ساڵح موسلیم: ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستین و سەردەکەوین

سالح موسلیم بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی تەڤ-دەم ، لەسەرهەفتەمین ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوا دوا و دەستنیشانی کرد گەل بە هێزی خۆی لەدژی هەموو هێرشێک وەستانەوە. موسلیم ڕاشیگەیاند کە ئەوان بە هێڵی سێیەم دەستیان بە شۆڕشی ڕۆژئاوا کرد و لەسەر ئەوهێڵەش دەمێننەوە.

یەکێک لە کەسایەتیە پێشەنگەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا ساڵح موسلیمە. موسلیم ئاستی ئێستا شۆڕشی ڕۆژئاوا وهێڵی سێیەم و ئەو ڕووداوانەی کە لە هەفتەمین ساڵی شۆڕشی ڕۆژئاوادا ڕوودەدەن، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات 'ئەنەفە' هەڵدەسەنگێت.

موسلیم تیشکی خستە سەر ئەو ڕاپەڕینانەی کە لەساڵی ٢٠١٠ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستیان پێکرد و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو ڕاپەڕینانە لەسەر بنەمای سیستەمی نوێی جیهان ئامادەکرابوون کە لە ساڵی ١٩٩٥وە هەوڵ دەدرێت بهێنرێتە ئاراوە و ڕوونیشیکردەوە "بێگومان لە تونس، لیبیا، میسر و وڵاتانی تر، ڕاپەڕین هاتنە ئاراوە و لە هەندێک وڵات دەسەڵاتداریی گۆڕا و لەهەندێک ناوچەش، هاوپەیمانی ناتۆ هێزی خۆی بەکارهێنا. بۆئەوەی ئەو سیستەمە جیهانییە بگۆڕدرێت، هێزی ئیسلامی میانڕەو، وەک مۆدێلێک دیاری کرابوو. ڕۆڵیش بە تورکیا درابوو. لەسەر ئەو بنەمایەش ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢ لە تورکیا بوو بە دەسەڵاتدار. لە وڵاتانی عەرەبیش کە دەسەڵات گۆڕا، ئیخوان موسلیمین هاتنە سەر حوکم.

ئێمە سیستەمێکی ئەلتەرناتیڤ دروست دەکەین

ساڵح موسلیم وتیشی "پاشان سەرە هاتە سەر سووریا. کاتێک کە لە سووریا شەڕی ناوخۆیی دەستیپێکرد، دوو هێز هەبوون، ڕژێمێکی دژە دیموکراتی و هێزەکانی وەک ئیخوان موسلیمین، کە پشتیان بە دەرەوە بەستبوو، کە دەیانویست دەسەڵاتداری لەناو ببەن و خۆیان بچنە شوێنەکەی و ببنە دەسەڵاتدار. ئێمە هیچ کام لەو دووهێزەمان بە بنەما نەگرت. دژ بە ڕژێم شەرمان نەکرد، چونکە بینیمان کە گروپە چەکدارەکان کە لەسووریا، دیموکراتیبوونیان نەدەویست، بەڵکو دەسەڵاتیان دەویست، بەو شێوەیەش ئێمە هەڵوێست و هێڵی ئەڵتەرناتیڤانەی خۆمان دەستنیشان کرد. ناوی هێڵی سێیەممان لە هێڵی سیاسیمان نا. ئامانجی ئێمەش ئەوەبوو کە مافە دیموکراتیەکانمان بەدەست بهێنین، ڕێکخستنەکانی گەل دروست بکەین و پشت بە هێزی خۆمان ببەستین."

موسلیم جەختی لەوەش کردەوە کە ئەوان دەرگای گفتوفۆ و دیالۆگیشیان بەڕووی ئەو دوو هێزەدا دانەخست، بەڵام لەگەڵ هیچ کام لەو دووهێزەش نەبووین بە یەک و وتیشی "هێزە چەکدارەکان هەبوونی ڕژێمیان کرد بە بیانوو، ویستیان بکەونە ناو هەرێمەکانی ئێمەوە. زۆرهەوڵیاندا هێرش بکەنە سەرمان. لەلایەکی ترەوە، ڕژێم ڕێگر بوو لەبەردەم بە ڕیکخراوەیی کردنی  دیموکراتیی. لەبەرئەوە ڕۆژی ١٩ ی تەموز، ئێمە لە کوبانیەوە دەستمان پێکرد و هێزەکانی ڕژێمیشمان لە هەموو هەرێمەکانی خۆماندا  کردە دەرەوە. لەو کاتەدا، لە هەندێک شوێن، شەڕی بچوک ڕوویدا و خوێنی زۆرنەڕژا. ئێمە سیستەمێکی ئەلتەرناتیف دروست دەکەین. ئێمە سیستەمێکی وەها دروست دەکەین کە دەسەڵاتپارێز نییە، بەڵکو گەل بە دەرفەت و ڕێکخستنەکانی خۆیان، خۆیان بەڕێوە دەبەن. خۆی لە خۆیدا، پێش ١٩ی تەموز/٢٨ی پووشپەڕ ساڵی ٢٠١٢، ئێمە دەستمان بەو کارە کردبوو. چەند دەزگایەکمان بۆ پاراستنی ئەمنیەتی گەل دروست کردبوو.

گەل بە هێزی خۆی بوو بە وەڵامدەرەوەی پێداویستیەکانی خۆی

ساڵح موسلیم، ئاماژەی بەوەش کرد کە بە شۆڕشی ١٩ ی تەموز، پاش ئەوەی کە رژێمیشیان لە هەرێمەکانی خۆیان کردە دەرەوە، ئیدی ئەو بارودۆخە ئەوەندە کاریگەری هەبوو کە هەندێک دەزگای تری پێویست بە شێوەیەکی ئازادانە دروست کران و پێشکەوتن. موسلیم جەختیشی لەوە کردەوە کە گەل بە هێزی خۆی، وەڵامی پێداویستیەکانی خۆی دایەوە و چیتر بە هێزی خۆی لەسەر پێی خۆی وەستا.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا، موسلیم ڕایگەیاند کە وردە وردە ڕێکخستنەکانی گەل پێکهێنران، شوێنی خۆیان گرت و چیتر گەل باوەڕی پێکردن و وتیشی "گەل باوەڕی بە هێز و توانای خۆی کرد. وردە وردە دەستی بە بەڕێوەبردنی خۆی کرد و بەشداری قۆناغەکە بوو. بەو شێوەیە هێڵی سێیەمی ئێمە هاتە ئاراوە. بێگومان پاش ئەوەی کە لە ١٩ ی تەموزدا، شۆڕش دەستیپێکرد، هێرشەکانیش زیادیان کرد. پاش بەدەرنانی ڕژێم، گروپە چەکدارەکانی تر وازیان لە ئێمە نەهێنا. بە تایبەتی ڕێکخراو بەناوی جۆراوجۆری وەکو جەبهەتولنوسرا و لیوا تەوحید کە پشتی بە تورکیا دەبەست، هێرشیان دەکردە سەرمان."

'پاش ڕاگەیاندنی شۆڕش ئیدی هەموو کەس هێرشی کردە سەر ڕۆژئاوا'

ساڵح موسلیم وتیشی "هەندێک بە ئێمەیان وت "ئێوە دابەشبوونی وڵاتتان دەوێت' و هەندێکی تر پێیان دەوتین 'ئێوە کافرن'، هەندێکی تر دەیانوت "بۆچی ئێوە لەگەڵ ئێمەدا نامێننەوە"، هەندێک پێیان دەوتین "ئێوە لەگەڵ ڕژێمدان". بەو بیانوانەوە، هەموویان هێرشیان کردە سەرمان. ئێمەش هەوڵماندا خۆمان بپارێزین."

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەش کرد کە بە تێپەڕبوونی کات، هێڵی سێیەم کە هەم تێڕوانین و هەم سیاسەتی ئەوانە، پێشکەوت و هەموو کەس باوەڕی پێ کرد و وتیشی "پاش ئەوەی چوار تا پێنج ساڵی بەسەردا تێپەڕی، هەموو کەس تێگەیشت کە ئێمە کێین و هێڵی ئێمە چیە. لەبەرئەوە ئاشکرا بوو کە ئەو گروپە چەکدارانە گرێدراوی کێن و چۆن لەگەڵ ڕژێمدا کار دەکەن. بە تایبەتی پاش ئەوەی کە ئێمە هەرێمەکانی خۆمان لە هەر جۆرە هێرشێک پاراست، باشتر لەو ڕاستییە تێگەیشتن."

'جگە لە کوردان هیچ کەس نەیدەتوانی خۆی لەبەردەم داعشدا ڕابگرێت'

ساڵح موسلیم ئاشکراشی کرد کە بارودۆخی سووریا بەو شێوەیە نەکەوتەوە کە دنیای ڕۆژئاوا و هاوپەیمانی ناتۆ پیلانیان بۆ کردبوو، وتیشی "لەبەرئەوە تورکیا زۆرترین هەوڵیدا کە سیاسەتە هەرێمیەکانی خۆی جێبەجێ بکات. ئەوەبوو هەوڵیدا ئەو گروپە چەکدارانە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. داوا و ویستی تورکیا لەوانی تر جیاوازتر بوو. ئەوەش خۆی لە ئیپراتۆریەتی عوسمانی و بەرفراوانبوونی خەون و خەیاڵی تورکیا بوو. خۆشیان بەگوێرەی ئەوە ئامادە کردبوو. تورکیا ئەوانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکارهێنا. پاش ئەوەی گروپە چەکدارەکان لە کۆنترۆڵ دەرچوون، بە تایبەتیش داعش، تورکیا ئەوانی لە شەنگال و هەرێمەکا نی تری کوردان بەکارهێنا."

موسلیم وتیشی "ئیدی کەس نەیدەتوانی خۆی لەبەردەم داعشدا ڕابگرێت. دەڕۆشتنە هەر شوێنێک، هەموو خۆیان ڕادەست دەکرد، یان هەڵدەهاتن. ئەو شوێنانەشی کە بەرخۆدانیان تێدابوو، پاش ڕۆژێک لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا دەگیرا. ئەو هێزە سەرنجڕاکێشە، دەبێت چی بکەن. سەفارەتی باڵای ئەمریکایان لە بنغازی بۆردومان کرد. ئەوەش بە دڵی ئەمریکا نەبوو. ئەمریکیەکان و ئەوانی تر، چیتر خۆیان دایە پاڵ لایەنێکی تر و هەوڵیاندا داعش کۆنترۆڵ بکەن. گروپی چەکداریان دروست کرد، بەڵام کەس نەیدەتوانی لەبەردەم داعشدا خۆی ڕابگرێت. تەنها هێزێک کە ڕووبەڕووی داعش بوونەوە و توانیان لەبەردەمیاندا خۆیان ڕابگرن، هێزی ئێمە بوو. بەرخۆدانی کۆبانێ لیرەدا ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی گێڕا."

' لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتیەکاندا دژ بە داعش تێکۆشاین'

ئەو هێزانەی کە پیلانیان بۆ سیستەمی نوێی جیهان داڕشتبوو، پاش ئەوەی کە داعش لەژێر کۆنترۆڵدا نەما، بەدوای هێزێکی تردا گەڕان کە بتوانێت پێش بە داعش بگرێت. کاتێک کە بەرخۆدانی کۆبانێیان بینی، هەوڵیاندا لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندیی دروست بکەن. ئەوەش لەبەرئەوەبوو کە هێزی ئێمە هێزێکی سەر بە ئەوانە بوو کە پشتیوانیان لەوان وەردەگرت. هێزەکانی ئێمە هێز وهەبوونی خۆیان دەپاراست. پێوەری خۆیان هەبوو، دلشۆزی پێوەر وپیوانەکانی خۆیان بوون و پیشیان لە هێزی تاریکیی دەگرت. لەبەرئەوە پەیوەندیان لەگەڵماندا دروست کرد. بێگومان ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا دەستمان بە دیدار و چاوپێکەوتن کرد.

بە ئێمەیان وت 'تەنها لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئێمە دەتوانین پێکەوە کاربکەین'. داواکاری ئێمەش ئەوە بوو. ئێمە بە هیچ شێوەیەک پەسەندمان نەدەکرد و پەسەندی ناکەین کە ئیرادەی خۆمان ڕادەستی هیچ لایەنێک بکەین. بە تێڕوانینی 'بەئیرادەی خۆمان، چیمان لەدەست بێت، ئێمە بیکەین"، دەستمان بە تێکۆشانی هاوبەش کرد لەگەڵ ئەمریکا دژ بە داعش. لەگەڵ هێزی نێودەوڵەتی، جوڵاینەوە، بەڵام بەڵێنی ئێمە ئەوەبوو کە تەنها لەسەر تێکۆشان دژ بە تیرۆر، لە دژی داعش پێکەوە کار بکەین. بەو شێوەیە دەستمان پێکرد. سەرەتا کۆبانێ و پاشان تەل عەبید، منبج، تەبقا و ڕەقا ی بەدوادا هاتن و هەموو ئەو شارانەمان ڕزگار کرد.

'زۆرترین ئاستەنگی لەلایەن تورکیاوە دروست کرا بۆ هاوپەیمانێتیی سیاسیی نێوانمان'

ساڵح موسلیم ڕایگەیاند کە زەحمەت بوو ئەوە بگۆڕن بۆ پەیمانێکی سیاسیی و وتیشی "لەبەرئەوەی کە بڕیار وهاوپەیمانێتیەکانی پێش ئێستا هەبوون کە ڕێککەوتبوون، بۆ نموونە، دەزانرێت کە تورکیا زۆرترین پشتیوانی ئەو گروپە چەکدارانە دەکات و بۆ خۆی دروستکەریانە. تورکیا ئەو هەبوونەی ئێمە لە ڕۆژئاوا پەسەند ناکات. لەبەرئەوەی ئەوانەش هەموو گرێدراوی یەکترن، ئەو ڕاستییە پەسەند ناکات. سیاسەتی تورکیا و ئەو هێزانە وەک یەک نەبوون و ڕێک نەکەوتن. کار گەیشتە ئەوەی کە تورکیا گەشتە خاڵێکی وەها کە لە دانیشتنەکانی ژنێف، ئەستانە و لەهەموو شوێنێک هەڵدەستا و دەیوت 'یان من، یان ئەوە'، لەبەرئەوەی هێزە نێودەوڵەتیەکانیش هەموو شتێکیان بەدەستی تورکیا ئەنجام داوە، نەیاندەتوانی دەست لە تورکیا بەردەن."

بەڵام لەهەمان کاتدا نەیاندەتوانی دەست لە ئێمەش بەردەن. دواجار بۆ تورکیا، هەمیشە هەوڵیان دەدا کە ئێمە لەپشت پەردەوە بهێڵنەوە. ئەوەش لە دانیشتنەکانی ژنێف، ئەستانە و سۆچی، بەو شێوەیە بەردەوام بوو. ئێستاش بەهەمان شێوە بەردەوامە.

'لەسەر داگیرکردنی عەفرین، تورکیا لە تاران لەگەڵ ڕژێمی سووریا دانیشتنی ئەنجام دا'

بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی تەڤ-دەم ساڵح موسلیم، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا، سووریا، ئێران و عێراق کە پیش ئێستا ئەنجام درابوو، وە بیری هێنایەوە و وتی "هەوڵیاندا ئەوەش سەرلەنوێ زیندوو بکەنەوە. ئەوەش لە عەفرین بە ئاشکرا بیندرا. ئەگەر لەنێوان ڕژێمی سووریا و تورکیادا ڕێککەوتن نەبوایە، ئەوکات تورکیا نەیدەتوانی عەفرین داگیر بکات. خۆی لەخۆیدا لە قۆناغی عەفریندا، کۆبوونەوەی ئەنجام درا. هەم ڕژێمی سووریا و هەم ڕژێمی تورکیا، لەسەر فکری 'ئەو کوردانە دەیانەوێت جیاببنەوە و وڵات دابەش بکەن، ئێمە دەتوانین لە دژی ئەوان ڕێکبکەوین' دیداریان ئەنجام دا. دوێنێش ئەو دیدارانە لە تارانی پایتەختی ئێران ئەنجام درا. ئەوەش سەرنجڕاکێشە کە دیدارەکانی نێوان ڕژێمی سووریا و تورکیا لە ئێران ئەنجام دەدرێن."

ئەگەر ئێمە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە دەستکەوتێکی سیاسیی بەدەست بهێنین، ئەوە مەسەلە ڕێککەوتنی پێشووی ئەو وڵاتانەیە کە لەسەر بنەمای لەناوبردن و نکۆڵیکردنی کوردان ئەنجام دراون. وەک تەڤگەر، بە تێڕوانین و ئایدۆلۆژیای ئێمە دەزانن بۆیە ئەوە پەسەند ناکەن کە کیانێکی سیاسیی ڕاگەیەنین. تەنانەت ئێمە قەدەغە دەکەن. ئەوەی کە تەڤگەری ئازادی ئێمە پەسەند ناکات و بە تیرۆریستی لەقەڵەم دەدات، هاوپەیمانیی ناتۆیە. ئەوەی ئەم پیلانانەی داڕشتووە، ناتۆیە. بۆیە ئێمەش ئەو نکۆڵیانە پەسەند ناکەین، بۆئەوەی ئەوە پەسەند بکەین، دەبێت پیلانی پاش ساڵی ١٩٩٥ ی خۆیان بگۆڕن. زەحمەتیەکەش لێرەدایە. ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە تا ئێستا ئەوەمان پەسەند نەکردووە.

'بۆئەوەی چارەسەرییەکی ڕاستەقینە نەیەتە ئاراوە، ژنێف یان لە ئێمە داخستووە'

 ساڵح موسلیم ئاماژەی بە دانیشتنەکانی ژنێف کرد و وتی "بۆئەوەی چارەسەرییەکی ڕاستەقینە نەیەتە ئاراوە، ژنێف یان لە ئێمە داخستووە. هێشتاش بارودۆخەکە هەر بەو شێوەیە. بەڵام لە گفتوگۆی چارەسەریی لە چارەسەرییدا، هەتا ئێمە و ئیرادەی ئێمە نەبێت، چارەسەریی نایەتە ئاراوە. ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە کە ئەوان بۆ خۆیان پرۆژەی چارەسەرییان نیە. بیانەوێت و نەیانەوێت، دەبێت ئێمە پەسەند بکەن. ەرچۆنێک بێت، دەبێت لەوەدا ئیرادەی گەل هەبێت. هەموو کەس لەدەوری مێزی گفتوگۆ دەڵێت کە 'سووریا، چیتر نابێتەوە بە سووریایەکی پێشوو.'

لە سووریا هەم فرەڕەنگی نەتەوەیی هەیە، هەم چەندین گروپ هەن. بۆئەوەی بتوانن پێکەوە بە ئاشتیانە بژین، هەرچۆنێک بێت لایەقی دەوڵەتێکە. لەبەرئەوە ئیخوان موسلیمین و هاوشێوەکانیان لەدەرەوە دەمێننەوە. هەر لەبەرئەوەشە کە هەموو کەس بەدوای پشکی خۆیدا دەگەڕێت و شەڕ دەکات. بەڵام ئەگەر هێزە نێونەتەوەییەکان لەناو خۆیاندا ڕێکبکەون و ئەو چارەسەرییە بۆ گەلانی سوریا خۆیان بەجێبهێڵن، ئەوە چارەسەریی دروست دەبێت."

'گەورەترین تەقینەوە لە ئیدلیب دەبێت'

ساڵح موسلیم ڕوونیکردەوە کە کاتێک کە هێزەکانی  وەک تورکیا و ئێران، لە سووریا بڕۆنە دەرەوە، چارەسەریی دێتە ئاراوە و وتیشی "ئێمە ئێستا بارودۆخەکە هەڵدەسەنگێنین. گەورەترین تەقینەوە لە ئیدلیب دەبێت. ئەوەش لەبەرئەوەیە کە هەموو گروپە چەکدارەکانیان کۆکردووەتەوە و لەوێ بەجێیان کردوون. هێشتا دیار نیە کە چ کاتێک لە ئیدلیب بتەقێتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەنجام لەوێوە دەردەکەوێت. تورکیاش لەوێدایە. ئەوەش بەڵایەکە و ئەو بەڵایە لە تورکیاش بلاودەبێتەوە. ئێمە نازانین کە ئەو تەقینەوەیە چ ئەنجامێکی لێ دەبێتەوە، بەڵام دەزانین کە کاریگەریەکی زۆر لەسەر لە تورکیا دەکات."

هەموو سیاسەتەکانی تورکیا شکستیان هێناوە و نەیانتوانیوە هیچ ئەنجامێک بەدەستبهێنن. هەروەک ئێوەش دەیبینن، سەرەتا دەیانوت کە ئەوان دەچنە شام و بەشار ئەسەد پەسەند ناکەن. بەڵام پاشان پەسەندیان کرد و لەسەر پرسی کورد و عەفرین لەگەڵ یەکتر دانیشتنیان ئەنجامدا. دیارە کە لە کۆتایدا، پاش ئەوەی زیانێکی زۆر بە تەواوی سووریا دەگات، چارەسەرییەک دێتە ئاراوە، بەڵام بەداخەوە کە ئەوکات سووریا وێران بووە."

'پاش منبج، تورکیا هەموو شتێکی بە هەڕەشە بەدەستهێنا'

ساڵح موسلیم بە بیری هێنایەوە کە بە ئیرادەی بەناو 'تێکۆشان دژ بە داعش' سووپاکەی بردە ناو جەرابلوس و باب و وتیشی "لە باب پەیوەندی تورکیا لەگەڵ داعش بەردەوام بوو. هەموو کەس بینی کە ئەوان لە دژی داعش شەڕیان نەکرد. لە سەرهەرێمی باب دا دەرکەوت کە تورکیا لە دژی داعش شەڕ ناکات. لە بابەتی  باب دا، تورکیا لەگەڵ داعشدا ڕێککەوت لەسەرئەوەی کە ئەوان ٨٦٠ ئەندامی خۆجێی و بیانی داعش ئازاد بکەن و داعشیش بابی رادەست کردن."

تورکیاش باب هەتا ڕەقای بۆ داعش کردەوە. پاش ڕزگارکردنی منبجیش هەڤاڵانی ئێمە بەرەو ڕەقا بەڕێکەوتن. ئەمەش هەمووی بۆ تورکیا لەدەستدان بوو. هیشتا داعش لە ڕەقا بوو، پاشان ئێمە ڕەقامان گرت و ڕزگارمان کرد، ئەوکات پەیوەندی نێوان داعش و تورکیا پچڕێندرا. تورکیا بینی کە ئێمە ڕەقامان ڕزگار کرد و ئەوانیش هەموو شتێکیان لەدەست دەچێت، گەیشتە ئەو باوەڕەی کە دەبێت جێگای جیاواز بەدەست بخات و سنوری دەسەڵاتداری خۆی فراوان بکات، ئەگەر بتوانێت عەفرینیش بەدەست بخات و پاشان بۆ پرسی کۆچبەران لە تورکیا بەکاری بهێنێت. کەوتە خەیاڵی ئەوەی کە بتوانێت عەفرین بکاتە هەرێمی ئارام بۆ خۆی.

لەبەرئەوەی کە دەزانێت، پاش ئیدلیب و هەرێمەکانی تر، هەموو شتێکی لەدەست دەچێت، بەرەو عەفرین بەڕێکەوت. بەدەستهێنانی عەفرین بۆ تورکیا زەحمەت بوو، هاوسەنگیەکان ڕێگەیان بەوە نەدەدا، بەڵام بە تایبەتی پاش منبج، هەموو شتێکی بە هەڕەشە بە دەستهێنا. بۆئەوەی داواکاریەکانی بۆ جێبەجێ بکرێت، تورکیا هەڕەشەی لە ئەوروپا و ولاتانی تر کرد. بۆ عەفرینیش بە ڕووسیا و سووریای وت 'من دەتوانم گروپە چەکدارەکان لە خوتای بکشێنمەوە و لە بەرامبەر ئەوەشدا، ئێوە لەسەرعەفرین بیدەنگ بن'. بەو شێوەیە لەگەڵ سووریا و ڕووسیا ڕێککەوتنی کرد."

بە غووتە گۆڕانکاریی دروست بوو

ساڵح موسلیم نەیشاردەوە کە ئەوان لەگەڵ ڕووسیا پەیوەندییان هەبووە و لەگەڵ سووریاشدا شەڕیان نەبووە و وتیشی "وامان دانابوو کە ئەگەر تورکیا هێرش بکات و دەست لە عەفرین وەربدات، ئێمە بەیەکەوە بەرپەرچیان دەدەینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا وەها دەرنەچوو. پرسی غووتەی ڕۆژهەڵات، پرسی گۆڕینی سیاسەتی هێنایە ئاراوە. بەڵام ڕێککەوتنی ئەوان وەها بوو. لەبەرئەوەی کە تورکیا هەموو ساتێک دەیهەوێت 'دەکشێینەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات'، ئەوەش لە ڕێککەوتنی کیری-لاڤرۆڤ ی ساڵی ٢٠١٦دا هەبوو، دواجاریش کشانەوە. ئەمەریکیەکان بە تورکیایان وتبوو 'ئەگەر ئێوە لە منبج زیاتر پیشڕەویی بکەن، ئەوا ئێمەتان لەگەڵدا نابێت'، لەبەرئەوە ئەمریکا زۆرخۆی نزیک نەکردەوە لە پرسی عەفرین. بێگومان ئێمە پێشوەخت هۆشداریمان دا بە ئەمریکا لە هێرش لەسەرعەفرین بە مانای بەردەوامیی داعش دێت."

ڕێککەوتن لەسەر عەفرین هەمیشەیی و ستراتیژیی نین، هەرچۆنێک بێت ئێمە عەفرین ڕزگار دەکەین

بە ڕاستیش ئاوەها بوو: ٢٥ هەزار کەسیان لەناو چەتەکاندا دەرهێنا کە سێ هەزاریان داعش بوون و لە تورکیا پەروەردەیان بینی بوو. هەموو هێزی خۆیان، هەموو سووپاکەیان و تەواوی تەکنیکەکانی هاوپەیمانی ناتۆیان لە دژی گەلی عەفرین بەکارهێنا. هەڤاڵانی ئێمە ماوەی دوو مانگ، لە دژی دووەمین زلهێزی هاوپەیمانی ناتۆ شەڕ و بەرگریان کرد. لە عەفرین بەرخۆدانێکی گەورە هەبوو، بەڵام عەفرین شکستی هێنا. پرسی عەفرین بۆ ئێمە برینێکی گەورەیە و هەرچۆنێک بێت ئێمە عەفرین دووبارە ئازاد دەکەینەوە. ڕێککەوتنی ئەو وڵاتانەش لەسەرعەفرین هەمیشەیی و ستراتیژیی نین، بەڵکو بە هاوسەنگیەوە گرێدراوە."

چیتر تورکیا ناتوانێت لەبەردەم ئێمەدا ببێتە ئاستەنگ

ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەش کرد کە کاتی ئەوە دێت لە ئیدلیب شتی نوێ بێتە ئاراوە و وتیشی "پیشبینی ئەوە دەکرێت کە تورکیا بکەوێتە ناو بەڵایەکەوە. پێشتر بۆئەوەی ئێمە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەند نەکرێین، تورکیا گەورەترین ئاستەنگیی بوو. هەموو شتێکی لە ڕێگەی هەڕەشە و گوڕەشەوە دەکرد. دەیوت 'یان من یان ئەوان'، ئێستا ئەم ئاستەنگیانە لەناوچوون. ئێمە دەبینە هێز و ئەکتەری سەرەکیی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا."

لەناو هاوسەنگی سیاسیدا، ئێمە پەیوەندی خۆمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێک تێک نەدا. پەیوەندی ئێمە لەگەڵ هەموان هەیە. هەموو کەس دەزانێت کە هێزی ئێمە بەخۆوەیە و ئێمەش هەوڵ دەدەین سوود لەو هاوسەنگیانە وەربگرین. بۆئەوەی کەسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوین ببێتە هێز، دەبێت بزانێت کە هەمووی پەیوەستە بە هاوسەنگیەکانەوە. هەڵویستێکی بەو شێوەیە هەلپەرست هەبوو. بەڵام بارودۆخی ئێمە بەو شێوەیە نیە. هی ئێمە ئەوەیە کە خاوەنی هێزی خۆمانین و گەلی خۆمان هەیە و پشت بەوان دەبەستین. ئێمە گەورەترین کارەکتەرین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

ئێمە دەست لە هێڵی سێیەمی خۆمان بەرنادەین

ساڵح موسلیم دەستنیشانی کرد کە ئەوان تا ئێستاش باوەڕیان بە هێڵی سێیەمی ئەلتەرناتیڤ هەیە و وتیشی "ئەو سەرکەوتنانەی کە ئێمە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا بەدەستمان هێناون، شەڕی خۆپاراستنی ئێمە و جێکردنەوەی هێڵی سێیەمی ئەڵتەرناتیڤە و ئەوەش نیشانی دەدات کە ئێمە ڕێ و سیاسەتێکی دروستمان هەڵبژاردووە. ئەمە وەک هێڵێکی ڕاستە. ئەوانەی کە لە دژی ڕژێم شەڕیان کرد، هەموویان شکستیان هێنا و سیاسەتەکانیان پووچەڵ بوویەوە.

موسلیم جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان هیچ کاتێک دەست لە هێڵی سێیەمی ئەڵتەرناتیڤی خۆیان بەرنادەن و باسی لەوەش کرد کە پاش ڕەخنە لەخۆگرتن و هەڵسەنگاندنی هەندێک کەموکوڕی تەکنیکی، سەرکەوتنێکی گەورە بەدەست دەهێنن.

ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستین و سەردەکەوین

لە کۆتایی قسەکانیدا، ساڵح موسلیم بە بیری هێنایەوە کە زۆربەی ئەو هێزانەی ویستیان ڕژێم لەناوبەرن، خۆیان لەناوچوون و وتیشی "وەک هێزی سووریی، تەنها ئێمە و ڕژێم لە گۆڕەپانەکەدا ماوینەتەوە. ئەگەر ڕژێم دیموکراتیبوون پەسەند بکات، ئێمە دەتوانین لەگەڵیاندا ڕێکبکەوین. واتە دەبێت دیموکراتی و یەکیەتی، خوشک و برایەتی نێوان گەلان پەسەند بکات. هەر کەس و لایەنێک ئەو پێوەرانە پەسەند بکات کە ئێمە دیاریمان کردووە، ئامادەین ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکەین. ئێمە دەرگای خۆمان لە هیچ کەسێک داناخەین. ئێمە لەسەر ڕێگای ڕاستین و سەردەکەوین."

ک-ش