سلێمانی، لە پێشانگایەکی شێوەکاریدا یادی شەهید دیار غەریب کرایەوە

لە شاری سلێمانی بە مەبستی یادکردنەوەی شەهید دیار غەریب، پێشانگایەکی شێوەکاری و هونەری بە نمایشکردنی بەرهەمەکانی ٢٣ شێوەکار کرایەوە کە لە لایەن رێکخراوی نوێگەر رێکخرابوو.

 پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە باخی گشتی شاری سلێمانی، پێشانگایەک لەلایەن ڕێکخراوی نوێگەر بۆ گەشەپێدانی هونەری لەژێر ناوی (هەڵهەڵەی ڕەنگ بۆ شۆڕشگێڕێکی نوێگەر) بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدکردنی دیار غەریب ناسراو بە "هەڤاڵ هەڵمەت" کرایەوە.

لە پێشانگاکەدا ٢٣ کاری هونەری بۆ ۲۳ هونەرمەندی شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات کردەوە، کە نیوەی شێوەکارەکان ژن بوون.

پێشانگاکە لەلایەن دایکی شەهید دیار غەریب'ـەوە کرایەوە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر میوان و هاوڵاتی لە پێشانگاکەدا ئامادبوون، تییدا ژمارەیەک لە کتێبەکانی شەهید دیار بۆ میوانەکان نمایشکراو و بەشێک لەکتیبەکانیش وەک دیاری بەسەر میواناندا دابەشکرا.

شێوەکارانی بەشداربوو دڵخۆشبوون بەوەی توانیویانە بەشداریی بکەن، ڕاشیانگەیاند، کارێکی لەو جۆرەش لە ئاست "گەورەیی هەڤاڵ دیار و شەهیدانی کورددا کەمە".

پێشانگاکە بۆماوەی دوو ڕۆژ و لە کاتژمێر ٠٤:٠٠ بۆ ٠٧:٠٠ی ئێوارە بەردەوام دەبێت و بڕیارە لە داهاتوو لە چەند شاروشارۆچکەیەکی دیکەش وێنەکان نمایشبکرێن.

هەروەها بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتووشدا ئەو پێشانگایە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان بکرێتەوە.

'نامۆ ڕۆستەم، سمکۆ سەلام، پەپولە یوسفی، جومعە کەریم، تارا محەمەدئەمین، دانا غەفور، ژین ژیار، سارا سدیق، ئوزلەم بیلەن، ڕووکەن پیران، ڕۆژین پیران، ڕوستەم کارهان، پنار بیلەن، بێوار ئیزەر، عەگید کارا، کاموران بابات، دیجلە ئادۆگیت، ڕۆژین تۆک، غوربەت تونج، ڕۆشەنگ ئای دەمیر، مەدینە تۆک، هەولێر ئادانمش' ئەو شێوەکارانەن لەم پێشانگایەدا بەشدارن.

ز.ش