سەرچەتەی میت لە عەفرین کوژرا

فەرمانداریەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە"ی عەفرین رایگەیاند کە لە ئەنجامی چالاکیەکانی یەپەگەدا، چوار چەتە کوژراون کە یەکێکیان سەرچەتە جەمال زەخلولە.

فەرمانداریەتی گشتیی یەپەگە لێدوانێکی نوسراویان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە "هێزەکانیان لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی بەرخۆدانی سەردەم، لە عەفرین چالاکیەکی بەکاریگەریان لە دژی سوپای تورکیای داگیرکەر و گروپی چەتەکانیان ئەنجام داوە"

بە چالاکیەکی تایبەت سەرچەتە جەمال زەخلول کوژرا

لە لێدوانەکەی فەرمانداریی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل "یەپەگە" دا هاتووە "پاش لێکۆڵێنەوەی چەند رۆژەی هێزە تایبەتیەکانمان، دەرکەوت کە سەرچەتە جەمال زەخلول ئەرکی بەجێکردنی خێزانی چەتەکانی خستۆتە سەر خۆی لە عەفرین، پاشان و لە چالاکیەکەی یەکینەکانماندا، ئەو سەرچەتەیە کوژرا"

لە بەردەوامی لێدوانەکەدا هاتووە "سەرچەتە جەمال زەخلول کە دانیشتوانی عەفرینی لە ماڵەکانیان دەردەکرد، پێشتر دوو جار لەگەڵ بەرپرسانی میتی تورکی دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجام داوە لە تورکیا، دەرئەنجامی ئەوەش، میتی تورکی ئەرکی ئاواکردنی هێزی ئاسایشی ناوخۆی چەتەکان و رێکخراوی بەناو دەستەی رەوا و دادگاکانیان دابوو بە جەمال".

رۆژێک بەر لە کوژرانی، جەمال زەخلول لەگەڵ چەتەکانی فرقەی ئەلحەمزە و فەیلەقی ئەلشام لە گوندی باسوتێ سوڕابوویەوە و بە مکەبەرە بەسەر گوندنشینانیدا فەرز کردبوو کە جلوبەرگی شەرعی لەبەربکەن و ژنانیش بۆیان نیە لەماڵەکانیان بێنە دەرەوە. داواشی کردبوو کە گوندنشینان چەکەکانیان رادەستی ئەوان بکەن و هەر کەسێک بە گوێیان نەکات، لە ماڵەکەی دەری دەکەن.

لە لێدوانەکەی یەپەگەدا روونکراوەتەوە "دوێنێ کاتژمێر ٧ ی ئێوارە هێزەکانمان ئۆتۆمبێلی جەمال زەخلولیان لە نێوان گوندەکانی باسوتێ و کورزێلەدا بە ئامانج گرت، لەئاکامی چالاکیەکدا ئۆتۆمبێلی زەخلول تێکوپێک درا و خۆیشی کوژرا، پاش ئەنجامدانی چالاکیەکە بە سەرکەوتوویی، چەتەکانی فەیلەقی ئەلشام خۆیان گەیاندە شوێنی چالاکیەکە، بەڵام هێزەکانمان ئەوانیشیان بە ئامانج گرت و لەئاکامدا ٣ چەتەی تری ئەو فەیلەقەش کوژران و ئۆتۆمبێلەکەیان تێکوپێک درا".

"دەربارەی گۆڕینی دێموگرافی ناوچەکە یەپەگە هۆشداریدا"

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیاندا، یەپەگە رایانگەیاندووە "بەم بۆنەیەوە سەرنجی رای گشتیی بۆ لێدوانی پێشووترمان رادەکێشین کە دەربارەی گۆڕینی دێموگرافی عەفرین و بەجێکردنی ماڵباتی دیکە لەجێگەی خەڵکی شارەکە لەلایەن تورکیا و چەتەکانیانەوە، بۆ هەموو لایەکی رادەگەیەنین کە لەمەولا ئەو خێزانانەی کە لە عەفرین بەجێکراون ئامانجی چالاکی هێزەکانمان دەبن، چونکە هەبوونی ئەوان لە عەفرین ڕەوا نیە و پێشێلکردنی مافە سروشتیەکانی مرۆڤایەتییە"

لە درێژەی لێدوانەکەی یەپەگەدا هاتووە "هێزەکانمان لەسەر بنەمای پاراستنی نرخی مرۆڤایەتیی بە قوربانی زۆر و مەزن هەرێمەکەی پاراست، هەروەها عەفرین ژمارەیەکی بێشوومار پەنابەریشی لە ئامێز گرتبوو کە لەبەر جەنگ هەڵهاتبوون، لەبەر ئەو هۆکارانە ئێمە لێرەوە هەموو ئەو کەسانە هۆشیاردەکەینەوە کە بە یاریەکانی تورکیا و گروپی چەتەکانیان خڵەفاون، بەشداری ئەو یاریە نەکەن و نەهێڵن ببنە کاڵای كڕین و فرۆشتنی دەستی تورکیا، بۆ رای گشتییشی رادەگەیەنین کە هێزەکانمان هەر کەس و لایەنێک دەکاتە ئامانج کە لەگەڵ تورکیا دەست تێکەڵ بکات"

لە کۆتایی لێدوانەکەیاندا، یەپەگە رایانگەیاندووە "بەرخۆدانی گەلەکەمان کە لە واروزێدی خۆیان بە زۆری زۆرداریی دەرکراون بەرزدەنرخێنین، گەلەکەمان داگیرکاریی قەبوڵ نەکرد و ئێمەش دیسانەوە بەڵێن دەدەین کە عەفرین رزگار بکەین، بە بەرخۆدان و خۆراگریی، گەلەکەمان دەگەیەنینە ژیانێکی ئارام و ئاسایش بۆ ناوچەکە دەگەرێنینەوە".