سوپای سووریا ڕایگەیاند کە پاراستنی سنوورەکانی منبج دەکات

فەرماندەی گشتی سوپای سووریا ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە کە یەکەکانی ئەوان دەربازی شاری منبج بوونە و سوورن کە تیرۆریستان لەناوبەرن و هەموو داگیرکەران لەسووریا دەربکەن.

ئەمڕۆ دوای داواکاری یەپەگە لە دەوڵەتی سووریا بۆ پاراستنی منبج، هێزێکى سوپاى سووریا بۆ پاراستنى ئەوشارە لە هەڕەشەکانى دەوڵەتى تورکیا دەربازی منبج بوون.

دەربارەی دەربازبوونی سوپای سووریا بۆ شارى منبج، سوپاى سووریا ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردووەتەوە و تێیدا جەختیکردەوە لەسەرگرنگى یەکبوونى هەوڵەکان بۆ پاراستنى سەروەریى نیشتیمانى کرد، هەروەها دەڵێن: تیرۆر لەناودەبەن و هەموو هاووڵاتیانى سووریا لە دەستى داگیرکەرەکان دەپارێزن.

پێشتر یەکینەکانى پاراستنى گەل- یەپەگە، بانگەوازییەکى لە دەوڵەتى سووریا کردبوو، کە خاکى منبج لە دەستى داگیرکارى تورکیا بپارێزێت.

شارى منبج، دەکەوێتە باکورى سووریا و باشورى شارى جەرابلوس، زۆرینەى دانیشتوانەکەى عەرەب-ن، لەساڵى ٢٠١٦ لەلایەن هێزەکانى سووریاى دیموکرات- قەسەدە-وە لە دەستى چەتەکانى داعش ڕزگارکرا، لە دواى ڕزگارکردنى هێزەکانى قەسەدە لەو شارە کشاونەتەوە و ئاسایشى منبج لەلایەن ئەنجومەنى سەربازى منبج-ەوە دەپارێزرێت، هەرچەند کە هێزەکانى یەپەگە لەوێ نین، بەڵام دەوڵەتى تورکیا بەردەوام هەڕەشەى داگیرکردنى منبج دەکات.