سوپای داگیرکەر٤٠٠ دار زەیتوونیان لە عەفرین بڕی

چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورک لە ناوچەی شەرا لە عەفرین زیاتر لە ٤٠٠ دار زەیتوونیان بڕی، بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار دار زەیتوون لە عەفرین بڕاونەتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی خەڵکی عەفرین، لە گوندی کەفەرجەنە لە ناوچەی شەرای عەفرین، چەندین داری زەیتوون لەلایەن چەتەکانەوە بڕدراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، گروپێکی چەتەکانی لیوا ئەلوەقاس لە گوندی سەنارێ و هێکێچە لە ناوچەی شیای عەفرین ٤٠٠ داری زەیتوونی تەمەن ٤٠ ساڵیان بڕیوەتەوە.

ئەو دارانەی بڕدراون

"٧٠داری زەیتوون هی هاوڵاتی حەسەن سەبری لە گوندی سەنارێ، ٥٠ داری زەیتوون هی هاولاتی لوقمان قازرقلی دالۆ لە گوندی هێکێچە، ٤٠ داری زەیتوون هی هاولاتی مستەفا محەمەد حەسەن لە گوندی هێکێچە، ١٠٠ داری زەیتوون هی وەلید سولەیمان ئیبراهیم لە گوندی هێکێچە و ١٥٠ داری زەیتوون هی محەمەد سولەیمان ئیبراهیم لە گوندی هێكێچە".

١٠ هەزار دار زەیتوون بڕاونەتەوە

دەولەتی داگیرکەری تورک بە بڕینەوەی دار زەیتوون دەیەوێت دیموگرافیای ناوچەکە بگۆڕێت و داگیری بکات، هاوڵاتیانیش ناچار دەکات شوێنەکانیان جێبهێڵن یان داگیری دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە لەلایەن سوپای داگیرکەری تورک و گروپە چەتەکانەوە، زیاتر لە ١٠ هەزار دار زەیتوون بڕاونەتەوە.