجێهێنراوە. لە ڕاستیدا مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە تەڤ-دەم بناغەی هەموو دەزگاکانە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا. بەڵام لە هەمان کاتدا تەڤ-دەم لە باکووری سوریاش بە ڕۆڵێکی گەورە هەستا. تەڤ-دەم لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا بوو بە چەترێک کە هەموو پارتە سیاسیەکانی گەلانی جیاواز لە ژێریدا کۆبوونەتەوە. تەڤ-دەم لەسەر ئەو بنەمایە کاری کرد و بە ڕۆڵی خۆی هەستا."

ڕۆڵ و شێوازی کارکردنی تەڤ-دەم گۆڕدرا

زەلال جەگەر جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆنگرەی سێیەمی تەڤ-دەم دا کە دوێنێ بەسترا، شێوازی کارکردنی تەڤ-دەم گۆڕدراوە و وتیشی "ئاستی تێکۆشانمان، ئاستی سەرکەوتنی شۆڕشەکەمان، ئەو هێزانەی کە ئێمە دروستمان کردوون، ئەو ڕێکخستنانەی کە ئێمە دروستمان کردوون، سەرجەمیان ئەرکی سەرەتایی تەڤ-دەم بوون، بەڵام لەمەودوا شێوازی کارکردنی تەڤ-دەم بەجۆرێکی تر هەڵدەسەنگێنین. چیتر ئێمە تەڤ-دەم وەک سەرچاوەی ئەو کەسانە دەبینین کە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک پەروەردە دەکرێن. پاشان ئەو کەسانە وەک نوێنەری خۆمان دەنێرین بۆ دەزگا و بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیی، دەیاننێرین بۆ ناو ئەنجومەنی سوریای دیموکرات 'مەسەدە'.'

زەلال جەگەر وتیشی "بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی خۆمان کە لە کۆنگرەدا خوێندمانەوە و گفتوگۆمان لەبارەوە کرد و پاشان تێمان پەڕاند، لەمەودوا ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا، دەتوانن لەژێر چەتری تەڤ-دەم دا جێ بگرن. لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە دەمانەوێت ڕێکخراوەکانی خۆمان باشتر بە ڕێکخستن بکەین و لەسەر بناغەی زیهنیەتی نەتەوەی دیموکراتیک باشتر پەروەردەیان بکەین. ئێمە ئەکادیمیاکانی کۆمەڵگای دیموکراتی کە هەیە بەم شێوەیە هەڵدەسەنگێنین و ئەرکی نوێێ خۆشمان لەڕێگەی ئەکادیمیاکانی خۆمانەوە بە جێ دەهێنین."

بڕیاردرا کە کۆمون و ئەنجومەن بخرێنە ژێر چەتری بەڕێوەبەریی خۆسەریی دیموکراتیەوە

ئەنجومەن و کۆمون کە لەژێر چەتری تەڤ-دەم دا وەک دەزگایەکی ئیداریی و کارگێڕیی دروست کرابوون، لەم کۆنگرەیەدا خرانە ژێر چەتری بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیک. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیک بە ئەنجومەن و دەزگاکانی خۆی کاری ئیداری و کارگێڕیی دەکات.

زەلال جەگەر ئاماژەی بەوەش کرد کە وەک تەڤ-دەم ئەوان چیتر کاری ئیداریی و کارگێڕیی ناکەن. بەڵکو لەمەولا تەڤ-دەم گرنگی دەدات بە کاری ڕێکخستن. بەو شێوەیەش ڕۆڵ و شێوازی کارکردن بە کۆمەڵگاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەدرێت. ئێمە کۆمەڵگا پەروەردە دەکەین بۆئەوەی بتوانن لەناو ئەنجومەن و دەزگا و کۆمونەکاندا وەک نوێنەری ئیداریی و کارگێڕیی جێ بگرن. دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی، یان سەندیکاکانی وەک سەندیکاکانی پزیشکان، ئەندازیاران و جوتیاران، دەتوانن لەژێر چەتری تەڤ-دەم دا جێ بگرن. ئەو سەندیکایانە دەتوانن بە ڕۆڵێکی وەها هەڵبستن."

ئێمە دەست لە سیاسەت وەرنادەین بەڵکو دەبینە سەرچاوەی سیاسەت

زەلال جەگەر ڕوونیکردەوە کە لە کۆنگرەی سێیەمدا، بڕیاردرا کە پارتە سیاسیەکان لەناو سیستەمی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیک دا بە شێوەیەکی جیاواز خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و وتیشی "چیتر پارتە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا و باکووری سوریا لەژێر چەتری تەڤ-دەم دا نامێننەوە، بەڵکو لەژێر چەتری بەڕێوەبەریی خۆسەردا خۆیان بە ڕێکخستن دەکەن. پرسیاری ئەوەش لەئێمە دەکرێت کە داخۆ تەڤ-دەم خۆی لە سیاسەت دەکشێنێتەوە؟ وەڵامەکەی نەخێرە، بەڵکو لە ڕاستیدا تەڤ-دەم دەبێتە سەرچاوەی سیاسەت، چونکە ئێمە خزمەت بە کۆمەڵگای خۆمان دەکەین. سیاسەتێک کە ئێمە ئەمڕۆ دەیکەین،، خزمەتە بە کۆمەڵگا."

زەلال وتیشی "لە ئێستا بەدواوە کار و ئەرکی تەڤ-دەم ئەوەیە کە کەسانی کۆمەڵگای دیموکراتی پەروەردە بکات. یەکێکی تر لە ئەرکەکانمان ئەوەیە کە چاودێریی بەڕێوەچوونی سیستەمی دیموکراتیی بکەین و بۆ کێشەکان ببینە هێزی چارەسەر. وەک تەڤ-دەم ئێمە نوێنەری خۆمان دەنێرینە ناو بەڕێوەبەری خۆسەریی دیموکراتیک و کاروبارەکانی تر لە باکووری سوریا. ئێمەش بە گوێرەی ئەمە خۆمان بە ڕێکخستن دەکەینەوە. ئەوەش بە واتای ئەوە نایەت کە ڕۆڵ و شێوازی کارکردنی تەڤ-دەم کەم بووبێتەوە، بە پێچەوانەوە تەڤ-دەم ڕۆڵ و شێوازی کارکردنی خۆی بەو شێوەیە بەجێدەهێنێت. تەڤ-دەم ڕۆڵ و شێوازی کاری خۆی گۆڕیوە. چیتر تەڤ-دەم وەک سەرچاوەی زیهنیەتی نەتەوەی دیموکرات و سیستەمی دیموکراسی بەم شێوەیە باشتر کار دەکات."

ئێمە بەڵێنمان بە عەفرین دا

زەلال جەگەر جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆنگرەی سێیەمی تەڤ-دەم دا ڕاگەیەندراوە کە بۆ دروستکردنی سوریایەکی دیموکرات پێویستە عەفرین ئازاد بکرێت و وتیشی "تەڤ-دەم لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکات. نەک تەنها گەلەکەمان لە هەرێمە جیاوازەکانی باکووری سوریا، بەڵکو گەلەکەمان لە ناوچە و هەرێمەکانی کۆبانێ، شەدادی، تەبقە، رەقا، منبج، حەلەب و عەفرینەوە کەسانی نوێنەری ئەو ناوچە و هەرێمانە هاتنە ڕمێلان و بەشداری کۆنگرەی سێیەمی تەڤ-دەم بوون. تەنانەت چەندین کەس لە وڵاتی لوبنان و باشووری کوردستانیشەوە هاتن و بەشداری کۆنگرەی سێیەمی تەڤ-دەم یان کرد. ئێمە لە کۆنگرەدا بەڵێنمان بە عەفرین دا کە هەتا ئازادکردنی بێ وچان و بەهێزتر خەبات بکەین.

لە کۆتایی قسەکانیدا زەلال جەگەر جەختی لەوە کردەوە کە ئەو جۆش و خرۆشەی خەبات لەناو گەلی عەفرینیشدا هەیە بۆ ئازادکردنی شارەکەیان.

ک-ش