ساڵح موسلیم: دەمانەوێت سیستمێکى دیموکراتیک لە سوریا جێگیر بکرێت

ساڵح موسلیم لەبارەى چاوپێکەوتنەکانى مەسەدە و حکومەتى سوریا رایگەیاند، گەڕانەوە بۆ سیستمى پێشوو و دیکتاتۆری نابێت. راشیگەیاند "دەمانەوێت سیستمە دیموکراتیکەکەمان بە تەواوى سوریادا بڵاوبکەینەوە".

شاندێکى ئەنجوومەنى سوریاى دیموکراتیک (مەسەدە) رۆژی ٢٦ی تەمووزی ٢٠١٨ / ٤ی گەلاوێژ سەردانى دیمەشق (شام)ی کرد و بۆ یەکەمجار لەگەڵ بەرپرسانى حکومەتى سوریادا چاوپێکەوتنى فەرمییان ئەنجامدا.

ساڵح موسلیم بەرپرسى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى بزووتنەوەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (تەڤدەم) شیکردنەوەکانى لەبارەى  چاوپێکەوتنەکانى شاندى مەسەدە لەگەڵ حکومەتى سوریا، هەڵمەتەکانى رزگارکردنى عەفرین و ئیدلب و داهاتووی سوریا بۆ ئاژانسى هەواڵى فورات (ANF) خستەڕوو.

ئەگەر دۆخێکى باش بڕەخسێت، دەکرێت هەندێک هەنگاوی تریش بنرێت

ساڵح موسلیم رایگەیاند، چاوپێکەوتن و داوا و بانگهێشتى فەرمی ئەنجامدران و راشیگەیاند "شاندێکى باکووری سوریا چوو بۆ دیمەشق (شام). ئەو شاندە وەک کۆمیتەى ئامادەکار بۆ تێگەیشتن لە نزیکایەتیى رژێم و بۆ ئەوەى بزانن، کە رژێمە جدییە یان نا، ئەو سەردانەیان ئەنجامدا، بەڵام ئێمە بە باشی ناوەرۆکى چاوپێکەوتنەکان نازانین، بەس ئەو هەڤاڵانەى چوون بۆ چاوپێکەوتنەکان رایانگەیاند، چاوپێکەوتنەکان باش بوون و لەسەر ئەوە رێککەوتون، کۆمیتە و لیژنە دروست بکرێت. ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە باش بێت، ئەوە هەنگاوێکى باشە".

موسلیم لەبارەى ئەوەى زۆر کەس پێیانوایە بە چاوپێکەوتن کێشەکان چارەسەر دەبێت وتى "چاوپێکەوتن جیایە، دیالۆگ و گفتوگۆ جیایە، دانوستانیش جیایە. بەڕێوەبردن و شێوازى هەر کەس و لایەنێک جیایە. هەر کەس خاوەنى رێبازێکە. ئەوەى ئێستا ئەنجام دەدرێت پێش چاوپێکەوتنە. یانى ئەمە بۆ هەر دوولا بە مانای هەوڵدانە بۆ تێگەیشتن لە نیازە باشەکانى یەکتر و دروستکردنى متمانە. ئەگەر لەو رووەوە دۆخێکى باش بڕەخسێت، ئەوا دەکرێت هەنگاوى تریش بنرێن".

ئێمە هەرگیز لە دەرەوەى یەکپارچەیى سوریا نەبووین

ساڵح موسلیم ئەوەى بیرخستەوە، کە رژێم لە ساڵی ٢٠١١ەوە پێیان دەڵێت "ئەوان لەگەڵ ئێمەن، کورد لەگەڵ ئێمەیە، باشن" و لەوبارەیەو وتى "دۆخەکە بەوشێوەیە نییە. ئێمە شۆڕشێکمان دەستپێکرد. لەسەرەتاى ئەو شۆڕشەوە، شۆڕشە راستەقینەکە شۆڕشەکەى ئێمەیە. هەم لە رووی کۆمەڵایەتى، هەم لە رووی رامان و سیستمەوە ئێمە دەمانەوێت گۆڕانکارى روو بدات. ئێمە بە شۆڕشەکەمان لە ناوچەکانى خۆماندا رێگامان بۆ ئەوە خۆشکرد، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو مۆدێلە، یان ئەو سیستمە بە تەواوى سوریادا بڵاوبێتەوە".

بەرپرسى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى تەڤدەم رایگەیاند، ئەوانەى هێزى خۆیان بە ناوی "ئۆپۆزسیۆن"ەوە دەناسێنن نەیانخواست گۆڕانکارى ئەنجام بدرێت، بەڵکو تەنها شەڕیان بۆ دەسەڵات کرد. راشیگەیاند "دۆخ و نزیکایەتیى ئێمە بەو شێوەیە نەبوو. ئێمە نوێنەرایەتیى گۆڕانکارى کۆمەڵگە و شۆڕش لە زۆر ئاستى جۆراوجۆردا دەکەین. ئێمە پارچەیەک لە سوریاین. ئێمە هەرگیز لە دەرەوەى یەکپارچەیى سوریا نەبووین. ئێمە هەموو کات بیرمان لە سوریا کردووەتەوە، بەڵام مۆدێلێکمان هەیە، کە خۆمان بونیاتمان ناوە. ئێمە ئەوەمان بۆ دەرکەوت ئەو مۆدێلە راستە، باشترینە و ئێمە دەمانەوێت بڵاوى بکەینەوە".

ئیتر سیستمى پێشووى دیکتاتۆری بەسەر چوو

بەرپرسى کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى تەڤدەم باسى ئەوەیکرد، رێگاى گەڕانەوە بۆ سیستمى پیشووی دەسپۆتیک و ملهوڕ و دیکتاتۆری نەماوە و ئەو سیستمە ئیتر بەسەر چووە. ئەوەشی وت "لە ساڵی ٢٠١١ەوە ئیتر ئەو سیستمە بەسەر چوو، کە حکومڕانى تەنها لە دەستى یەک حیزب دا بێت. پێویستە سوریایەکى نوێ دابمەزرێت. دەبێت ئەو سوریایە چۆن بێت؟ ئێمە مۆدێلەکەى خۆمان وەک نمونە دەخەینەڕوو. لە لاکەى ترەوە رژێمى پێشوو هەیە. ئەگەر ئێمە لە وڵاتێکدا پێکەوە بژین، ئەوکات دەبێت ئێمە لە شوێنێکدا رێکبکەوین. ئەگەر ئێمە خۆمان نەپاراستایە، ئێمە بەرگریى رەوامان لە خۆمان نەکردایە، کەس گوێى پێنەدەداین. ئەگەر ئێمە نەمانتوانیایە مۆدێلەکەى خۆیمان بونیات بنێین، کەس لێمان تێنەدەگەیشت. ئێستا مۆدێل و هێزی بەرگریی رەوامان هەیە. بۆیە پێویستە هەموو کەس گوێمان لێبگرێت. ئاستى گۆڕینى سوریا و رژێم بەندە بەو پرۆژەیەى ئێمەوە. ئێمە ناڵێین ئەوە لە ٢٤ کاتژمێردا یان ساڵێکدا ئەنجام دەدەین. دۆخێکى لەو شێوەیە لە گۆڕێ نییە. کاتێک چاوپێکەوتن و دانوستانەکان دەستیان پێکرد، بێگومان کۆمیتەکانیش بۆ ئەو کارانە دەست بەکار دەبن و ئەوانیش نەخشەڕێگاى خۆیان دەبێت و بۆ هەموانى دەخەنەڕوو".

ئەوەى عاقڵانە بیربکاتەوە سیستمەکەمان قبوڵ دەکات

وتیشی "لەبەر ئەوانەش، مەبەست لە رێککەوتن ئەوە نییە، کە ئێمە لەسەر هەندێک خاڵ رێکبکەوین و لە هەندێک خاڵدا ئێمە سازش بکەین. بێگومان ئێمە داواى باشترین بە باشترین شێوە دەکەین. لەبەر ئەوەش کات و ئامادەکاری و دەرفەت پێویستە. بەڵام لەو بڕوایەدام بوارێک هەیە، ئێمە پێکەوە دەتوانین شتێک بکەین. ئێمە تاوەکو ئێستا مۆدێلەکەى خۆمان جێبەجێ دەکەین. لەو بڕوایەدام هەر کەسێک عاقڵانە بجوڵێتەوە، مۆدێل و سیستمەکەى ئێمە قبوڵ دەکات".

ساڵح موسلیم دەستنیشانیکرد، سەربەخۆیى سوریا دەپارێزن نەک پارچەکردنی و لەو بارەیەوە ئەوەشى وت "ئێمە سەرەتا دەڵێین، چەندین نەتەوە و کەمە نەتەوەى وەک، کورد، عەرەب، تورکمان، چەرکەس، دورزی، چەچەن و چەندین باوەڕیى وەک مسوڵمان، مەسیحی، ئێزدی، ئیسماعیلی، عەلەوی و... هتد بوونیان هەیە. ئەوە بینیتان لە سوەیدا چی بەسەر دورزییەکاندا هات. ئەوانە هەموویان چۆن پێکەوە بژین، ئێمە چۆن پێکەوە بژین؟ مۆدێلەکەى ئێمە لەسەر ئەو بنەمایەیە. مۆدێلی پێشووى نەتەوە دەوڵەت پشتبەستوو بوو بە یەک زمان، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە، یەک یەکی بوو. ئیتر ئەوە نابێت و ئەوە قبوڵ ناکرێت. کێ لە سوریادا بێت دەبێت بتوانێت بە زمان، رۆشنبیری، باوەڕ و شێواز و ناسنامەى خۆى بژی. ئێمە بە مۆدێلەکەى خۆمان سوریایەکى بەو شێوەیە دەکەینە ئامانجی خۆمان و کارى بۆ دەکەین. ئێمەوە لەوە دڵنیایین و ئەوە بەدی دێت".  

گەل بڕواى بە خۆى نەبوو، بەڵام ئێمە عەقڵییەتی بڕوانەبوون بۆ خۆ-مان شکاند

ساڵح موسلیم ئاماژەى بە عەقڵییەتى چەسپاو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کرد و لەوبارەیەوە وتى "گەل بڕواى بەخۆی و بەهێزى خۆى  نەبوو. بە بەردەوامى چاو لە دەستى هێزەکان و سەرچاوەکانى دەرەوە بوو. ئێمە ئەوەمان تێکشکاند. ئەگەر ئێمە بڕوامان بە خۆمان بێ، ئەگەر بڕوا بە گەل و رێکخستنەکانمان بکەین، ئەو کاتە دەتوانین زۆر شت ئەنجام بدەین. ئێمە زۆر باسی ئەوەمان کردووە. بتەوێت و نەتەوێت ئێستا هێزە نێودەوڵەتییەکان لە سوریادان. ئەو هێزانەش هێزەکانى رووسیا، ئەمریکا، بەریتانیا، ئێران و سعودیە... هتدن".

وتیشی "ئەگەر ئەو هێزە نێودەوڵەتییانە بیانەوێت لە سوریا ئاشتى و چارەسەریی سیاسى بێتەدی، ئەوا دەبنە یارمەتیدەر بۆ هەوڵەکانى ئێمە، یان ئەوەتا بیر لە چاکە و باشەى سوریا ناکەنەوە. ئەوە بۆچوونى ئێمەیە و لە هەموو کەسیش چاوەڕێى ئەو پشتیوانییە دەکەین. پەیوەندیى ئێمە لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لەسەر بنەمای شەڕ لە دژى تیرۆریزمە. رێککەوتننامەیەکى لەو جۆرەمان هەیە. ئێمە ئەوەمان کرد و بەرەو پێشمان برد".

ئیرادەى سیاسیى ئێمە بە دەست کەسەوە نییە

ساڵح موسلیم ئەوەشى وت "ئەمریکا لێرەیە، بەڵام هەرگیز ئیرادەى خۆمان رادەستی هیچ کەسێک نەکرد. ئیرادەى سیاسیى خۆمان لە دەستى خۆماندایە. ئێمە ئیرادەى سیاسیى خۆمان، ئیرادەى گەل و ئەو پێکهاتانە کە ئێمە نوێنەرایەتیان دەکەین، هەرگیز رادەستى هیچ کەسێک ناکەین. بۆیە ئەگەر ئێمە دەچین بۆ چاوپێکەوتنێک، ئێمە ئەوە بە ئیرادەى خۆمان ئەنجام دەدەین. رووسیا، ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکانى تریش، کە لێرەن ئەوە دەزانن ئێمە دەمانەوێت چی بکەین و بە کوێى دەگەیەنین".

ساڵ موسلیم لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتیشی "ئەوە (بوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان) بەو مانایە نییە، کە ئێمە فەرمان لە لایەنێکەوە وەردەگرین. هەر ئەوان بۆ خۆشیان رێز لەوە دەگرن. هەر لە سەرەتاوە دەڵێن 'ئێوە چیتان پێ راست و دروستە ئەوە بکەن'. یانى ئێمە فەرمان لە کەسەوە وەرناگرین. چی بەپێى بەرژەوەندیى گەلەکەمان بێت، ئێمە ئەو کارە دەکەین. دووبارەى دەکەمەوە، ئیرادەى سیاسیى ئێمە بە دەست کەسەوە نییە و لە دەستى خۆماندایە".

گروپ و رێکخستنە تیرۆریستییەکان لە کوێ بن، ئێمە ئامادەین لە دژیان تێبکۆشین

بەرپرسی کۆمیتەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى تەڤدەم لەبارەى ئۆپراسیۆنی ئیدلب کە ئێستا لە رۆژڤدایە ئەوەى خستەڕوو "ئیدلب لە دوو رووەوە بۆ ئێمە گرنگە. ئێمە پێشتریش وتبومان، لە کوێى سوریا تیرۆر هەبێت، رێکخستنى تیرۆریستى هەبێت، ئەو شوێنە پەیوەندیى بە ئێمەوە هەیە. ئێمە لە سوریا لە دژى تیرۆریزم تێدەکۆشین. لەسەر ئەو بنەمایەش ئێمە لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیی رێککەوتوین. ئێمە تاوەکو ئێستا ئەو پەیمان و رێککەوتنەمان بەشێوەیەکى سەرکەوتوانە جێبەجێ کردووە".

ئەوەشی خستەڕوو "لە هەر کوێ رێکخستنێکى تیرۆریستى هەبێت، ئێمە ئامادەین لە دژى تێبکۆشین. ئەو تێکۆشانە لەگەڵ کێ بێت و  تاوەکو کوێ بێت، ئەوە پەیوەندیى توانایى و ئیمکانیەتى سەربازیى ئێمەوە هەیە. ئەوە بابەتێکى ترە، بەڵام لە رووی پرەنسیپەوە ئەگەر رێکخستنى تیرۆریستى هەبێت زیان بە گەلی سوریا دەگەیەنێت، ئەو کاتە ئێمە مافى ئەوەمان هەیە لە دژى تێبکۆشین، یان ئەرکى خۆمان لەو بوارەدا جێبەجێ بکەین".

رزگارکردنى ئیدلب ئەرکى ئێمەیە

ساڵح موسلیم لەبارەى ئەوەوە، کە زۆربەى ئەو گروپ و رێکخستنانەى لە ئیدلبدان پیشتر لە دژى ئەوان (کورد و یەپەگە و خۆبەڕێوەبەری) شەڕیان کردووە وتى "لە سەرێکانی، لە کۆبانێ، لە رەقا لە دژى ئێمە شەڕیان کرد. بە ناوى داعشەوە لە دژى ئێمە شەڕیان کرد. دواتر ریشی خۆیان تاشی، جلوبەرگەکانى بەری خۆیان گۆڕی و لە دژى ئێمە دەستیان کردەوە بە شەڕ. ئەوانە هەموویان لەوێ (لە ئیدلب) کۆبوونەتەوە. لە نێوانی ئێمە و ئەواندا حاڵەتێکى وەک خوێن کەوتنە نێوانمانەوە هەیە. دەبێت بە دڵنیاییەوە ئێمە شتێک بکەین. ئەوە بۆ ئێمە بابەتى یەکەم و سەرەکییە".

 ئەوەشی وت "خاڵی دووەم، پلانەکانى تورکیان. تورکیا دەیەوێت عەفرین و رەقە و ناوچەکانى تر بکاتە پایتەختى تیرۆریزم. عەفرین هی ئێمەیە. گەلەکەمان لەوێیە، بەڵام چەندین گروپى تیرۆریستیى لەوێ جێگیرکردووە. بۆ نمونە گروپە تیرۆریستییەکانى وەک، ئەحراری  شام، فەیلەقى شام، کە پێشتر لە ئیدلب بوون، ئێستا بەشێکیان بردوون بۆ عەفرین. ئەوە ئەرک و بەرپرسیاریى ئێمەیە لە دژیان تێبکۆشین و لە عەفرین دەریان بکەین. ئێمە ناچارین و دەبێت بە دڵنیاییەوە لەو بوارەدا کارێک بکەین، بەڵام تا ئێستا روون نییە ئێمە چۆن بەشدار دەبین".

بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە گروپى تیرۆریستى لە ئیدلب، مەترسییە بۆ سەرتاسەری رۆژهەڵاتى ناوەڕاست

ساڵ موسلیم ئاماژەى بەوەکرد، ئەو گروپە تیرۆریستییانە ئێستا لە عەفرین دژی ئەوان شەڕ دەکەن. ئاماژەى بەوەشکرد "رۆژانە لە عەفرین لە دژى گروپە چەتەکان شەڕ لە ئارادایە و لە دژیان چالاکى ئەنجام دەدرێت. دەبێت بە دڵنیاییەوە بۆ پاراستنى عەفرین و بۆ ئیدلب کارێک بکەین. بەڵام ئیدلب تەنها نە پەیوەندیى بە ئێمەوە هەیە و نە تەنها پەیوەندیى بە رژێمەوە هەیە، بەڵکو ئەمریکا پێشتر وتبوی 'ئەوانە بە پەڕوشوت لە ئیدلب دابەزیون'. ئەمریکا دەزانێت ئەوانە کێ هێناونی و لە کام رێگاوە هاتوون و ئێستا کێ یارمەتییان دەدات. ئەوەى ئەوانى هێناوە، هەوڵ دەدات بیانپارێزت و پشتیوانیى لێبکات و یارمەتییان بدات".

بەرپرسى کۆمیتەى دەرەوەی تەڤدەم وتیشی "لەبەر ئەوەش کێشەکە تەنها کێشەى سوریا نییە. تێکۆشان لە دژى تیرۆریزم کاری هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، رژێم و ئێمە و رووسیا و ئەمریکایە".

ئەوەشی وت، بوونى ئەو ژمارە زۆرە لە گروپە تیرۆریستییەکان لە ئیدلیب نەک تەنها بۆ ئەوان و بۆ سوریا، بەڵکو مەترسییە بۆ سەرتارسەرى رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.

نووسینەوەى دەستوورى بنەڕەتى بە بێ نوێنەرى ئێمە نابێت

ساڵح موسلیم دەربارەى گفتوگۆکان لەبارەى نووسینەوەى دەستوورى بنەڕەتیى سوریا وتی "دەستوورێکى بنەڕەتى کە نوێنەرى ئێمە بەشداریى نووسینەوە و ئامادەکردنى نەبێت، قبوڵ ناکرێت. لە سۆچی شتێکی لەو شێوەیە لە گۆڕێیە. لە هەر دوو لایەن ٥٠ کەس بەشدارن. ٥٠ کەس لە نوێنەرانى ئۆپۆزسیۆن و رژێم دەچن بۆ نووسینەوەى دەستوور. لە ناو نوێنەرانى ئۆپۆزسیۆنەدا ٢ کوردیش هەیە. ئێوە ئەوە دەزانن بڕیار لەسەر ئەو بابەتە لە دەستى ئیستەنبول و تورکیادایە، بەڵام ئەوە دەزانن، کە ئێمە نەبین و بەشدار نەبین تیایدا، ئەوەش نابێت و سەر ناگرێت. بە دواى هەندێک یاریکردنەوەن. دەڵێن 'هەندێک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەنى دەتوانن لە بریى ئێوە بێن و بەشدار بن'. ئیمەش بە روونی و بە ئاشکرا وتومانە 'ئەگەر ئێمە بە ناسنامە و شوناسی خۆمانەوە، بە ئیرادەى خۆمانەوە بەشداری نووسینەوە و ئامادەکردنی دەستوورى بنەڕەتى نەبین، ئەو دەستوورە بنەڕەتییە و یاساکانى لەلایەن ئێمەوە قبوڵ ناکرێت و پێوەى پابەند نابین، یانى گونجاو نییە کە ئێمە جێبەجێى بکەین و ئەوەش ئەستەمە".  

ساڵح موسلیم وتیشی "هەر بڕیارێک کە ئێمە بە ناسنامە و شوناسی خۆمانەوە بەشدارى نەبین، پەیوەندیى بە ئێمەوە نابێت. بۆ ئەوەى ئەو چاوپێکەوتنە رێگا بۆ چارەسەرى خۆش بکات، پێویستە بابەتى نووسینەوە و ئامادەکردنى دەستوورى بنەڕەتى لە چاوپێکەوتنێکى هاوبەشدا ئامادە بکرێت و بنووسرێتەوە. ئەگەر ئێمە لە قۆناغى دانوستانەکاندا بەرەوپێش بچین، بە دڵنیاییەوە ئەوا کۆمیتە و کۆمسیۆنى نووسینەوە و ئامادەکردنى دەستووری بنەڕەتیش دروست دەکرێت. هەروەها چەندین کۆمسیۆن و کۆمیتەى تریش دروست دەکرێن. یاسا، سیاسەت و هەموو بابەتەکان یەک بە یەک گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت".

ر.م