سوپای تورک لە حەفتانین لە زەلکاودا چەقیوە و زیاتر لە ١٠٠ سەربازی تری لێ کوژراوە

لە ٤ بۆ ٥ رۆژی رابردوو لە حەفتانین زیاتر لە ١٠٠ سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کوژراون و ئەوەش یانی سوپای تورک کەوتووەتە ناو زەلکاو.

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار لە دژی سوپای تورک، کە خاوەنی تەکنەلۆژیایەکى گەورەیە و هێزێکى زۆری سەربازی و سیخوڕیی هەیە، بەرخودانێکى گەورە دەکەن.

بەپێی ئامارەکانى هەپەگە لە ٤ بۆ ٥ رۆژی رابردوو زیاتر لە ١٠٠ سەربازی سوپای تورکی داگیرکەر کوژراون، ئەوەش بە روونی نیشانەى ئەوەیە، کە دەوڵەتى تورک لە زەلکاودا چەقیوە. ئەوەش هێز و ئیرادەی گەریلا بە شێوەیەکى روون و ئاشکرا دەردەخات و سەلێنەری ئەوەیە، کە ئەوەندە ئاسان نییە داگیرکەران ئەو چیا و شاخانە لە دەستی ئەو گەنجانە دەربهێنن، کە لەسەر رێگاکەى عەگید و زیلانن.

گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار رایدەگەیەنن، بێگومان نیشتمانی کوردان نابێتە بەهەشت بۆ داگیرکەران. بۆ گەریلاکانی حەفتانین ئەوە تەنها شەڕی رزگاری لە دژی داگیرکەر نییە، بەڵکو تێکۆشانی ئازادی، دیموکراتیک، ئیکۆلۆژی، ئازادیی ژن و پاراستنی مافی هەموو گەلانە.

وەک دەزانرێت تاکە سەرچاوەى پەکەکە عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و شەهیدانە. هەموو هێز، توانا، حەماسەتی ژیان، ورە و وزەی ناکۆتایی خۆیان لە فەلسەفە و رێکخستنی رێبەر ئاپۆ وەردەگرن. لەگەڵ ئەوەشدا نەریت و کولتوری تێکۆشانی شەهیدانیان بۆ خۆیان چەسپاندووە و ورەی بونیاتنانی ژیانێکى نوێ بووە بە سەرچاوەی هێزی گەریلا.

یەکێک لە هێزەکانى تری پەکەکە و گەریلاکان، کە ئەمڕۆ لە حەفتانین شەڕ دەکەن، ئەو پشتیوانییەیە، کە لە گەلەوە وەریدەگرن. هەر راپەڕین و رێپێوان و خۆپیشاندانێک، هەر ناڕازیەتییەک، هەر بەشداریکردن لە ناو ریزەکانى گەریلادا بۆ گەریلا دەبێتە هێز و ورە. ئەوەش یەکێک لە فاکتەرە بنەڕەتییە گەورە و بەهێزەکان بە گەریلا دەبەخشێت و دەبێتە قەڵا و پاڵپشتی.

 گەریلا و گەل ئەو فاکتەرانە کە لە یەکتری دانابڕێن. هەر کە گەریلا شەڕ دەکات، گەل بە هێز دەبێت و کاتێک گەل ورەی وەرگرت و بەکاری هێنا، گەریلاش سەرلەنوێ هێزی خۆی لە شەڕدا کۆ دەکاتەوە و بەو شێوەیە تێکۆشانی شۆڕشگێڕی کە هەرگیز کۆتایی پێنایەت دەئافرێنێت. تێکۆشانی گەریلا و هەڵوێستی گەل سەرکەوتنی ئازادیخوازانەیانی لێدەکەوێتەوە.

ژ.ت