ساڵح موسلیم: لە رووی دیپلۆماسییەوە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا ساڵێکى قورسیان بەڕێکرد

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە لەبارەى کاری دیپلۆماتیکى ساڵی ٢٠١٨ لە باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا وتى، کاری دیپلۆماسیى ساڵی داهاتوو لەسەر بنەمای "چارەسەریى قەیرانى سوریا" و "ئازادیى عەفرین" بەڕێوەدەچێت.

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتی یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) لێکدانەوەى بۆ لایەنە لاواز و بەهێزەکانى کاری دیپلۆماسی لە ساڵی ٢٠١٨ لە باکوور ور ۆژهەڵاتى سوریادا بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) خستەڕوو. موسلیم رایگەیاند، لەبەر ئەوەى نەیانتوانیوە بە کاری دیپلۆماسی رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن کارە دیپلۆماسییەکانیان بە سەرکەوتو نازانێت. راشیگەیاند، کارە دیپلۆماسییەکانى ساڵی نوێ لەسەر بنەمای "چارەسەریى قەیرانى سوریا" و "ئازادیى عەفرین" بەڕێوەدەبەن.

 

"دیپلۆماسیى ئێمە بەشی نەکرد"

ساڵح موسلیم وتى "ئێمە ناتوانین بڵێن بۆ عەفرین دیپلۆماسییەکى باش بەڕێوەچووە. لەوەدا ئێمە رەخنە لە خۆمان دەگرین. ئەگەر ئێمە بمانتوانییایە لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە کارێکى باشمان بکردایە و پێشبینى و ئامادەکاریمان بەهێز بوایە، رەنگە کاری باشتر ئەنجام بدرایە. سەرباری ئەوەى بۆ عەفرین هەموو دونیامان ئاگادارکردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کارەکان بەشی ئەوەیان نەکرد، کە رێگە لە داگیرکردنى عەفرین بگرن".

ئامادەکارییەکان بۆ عەفرین

ساڵح موسلیم وتیشی "بە بەراورد بە ساڵانى پێشتر لە رووی دیپلۆماسییەوە ئەزموونى باشترمان بەدەستهێناوە. لە ئەنجامی ئەوەشدا فەرەنسا، ئەمریکا، ئوردون و وڵاتانى هاوشێوەى ئەو وڵاتانە پێداگری لەوە دەکەن، کە ئێمە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى داهاتووی سوریاوە بەشداری گفتوگۆ و دانوستانەکان بین. سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٨دا کەموکوڕیمان هەبوو، بەڵام کاری باشیش ئەنجامدراون. بەڵام هێشتا عەفرین بۆ ئێمە برینێکە. کارەکانمان بۆ عەفرین بەردەوامییان هەیە. تاوەکو گەلی عەفرین لە ژێر چادردا لە چاوەڕوانى رزگارکردنى شارەکەیاندا بن، ئەوا کاری ئێمە بۆگەڕانەوەى عەفرینییەکان بەردەوام دەبێت".

هەوڵەکانى چارەسەری

ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "لە ماوەى ئەمساڵدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ فەرەنسا، بەریتانیا و چەندین وڵاتى تر ئەنجامداوە و هاوکاتیش گرنگیمان داوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ رژێم  دا، بەڵام ئەو کارانە نەیانتوانی ئەنجامێکى بەرچاو بەدەست بهێنن. ساڵی ٢٠١٨ ئێمە لەگەڵ رژێم دانیشتین، بەڵام بە ئەنجامێک نەگەیشتین. ئێمە بە هەموو دونیامان نیشاندا کە بۆ دیالۆگ کراوەین و ئەگەر چارەسەرییەک نەیەتە ئاراوە، ئەوە تاوانى ئێمە نییە. پلان و پرۆژەمان هەیە. ئێمە هەموو کات دەڵێین، لایەنگری دیالۆگین".

یەکێتیى سوریا

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە باسی ئەوەشیکرد "بە بەردەوامى ئێمەیان لە دەرەوەى دانوستانەکانى جنێڤ، ئاستانا و سۆچی هێشتەوە. بە تایبەتى دەوڵەتى تورک رێگریى لە بەشداریکردنمان لەو دانیشتنانەدا دەکرد. بە بەردەوامى دەڵێن 'ئێمە سوریا پارچە دەکەین' ئەوە لە کاتێکدایە ئێمە بە پرۆژەى خۆسەریى دیموکراتیک بۆ دونیامان سەلماند، کە ئێمە سوریا پارچە ناکەین".

دیپلۆماسی لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە

ساڵح موسلیم ئاماژەى بەوەکرد "لەمساڵدا چاوپێکەوتنەکانیان لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی بەردەوام بوون و باشترین پەیوەندیشمان لەگەڵ میسردا دروستکردووە. باشترین پەیوەندییمان لەگەڵ میسردایە، بەڵام وڵاتانى تری عەرەبی بەسەر دووبەرەدا دابەشبوون، هەندێک پلان و حساباتیان لەگەڵ تورکیا هەیە و هەندێکیى دیکەشیان پلان و حساباتیان لەگەڵ رژێمدا هەیە. بۆیە ئێمە نەمانتوانى پەیوەندیى بەهێز لەگەڵیاندا دروست بکەین".

دیالۆگی ناوخۆیى

بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەیەدە ئەوەشی خستەڕوو "هەوڵەکانمان بۆ دیالۆگ و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانى رۆژئاوا  بەردەوامیى هەیە. پەیوەندیشمان باشە و کار لەگەڵ حیزبەکانى رۆژئاوا دەکەین، بەڵام ئەوانەى دەرەوە دژبەرانە دەجوڵێنەوە و شان نادەنەبەر رێککەوتن".

ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "لەم دواییانەدا هەوڵماندا لە رۆژئاوا پەیوەندیى لەگەڵ هەموان دا دروست بکەین. حیزبی رەوا بوونیان هەیە کە سیستمەکەى ئێمەیان قبوڵ کردووە. ١٥ی مانگ لەگەڵیاندا چاوپێکەوتنمان ئەنجامدا و لە ئەنجامدا کۆنووسێکمان ئامادەکرد. ئێمە بڕیارمانداوە کە هەموو مانگێک لەگەڵ یەکتر کۆببینەوە و هەڵوێستێکى هاوبەش بۆ بابەتەکان و پێشهاتەکان بخەینەڕوو. بەڵام حیزبەکانى تر لەگەڵ تورکیادان و سیستمەکەى ئێمە قبوڵ ناکەن. بۆ ئەوەى ئێمە بتوانین پەیوەندى لەگەڵ ئەوانیش دروست بکەین بە دواى شێواز و رێگادا دەگەڕێین. ئەو حیزبانە تاوەکو ئێستا وەڵامێکى باشیان نەداوینەتەوە، بەڵام ئەگەر ئێمە بتوانین دیالۆگ ئەنجام بدەین کارێکى باش دەبێت. بێگومان هەندێک شتیش بنەما و پێوەری خۆی هەیە، ئەگەر یەکێک هەستێت و بڵێت 'من تۆم قبوڵ نییە' ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی مانایەک، یان ئامانجێکى جیاواز لە رێککەوتن".

یەکێتیى نەتەوەیى

ساڵح موسلیم ئەوەشی وت "یەکێک لە ئامانجە بنەڕەتى و سەرەکییەکانمان 'یەکێتیى نەتەوەییە' لەو پێناوەشدا دیالۆگمان لەگەڵ حیزب و هێزە سیاسییەکانى پارچەکانى تر بەردەوامیى هەیە. ئێمە هیوادارین ئەو کێشانە چارەسەر ببن و دۆخەکە باشتر ببێت. ئێمە ئامادەین کە لەو بوارەدا ئەوەى لە دەستمان بێت ئەنجامی بدەین، چونکە بێگومان ئامانجمان بەستنى کۆنگرەى یەکێتیى نەتەوەییە".

ئازادیى عەفرین

ساڵح موسلیم بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى پارتى یەکێتیى دیموکراتیک (پەیەدە) لە کۆتایى قسەکانیدا وتیشی "گەورەترین کار و ئەرکمان ئازادیى عەفرین و پێچەوانەکردن و بێکاریگەرکردنى هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکە. گەورەترین هیوامان ئەوەیە گەلی عەفرین بگەڕێنەوە شارەکەی خۆیان. هەموو کارەکانى ئێمەش لەو پێناوەدا دەبن. ئێمە دەمانەوێت لە رووی سیاسی و دیپلۆماتیکەوە ببینە دەنگی بەرخودانى گەلەکەمان. دانیشتنى جنێڤ-مان لە بەردەمدایە. تورکیا بەو هۆیەوە بێزار و تەنگاوە. ئێمە هیودارین لەگەڵ هەندێک کەسی ئازاد و لایەنى سوریا دانیشتن ئەنجام بدەین چارەسەرییەک بۆ سوریایەکى ئارام و خۆش بخوڵقێنین".

ر.م