سەرلەنوێ شارەوانییەکانی هەدەپە گەمارۆ درانەوە

 شارەوانییەکانی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین لەلایەن ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپەوە دەستیان بەسەرداگیرا و بە چەند بازگە و بەربەستێکیش شارەوانییەکانیان گەمارۆ دا.

شارەوانییەکانی گەورە شارەکانی ئامەد، وان و مێردین دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی فاشیستیی ئاکەپە - مەهەپەوە گەمارۆ دران و قەیومیان بۆ دانرا، لەلایەن پۆلیسی تورکەوە گەمارۆ دران.

 پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر بینای شارەوانییەکانی شارە مەزنەکانی ئامەد و وان. سەرەتا بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و چەندین پۆلیس بیناکانیان گەمارۆ دا ودواتر دەرگای بینای شارەوانییەکانیان شکاند و چوونە ناو بیناکە و دەستیان پشکنینی بینای شارەوانییەکان کرد.

 بەربەستەکانی پۆلیس، کە دوای هەڵبژاردنی ٣١ی ئاداری ٢٠١٩ /١١ی نەورۆز (خاکەلێوە) لابرابوون جارێکی دیکە لەلایەن پۆلیسەوە دانرانەوە.

حەسەن بەسری گیوزەل ئوغڵوو پارێزگاری ئاکەپە لە ئامەد کرا بە قەیوم و بەسەر شارەوانیى ئامەد دا سەپێنرا. پۆلیسی تورک دەرگای بینای شارەوانیی ئامەدی شکاند و چووە ناو بینای شارەوانییەکەوە.

لە مێردینیش پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بینای شارەوانی

لە مێردینیش دوای ئەوەی پارێزگار مستەفا یامان کرا بە قەیوم و بەسەر شارەوانیى مێردین دا سەپێنرا، پۆلیسی تورک هەڵیکوتایە سەر بینای شارەوانیی گەورە شاری مێردین.

پۆلیس لەو هەڵکوتانەیاندا بۆ سەر بیناى شارەوانیى مێردین بە چەندین ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و حۆری تۆما شارەوانییەکەی گەمارۆ داوە و ڕێگە بە چوونە ناوەوە و هاتنەدەرەوەی خەڵک نادرێت. ئەوەش وتراوە کە هەموو ژوورەکانی شارەوانی دەپشکنرێن.

ئەو بەربەستانەی پۆلیس، کە پێشتر لە دەوروبەری و بەردەم بینای شارەوانیدا لابرابوون، جارێکیتر و سەرلەنوێ لەلایەن پۆلیسی دەوڵەتى تورکەوە دانراوە.

هەروەها دەوترێت لە ئامەد سۆسیال میدیاش لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە فیلتەر و ئاستەنگ کراوە.

****

ژ.ت