شایەتحاڵەکانى کۆمەڵکوژییەکەی قامیشلۆ باس لە دڕندەیى دەوڵەتى تورک دەکەن

٣٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەى قامیشلۆدا تێپەڕی، کە دەوڵەتى تورک لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠دا ١٦ کەسی لە ماڵێکدا کۆمەڵکوژ کرد. شایەتحاڵەکانى کۆمەڵکوژییەکە دەڵێن، دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى کورد بکوژێت هەموو کات بیانوویەک بۆ خۆی دادەتاشێت.

دەوڵەتی تورک بۆ کوشتنی کوردان و کۆمەڵکوژکردنیان بیانوویەک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. دەوڵەتى تورک لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠ / ٢١ی سەرماوەز و بە پشتیوانى دەزگاى هەواڵگریى رژێمى سوریا لە شاری قامیشلۆ لە رۆژئاواى کوردستان هێرشی کردە سەر ماڵێک و بەرپرسانى باڵا و ئەندامانى رێکخستنى کاوە و خاوەن ماڵەکەیان کۆمەڵکوژ کرد.

لە دواى راپەڕینى ئاگری لە ساڵی ١٩٣٠دا ئەو کۆمەڵکوژییە یەکەمین "ئۆپەراسیۆنى دەرەوەى سنوور" بوو، کە دەوڵەتى تورک لە دژی کوردان ئەنجامی دا. لە کۆمەڵکوژییەکەدا کۆرپەڵەیەک لە سکی دایکیدا و ١٥ کوردی وڵاتپارێز کوژران.

دەوڵەتى تورک ئێستا بە بیانوی "پەکەکە، یەپەگە و پەیەدە" هێرش دەکاتە سەر رۆژئاواى کوردستان و لە بابەتى کەرکوکیش دا پێش حکومەتى عێراق دەستى بە هەڕەشە کرد و سوپاى لەسەر سنوور کۆکردەوە. لە ماوەکانى رابردوشدا بۆ کوشتنى کوردان بیانوی یەک لە دواى  یەکى دروست دەکرد و دەستى بە کوشتن و کۆمەڵکوژکردنى کوردان دەکرد.

  دەستەیەک لە فەرماندەیى شەڕی تایبەتى فەرماندەیى گشتیى سوپاى تورک لە شەوی ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٠ / ٢١ی سەرماوەزدا بە پشتیوانیى دەزگاى هەواڵگریى رژێمى بەعسی سوریا و هەندێک کوردی بە کرێگیراو، کە دواتر بوونە بە کرێگیراوی دەزگاى هەواڵگریى جەندرمەی تورکیا (ژیتەم - JİTEM)، هەڵیانکوتایە سەر ماڵێک لە گوندی جرنک لە قامیشلۆ. سەربازانى تورک ٦ کادێری رێکخستنى کاوە و ٩ کەس، کە ئەندامى یەک خێزان بوون و خاوەنى ماڵەکە بوون کۆمەڵکوژ کرد.

حوسێن ئارسلان ئەندامى کۆمیتەى ناوەندیى کاوە، محەمەد ئەمین موتلو ئەندامی ئەنجوومەنى سەربازیى کاوە، نەجلا باکسی بەرپرسی کۆمیتەى ژنانى کاوە (لە کاتى کوژرانەکەیدا دوو گیان و سکی ٤ مانگ بوو)، محەمەد دورسون، موسلوم یڵدز و حەسەن ئاتەش ئەندامانى کاوە لەگەڵ رەمەزان کابرەشی خاوەن ماڵ و منداڵەکانى بە ناوەکانى، ئازاد رەمەزان، حەنیفە رەمەزان، شوکرو رەمەزان، خۆشناو رەمەزان، ئەمینە رەمەزان، عەبدولکەریم رەمەزان، فەرهاد کەریم و کاوە کەریم کۆمەڵکوژ کران.

شایەتحاڵەکانی ئەو کۆمەڵکوژییە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەیان کرد. هەیبەت ئاچکگۆز یەکێک لە رزگاربووەکانى ئەو کۆمەڵکوژییەی ٣٨ ساڵ لەوە پێشە و شایەتحاڵێکى کۆمەڵکوژییەکە و شایەتحاڵەکانی تری ئەو کۆمەڵکوژییە محەمەد حەجی سەید، زەینەب شەرۆ و ساڵح گەدۆ رایانگەیاند، دەوڵەتى تورک بۆ ئەوەى کوردان بکوژێت هەموو کات بۆ خۆی پاساو و بیانویەک دادەتاشێت. راشیانگەیاند، عەقڵییەتى رژێمى سەربازیى ئەو کاتی تورکیا ئێستاش لە دەوڵەتى تورکیادا باڵادەستە و هەمان ئەو کارانە دەکات کە ئەو رژێمە لەو کاتەدا ئەنجامیداون.

هەیبەت ئاچکگۆز دەگێڕێتەوە

لە کاتى کۆمەڵکوژییەکەدا ١٤ فیشەک و چەندین پارچەى بۆمب بەر جەستەى هەیبەت ئاچکگۆز کەوتن. سەرباری ئەوەش ئاچکگۆز لە کۆمەڵکوژییەکە رزگاری بوو و لە شاری ستۆکهۆلمی پایتەختی سوید لە رێگەى میدیاکانەوە باسی کۆمەڵکوژییەکەى کردبوو.

ئاچکگۆز رایگەیاند، دواى کودەتاکەى ١٢ی ئەیلول بۆ کاروبارى رێکخستن و خەبات لە پارچەکانى تری کوردستان چووینە قامیلشۆ و راشیگەیاند "لە قامیشلۆ لە ماڵی وڵاتپارێزی کورد رەمەزان کابرەش دەماینەوە. ئەو شەوە کاتژمێر ٢٠ دەنگی تەقینەوە هات و ئێمە گەمارۆدراین. ئێمەش هیچ چەکێکمان پێ نەبوو. من قاچم نا بە دەرگاکەوە و پشتیشم لە دیوارەکە توند کرد بۆ ئەوەى دەرگاکە نەکرێتەوە. لە هەموو لایەکەوە دەستڕێژی گولـلەیان لێدەکردین. نازانم چەندی خایاند، بەڵام دوای ٤ بۆ ٥ خولەک خانووەکە ئاگری گرت".

ئاچکگۆز باسی ئەوەشیکرد، دانیشتوانى گوندەکە لە ماڵەکە دەریانهێناوە و بردوویانە بۆ نەخۆشخانە و ماوەیەکى زۆریش بە کەلەپچەکراوی لە حەسەکە، حەلەب و شام (دیمەشق) زیندانیکراوە. رژێمى سوریا خواستویەتى ئەو لەگەڵ ئیخوانەکانی سوریا لە تورکیا بگۆڕێتەوە، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانى مەحمود باکسی کاکەى نەجلا باکسی و جەلال تاڵەبانى سکرتێری گشتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە - YNK) حیزبی شیوعیى عێراق خۆی گەیاندووەتە سوید.

"بۆ بەرزراگرتنى یادی شەهیدەکانمان دەبێت رۆژئاوا گەورە و بەهیز بکەین"

ئاچکگۆز لە بەردەوامیى قسەکانیدا وتی "دەوڵەتی تورک ٤٠ ساڵ لەوە پێش چیى بەسەر کورد دا دەهێنا ئێستاش هەمان شت دەکات و هیچ جیاوازییەک نییە. دەوڵەتى تورک دوێنێ بە ناو و بە پاساوی جیاجیا هێرشی دەکردە سەر رۆژئاوا، ئێستاش بە پاساو و بیانوی تر هەر هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا. ئەو کاتە کوردان هێزێکى گەورەیان نەبوو، بەڵام ئێمەیان بە مەترسی دەزانی و هەوڵیاندا ئێمە لەناو ببەن. ئێستاش دەیانەوێت رۆژئاوا پاکتاو بکەن. ئەوەى دەکەوێتە سەر شانی ئێمەى کورد، ئەوەیە، کە رۆژئاوا گەورە و بەهێز بکەین و پشتیوانیى لێ بکەین. ئەوە چاوەڕوانیى شەهیدەکانمانە".

سوریاش ئاگادار بوو

محەمەد حەجی سەید یەکێک لە دراوسێکانى ماڵی رەمەزان کابرەش و شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکە بوو و لەبارەیەوە رایگەیاند "هێرشبەرەکان لە شەوێکدا کە باران دەباری لە سنوورەوە پەڕینەوە و راستەخۆ روویان لە ماڵی رەمەزان کابرەش کرد. روون و ئاشکرا بوو زانیاریى بڕوا پێکراویان دەست کەوتبوو. بە دڵنیاییەوە نۆکەریشیان لەگەڵدا بوو. هەروەها ئەستەم بوو کە بەبێ ئاگاداریى دەوڵەتى سوریا کارێکى لەوجۆرە بکەن. ئێمە واماندەزانى ئەو کەسانەى کە لە ماڵی رەمەزان کابرەش دان "خوێندکارن"، بەڵام ئێمە نەماندەزانى لەگەڵ کێدان. کاتێک ئێمە گەیشتینە مالەکە هەموو ئەو کەسانەى لە ماڵەکەدا بوون کوژرابوون. تەنها یەکێکیان زیندوو بوو. ماڵەکە ئاگری گرتبوو. دواتر تەرمی میوانەکان رەوانەى تورکیا کرانەوە. رەمەزان کابرەش و ئەندامانى بنەماڵەکەیشی لێرە بەخاکسپێردران".

"ئەو منداڵەش، کە لە خوێندنگە دەگەڕایەوە کوشتیان"

محەمەد حەجی سەید باسی ئەوەشیکرد "سەربازانى تورک لەسەر رێگاشدا منداڵێک کە لە خوێندنگە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە لێیان پرسیبوو کێیە و کوڕی کێیە، کاتێک زانیبویان منداڵی ماڵی کابرەش ئەوشیان کوشتبوو. دوژمنەکەمان هەرگیز راناوەستێت. بۆ کوشتنى کوردان هەموو کات بیانو و پاساوێک دادەتاشێت و دەست بە کوشتنى کوردان دەکات".

"دەوڵەتى تورک هەموو کات دوژمنایەتیى بەرامبەرمان کردووە"

شایەتحاڵێکى تری ئەو کۆمەلکوژییە زەینەب شەرۆیە و لەوبارەیەوە وتى "یەکێک لە کوڕەکانى بنەماڵەى رەمەزان کابرەش کاتێک لە خوێندنگە دەگەڕایەوە لەلایەن ئەو هێرشبەرانەوە کوژرا. لە ناکاو ماڵەکەیان گەمارۆدا بە بۆمب و چەک هێرشیان کردە سەر ماڵەکە. کەسمان نەمانتوانى لە ماڵەکانى خۆمان بچینە دەرەوە. هەندێک کەس هەوڵیاندا بڕۆن بۆ هاوکاریى ماڵی رەمەزان کابرەش، بەڵام هێرشبەرەکان خەڵکەکەیان دایە بەر دەستڕێژی گولـلە".

زەینەب شەرۆ ئەوەشى وت "تەنها ٢ منداڵ لە ماڵەکە رزگاریان بوو. یەکێکیان منداڵێکى مەلۆتکە بوو و ئەوی تریشیان لە ناو نوێنەکاندا شاردرابووە. جگە لەو ٢ منداڵە هەموو کەسەکانى تری ناو ماڵەکەیان کوشتبوو. کاتێک ئێمە چووینە ناو ماڵەکە هەموو شوێنێک رەش بوو بوو. جگە لە خوێن هیچ نەمابوو. چی بڵێم دەوڵەتى تورک لە کۆنەوە ئەو دوژمنایەتییە بەرامبەر بە ئێمە دەکات. ئەمڕۆش بەردەوامە لە دوژمنایەتیکردنەکەى و هەموو رۆژێک لەسەر سنوور هەندێک کەسمان دەکوژێت".

"کۆمەڵکوژییەکى دڕندانە بوو"

ساڵح گەدۆ سکرتێری گشتیى پارتی چەپی دیموکراتی کوردستانی سوریا دواى کۆمەڵکوژییەکە چووەتە شوێنى رووداوەکە و رایگەیاند "ئەوانەى کوژران کادێری پێشەنگ و ئەندامانى بزووتنەوەى کاوە بوون. هێرشبەرەکان لە سنوورەوە پەڕینەوە و هاتن. لە دەورووبەری کاتژمێر ٢٠ دا بە بۆمب و کڵاشینکۆف هێرشیان کردە سەر ماڵەکە و دواتر ئاگریان بەردایە ماڵەکە. من یەکێک لەو کەسانە بووم، کە دوای کۆمەڵکوژییەکە یەکڕاست چوومە شوێنى رووداوەکە. ئێمە تەرمەکانمان کۆکردەوە. کۆمەڵکوژییەکى دڕندانە بوو. لە ویژدانى مرۆڤەکاندا بووە برین و ناسۆرێکى گەورە. ژمارەیەکى زۆر چەکدار و سەرباز لە سنوورەوە پەڕینەوە و لەم شارەدا و لە ژێر کۆنترۆڵی سەربازانى رژێمى سوریادا ئەو کۆمەڵکوژییەیان ئەنجامدا".

"گورزێکى گەورە بەر بزووتنەوەی کاوە کەوت"

گەدۆ باسی ئەوەشیکرد "بزووتنەوەى کاوە بەو کۆمەڵکوژییە گورزێکى گەورەى بەرکەوت. پێشەنگەکانى کوژران. کاتێک ئێمە گەیشتینە شوێنى رووداوەکە، تەنها گەنجێک رزگاری بوو بوو. ئەویش بریندار بوو. ١٤ فیشەکى بەرکەوتبوو. بۆ ماوەیەک لە حەسەکە چارەسەریى بۆ کرا، بەڵام دواتر بردیان بۆ شام (دیمەشق) و دواتر چوو بۆ سوید. لە سویدیش ٤ مانگ چارەسەریى بۆ کرا. ناوی هەیبەت بوو و ئێستاش لە ستۆکهۆلم دەژی".

ر.م