شاهیدەکەى مێژوو؛ قەڵای نەجم

قەڵای نەجم دەکەوێتە دەشتاییەکانی شاری منبج لە باکوری رۆژهەڵاتی شاری حەلەب. یەکێکە لە دیارترین و گەورەترین قەڵاکانی سوریا. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانییەکان.

قەڵای نەجم مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانییەکان. چەندین هێز بەم قەڵایەدا تێپەڕیون وەکو بێزەنتینەکان، فاتمیەکان، سەلجوقیەکان، ممالیک، زەنگییەکان و ئەیوبیەکان لەگەڵ ئەوەی ئەم شانشینانە شەڕی زۆر بەهێزیان لەو قەڵایەدا کردووە و پاشان چەتەکانی داعش دستکاریی دیوارەکانیان کردووە، بەڵام ئەم قەڵایە هەر بە پۆڵایی هەتا ئێستا ماوەتەوە.

شاری منبج و دەشتاییەکانی لە دێر زەمانەوە چەندین شوێنی مێژوویی تێدایە، بەڵام قەڵای نەجم بە گرنگترین و کۆنترین قەڵای ئەم ناوچەیە دادەنرێت لە سوریا، کە ١٣٥ کیلۆمەتر لە شاری حەلەب و  ٣٠ کیلۆمەتریش لە منبجەوە دوورە.

ئەم قەڵایە وەکو شوێنێکی ستراتیجی عەسکەری بە کار هاتووە. بە هۆی شوێنە سترتیجیەکەیەوە کە دەریای ناوەڕاست بە ناوچەی مێزۆپۆتامیا دەبەستێتەوە، هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەم قەڵایە بە ناوی کوڕەکەی سەڵاحەدین ئەیوبییەوە ناونراوە، کە ناوی نەجم بووە، ئەم قەڵایەش بە کارهاتووە بۆ رێگریکردن لە هەڵمەتی خاچ پەرستەکان بۆ ناوچەکە.

جاسم هۆشۆ کاری پاراستنی ئەم قەڵایەیە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی وت: ''٢٠ ساڵە لەم قەڵایەدا کاردەکەم. ئەم قەڵایە لە سەردەمی رۆمانییەکان دروست کراوە. پاشان نورەدین زەنگی تازەی کردووەتەوە و دواى ئەویش سەڵاحەدین ئەیوبی_یش تازەی کردووتەوە، چونکە شوێنێکی سەربازی ستراتیجیە.''

وتیشی: ''ئەم شوێنە لە ٣ نهۆم پێکهاتووە، کە بازاڕ و حەمام و مزگەوت و بورجی سەربازی و عەمباری گەنم و شوێنی ئاو هەڵگرتنی تێدایە. ''

قەڵاکە، کە لە ٣ نهۆم پێکهاتووە ە لە نهۆمی ژێرزەوی شوێنە نهێنییەکان و عەمبار و بورجی بەرگری و رێگەی نهێنیی تێدایە، هەروەها گۆرستانی بە کۆمەڵی ئەو خێزانانەی تێدایە، کە لەو سەردەمەدا لەوێ ژیاون. نهۆمی یەکەمی سەرزەوی پێکهاتووە لە هۆلی هاتوچۆ و حەمام و ژووری جۆراوجۆر و هەروەها بازاڕێکی تێدایە.

نهۆمی دووم بریتییە لە بەشی بەلەکۆنە کە روو لە رووباری فوراتە لە سێ لاوە، لە سەرەوەی چەندین شوێنی پاسەوانی هەیە و ناوچەیەکى بەرفراوانی لێوە دەبینرێت.

ئەم قەڵایە گرنگی خۆی هەبووە وەکو شوێنێکی سەربازی. حەمدانیەکان دەستیان بە سەر ئەم قەڵایەدا گرت لە ساڵی ٩٤١ی زاینی. پاشان فاتمییەکان حوکمی ئێرەیان کرد لە ساڵی ٩٧٠ی زاینی، پاشان مرادسییەکان هاتن ساڵی ١٠٢٧ و پاشان بنو نمیر حوکمی کرد لە سەردەمی سەلاجقییەکان. ئینجا گواسترایەوە بۆ زەنگییەکان لە ساڵی ١١٢٧ی زاینی. دوای مردنی سەڵاحەدین ئەیوبی نەوەکانی لەم قەڵایە حوکمیان دەکرد تا هاتنی هۆلاکۆ بۆ سوریا لە ساڵی ١٢٥٩ی زاینی کە ئەم ناوچەیەی داگیرکرد.

دوای ئەوەی بومەلەرزەیەکی بە هێز لە ناوچەکەی دا نورەدین مەحمود لە ساڵی ١١٦٩ی زاینی ئەم قەڵایەی نۆژەنکردەوە.

بۆ ماوەیەکی زۆر ئەم قەڵایە لەلایەن عوسمانییەکانەوە وەکو بنکەیەکی سەربازی بەکارهاتووە. عوسمانییەکان ئەم قەڵایەیان وێران کرد لە ساڵی ١٨٢٠ و بە تۆپ لە قەڵاکەیاندا پاش ئەوەی عەشیرەتێک یاخیبوون لە باج دان بە عوسمانیەکان و خۆیان لەو قەلایە جێگیرکرد.

لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئۆپەزسێونی سوریا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣دەستی بەسەردا گیرا، بەڵام زۆری نەخایەند چەتەکانی داعش ئەم قەڵایەیان داگیر کرد وەکو شوێنی مەشقپێکردنی چەتەکانیان بەکاریان هێنا.

 لەکۆتایدا ئەم قەڵایە لە لایەن هێزەکانی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پارستنی ژن (یەپەژە) لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکرا.

ر.م