بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر: سەرکەوتن لە باغۆز، سەرکەوتنی گەلانی جیهان و مرۆڤایەتیە

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی کردەوە، سەرکەوتنی جەنگی باغۆز نەک تەنها بۆ قەسەدە، بەڵکو بۆ گشت گەلانی جیهان و مرۆڤایەتیشە، هاوکات سەرکەوتنی شارستانیەتە لە بەرامبەر تاریکی و دڕندایەتی.

لە یەکەمین ساڵیادی سەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە لە جەنگی باغۆزدا بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لە بایاننامەکەدا هاتووە:

"ساڵێک بەسەر سەرکەوتنە مەزنەکەی دژی رێکخراوی تیرۆرستی داعشدا تێپەڕی لە شارۆچکەی باغۆز. ئەم سەرکەونە مەزنە گەورەترین رێکخراوی تیرۆرستی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەناو برد و بە هەزاران خەڵکی مەدەنی بێگوناح کە داعش ژیانی لێ تاریک کردبوون، رزگار کرد.

یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگە، یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە و هاوکات هێزەکانی سوریای دیمۆکراتیک-قەسەدە لە دژی چەتەکانی داعش بە قارەمانانە خۆڕاگریان کرد و بە هەزاران قوربانیاندا، بۆ ئەوەی رێگە لە کۆمەڵکوژی و پاکتاوی نەژادیی داعش، بگرن. داستانی خۆڕاگری لە کۆبانێ دەستی پێکرد، کە سەرەتای کۆتاییهاتنی ئەم رێکخراوە بوو کە پشتیوانیەکی گەورەی سەربازی و مرۆیی هەبوو. لە کۆبانێ لە سایەی فیداکاریی هەموو پێکهاتەکان و بە بەشداری لایەنە کوردستانیەکان، هاوکات بە پشتیوانی هەموو ئازادیخوازانی جیهان، داعش لە ناو چوو.  

سەرکەوتنی باغۆز، رێکخراوی داعشی لە ناو برد کە موسڵ و رەقای داگیر کردبوو، هاوکات لە دژی گەلەکەمان لە شەنگال کۆمەڵکوژی ئەنجام دابوو. داعش دروشمی "ئێمە هەمیشەیین و بڵاو دەبینەوە" ی هەڵگرتبوو و بە هێزێکی پێشکەوتووی سەربازی خۆی ئامادە کردبوو، هاوکات لە سەرتاسەری وڵاتانی جیهانەوە چەکداری لە خۆی کۆکردبووەوە و خاوەندی تاکتیک، پشتیوانی و چاودێری دەزگای هەواڵگری تورکیا بوو. بۆیەش ئەم رێکخراوە ببووە هەڕەشە بۆ سەر هەموو جیهان.

داستانی سەرکەوتنی باغۆز تەنها سەرکەوتنی قەسەدە، پێکهاتەکانی هەرێمەکە و هێزەکانی هاوپەیمانان نەبوو، بەڵکو سەرکەوتنی هەموو مرۆڤایەتی بوو. سەرکەوتنی رێڕەوی شارستانیەت بوو، لە دژی دڕندایەتی و کوشتن و تاریکی.

ساڵیادی سەرکەوتنە مێژوویەکە باغۆز، لە کاتێکدایە کە ئەم رێکخراوە هەوڵ دەدات بەرماوەکانی کۆبکاتەوە و ریزەکانی بەرێکخستن بکاتەوە. هاوکات سوود لە داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا وەردەگرێت، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی بتوانێت بەردەوام بێت لە هیرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی و لە گوند و شارە ئارامەکان کردەوەی کوشتن و تاڵانکردن ئەنجام بدات.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی بە رێگای هێرش و پەلەمارەکانیان و داگیرکردنی ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بە هەموو شێوازێک، پشتیوانی لە بەردەوامبوونی چەتەکانی داعش دەکەن، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بەهێزی بکەنەوە.

هاوکات بوونی هەزاران گیراوی داعش لە گرتووخانەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هەبوونی هەزاران ژن و منداڵیان، ئەگەر بتوانن بیان فڕێنن، مەترسیەکی گەورە لەسەر هەموو جیهان دروست دەکات. ئەمەش رێگا بۆ خۆبەرێکخستنەوەیان خۆشدەکات و لە داهاتوودا لە شەڕەکاندا بەکاریان دەهێنن.

ئەم چەتانە بۆمبی تەوقیتکراون کە نازانرێت کەی دەتەقنەوە، دەبێت بە وریایی و بە پشتیوانی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

ئێمە بانگەوازی ئاڕاستەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە چارەسەریەکیان بۆ بدۆزنەوە و ئەم بارە نەخەنە سەر شانی تەنها بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و رێکخراوەکانی. دەبێت لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستی کرداری خۆیان بنوێنن و دادگایەکی نێودەوڵەتی رێک بخرێت و تاوانباران رادەستی ئەو دادگایە بکرێن. هاوکات دەبێت بۆ سەر لە نوێ ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش رزگار کراون، بەرنامەیەک دابڕێژن و ئەو هاوڵاتیانەی رووبەرووی زوڵمی داعش و سیاسەتی رێکخراوە تیرۆرستیەکان بوونەتەوە، سەر لە نوێ بەرێکخستن بکرێنەوە."

ز.ش