سوریا: تورکیا تەنها زمانى هێرش و داگیرکەری دەزانێت!

وەزارەتى دەرەوەى سوریا لەبارەى دروستکردنى ناوچەیەکى ئارام لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتى تورک دا وتى، "ئەوە هێرشی داگیرکەریى تورکەکانە".

ئاژانسى هەواڵی سانای سوریا بڵاویکردەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دەرەوەى سوریا وتویەتى "رژێمى تورک جارێکیتر تەنها بە زمانى داگیرکەری و هێرش قسە دەکات".

رژێمى سوریا لێدوان و راگەیاندراوەکان لەبارەى 'ناوچەى ئارام'، کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتى تورک دا بێت بە 'نا بەرپرسیارانە' لێکدایەوە و ئەو کارەى بە هەوڵی 'داگیرکەرانە' پێناسە کرد.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، دەوڵەى تورک 'پشتیوانى لە تیرۆریزم دەکات' و وتیشی، بە هەموو هێز و تواناى خۆیانەوە هەموو سوریا دەپارێزن.

ئەوەشی وتوە "ئێمە ئامادەین کە لە دژی داگیرکەریى تورکیا و هەموو هێرشەکان، گەلی خۆمان و خاکی خۆمان بپارێزین".

ر.م