"شۆڕشی رۆژئاوا بە پشتیوانى گەل بەم ئاستەى ئێستاى گەیشتووە"

شایەتحاڵەکانى هێرشی ساڵی ٢٠١٢ بۆ سەر قەستەڵ جندۆ رایانگەیاند، چەتەکان بە پشتیوانیى دەوڵەتى تورک هێرشیان کردوونەتە سەر، بەڵام سەرباری کەمیى ئیمکانیەت، هەموویان بۆ بەرگری لە خاکى خۆیان دەستیان بە بەرگری کردووە.

کوردانى رۆژئاواى کوردستان لە چوارچێوەى پرۆژەى نەتەوەیى دیموکراتیکى عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد دا سیستمى خۆیان بونیاتناوە. ئەو سیستمە بۆ ئامانج و تامەزرۆیى ئازادیى هەموو گەلانی سوریا دەستکەوتی گەورەی ئافراندووە، بەڵام دەوڵەتى تورک بە سەرۆکایەتیى تەیب ئەردۆغان بۆ لەناوبردنى ئەو دەستکەوتانە، کە بە باجی زۆر دروستکراون، هەر لە سەرەتاوە دەستیکردووە بە هێرشکردن بۆ سەر رۆژئاواى کوردستان.  

لە بەهاری ساڵی ٢٠١١ بە دواوە و دواى ئەوەى رژێمى سوریا خۆی لە عەفرین کشاندەوە، لە لایەکەوە گەل بە ئیمکانەیتى کەم دەستیکرد بە بونیاتنانی سیستمى کۆمەڵایەتى و خۆپاراستنى خۆی کرد و لەلایەکى ترەوە لە دژی چەتەکان کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرا دەستیکرد بە بەرگری و داکۆکی لە خۆی.

دەوڵەتى تورک ساڵی ٢٠١١ لە عەزاز رێکخستنێکى چەتەکانى بە ناوی عاسیفە شیمال (گەردەلولی باکوور) دروستکرد. ئەو گروپە چەتەیە لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٢دا و بە پشتیوانى دەوڵەتى تورک هێرشی کردە سەر گوندی قەستەڵ جندۆ لە عەفرین، کە گوندێکى ئێزدییە. ئامانجی دەوڵەتى تورک لەو هێرشەدا ئەوە بوو، کە لەوکاتەدا بتوانێت عەفرین و سەرتاسەری باکووری سوریا داگیر بکات. شایەتحاڵەکانى هێرشی ساڵی ٢٠١٢ بۆ سەر قەستەڵ جندۆ، لەبارەى ئەو هێرش و شەڕانەوە بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوان.

 

"هەموو کەسێک بەپێى توانای خۆی بەرەنگاری چەتەکان دەبوویەوە"

سەیدۆ سەیدۆ لە گوندی بافون لە ناوچەى شەرای عەفرین یەکێک لە بەشداربووان و شایەتحاڵەکانى ئەو شەڕە رایگەیاند "لە ساڵی ٢٠١٢ چەتەکان لە عەزازەوە هێرشیان کرد و شەڕ روویدا. گروپی چەتەکانى عاسیفە شیمال بە سەرۆکایەتیى عومەر دەدیگی لە عەزازەوە بە بەردەوامی هێرشیان دەکرد سەر عەفرین. هەر چەند هێرشەکان بە سەرۆکایەتى عومەر دەدیگی ئەنجام دەدران، بەڵام ئێمە دەمانزانی فەرماندەى راستەقینەى ئەو چەتانە ئەردۆغانە. گەل بە چەکە سوکەکانیان لە دژی هێرشەکان دەوەستانەوە. یەیەگە لەو کاتەدا رانەگەیاندرابوو، بەڵام ئەنجوومەنمان هەبوو. ئێمە هەوڵمان دەدا پێویستی و کێشەکانى گەل چارەسەر بکەین، بەڵام چەتەکان تەنانەت رێگایان نەدەدا نانمان بە دەست بگات. ئێمە تەنانەت بۆ بەدەستهێنانى نان و گەیاندنى بە هاووڵاتییان شەهیدیشمان دا. دایک، منداڵ، بە تەمەنەکان و گەنجان و هەموو کەسێک هاوکار و یارمەتیدەر بوو. ئەگەر پشتگیریى گەل نەبوایە، ئەم تێکۆشانە بەم ئاستەى ئێستاى نەدەگەیشت. ئێمە خاکی خۆمان پاراست. چەتەکانیش هەر چییەکیان دەست دەکەوت دەیان دزی و تاڵانیان دەکرد".

فەرید ئۆسۆ هاووڵاتییەکى ترە لە ناوچەى بلبلێى عەفرین و لەبارەى هێرشەکانى ئەو کاتەوە وتى "چەتەکان لە دەستکەوتەکانى گەلی کورد بێزار بوون. چەتەکان بۆ لەناوبردنی ئەو دەستکەوانە بە تایبەتى لەلای یازی و دیکمەتاش -ەوە هێرشیان دەکرد. ئێمە لەو کاتەدا لە رووی سەربازییەوە بە رێکخستنکراو نەبووین. ئەو کاتەى دەستیان بە هێرش کرد لە مزگەتەوە قسەمان بۆ خەڵک کرد و بانگەوازمان کرد، ئیتر هەزاران کەس دەستیان بە پاسەوانى و ئێشکگری کرد. شەڕەکە ٢٦ رۆژی خایاند. چەتەکان لەدواى ئەوەى گورزیان لێدرا کشانەوە بۆ سەر گردی پارسە خاتون".

هێرشەکە بە بەرخودانى دایکانى ئاشتى تێکشکێنرا

سوعاد حسۆ هاووڵاتییەکى گوندی قەستەڵ جندۆیە و لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر گوندەکەیان، کە گوندێکى ئێزدی بوو وتى "ئەو رۆژەى هێرشیان کرد، رۆژی جەژنی تاج هیلامی ئێزدییان بوو. لە ناوکاو دەنگى دۆشکا و تەقینەوە هات. بە هاوەن گوندەکەیان هاوەنبارانکرد. ئێمە تێگەیشتن کە چی بووە. گوندییان ئەو رۆژە لە ماڵەکانى خۆیان نەهاتنە دەرەوە. ئەوانەى هێرشیان کرد ئەردۆغان و چەتەکانى دەوڵەتى تورک بوون".

حسۆ وتیشی "لە بلبلێ تاوەکو راجۆ و لە هەموو ناوچەکان و گوندەکانى عەفرین هەموان لە دژی چەتەکان وەستانەوە. گەل چەکی سوکی لە دەستدا بوو و بەو چەکە سوکانە بەرەنگاری چەتەکان بوونەوە. بۆ راوەستاندنى شەڕەکە ریش سپیانی عەفرین و عەزازهاتن و دایکانى ئاشتى لە هەموو ناوچەکانى عەفرینەوە هاتن و تاوەکو بەردەم خاڵ و بیناى ئاسایشی قەستەڵ جندۆ رێپێوانیان ئەنجامدا. کاتێک دایکەکان لە رێپێواندا بوون، چەتەکان دەستڕێژی گولـلەیان لێکردن، بەڵام دایکان نەکشانەوە. لە شوێنى خۆیان دانیشتن و رایانگەیاند، بە هیچ شێوەیەک رێگا بە چەتەکان نادەن خۆیان بگەیەنن گوندی قەستەڵ. لە ئەنجامدا و لەۆدواى چەند چاوپێکەوتنێک شەڕ کەمێک سووک بوو".

" ٦ رۆژ لە بەرەی پێشەوە شەڕمان کرد"

رەمەزان خەڵکی بلبلێ-یە و رایگەیاند، کاتێک هێرشکرایە سەر عەفرین، گەل لەو کاتەدا بەرەنگاری چەتەکان بوونەوە. راشیگەیاند "لەو کاتەدا چەکمان نەبوو. تەنها چەند چەکێکى رووسی بە دەست هەڤاڵانمانەوە لە گوندەکەدا هەبوو. تەنها یەک بۆ دوو چەکی ئۆتۆماتیکمان هەبوو. گەل پشتیوانیان لێکردین و ٦ رۆژ لە بەرەوى پێشەوە لە دژی چەتەکان شەڕمان کرد".

عەلی خەڵکى گوندی ترندی عەفرین و یەکێکى تر لە شایەتحاڵەکانى ئەو شەڕەیە و لەبارەى شەڕەکەوە رایگەیاند "گەنجان، بە تەمەنەکان، ژنان، پیاوان و هەموان پێکەوە روویان لە بەرەکانى شەڕ کرد. چەتەکان لە ٣ قۆڵەوە هێرشان دەکرد. من ٢ رۆژ لەوە شەڕەدا بووم. لە ئەنجامدا هەندێک لە چەتەکان هاتن و خۆیان رادەستى ئێمە کرد".

مەسعود دەدە رایگەیاند، لە کاتێکدا کە هێشتا یەپەگە دانەزرابوو ئەوان خاکى خۆیان پاراستووە و وتى "من تەنها کڵاشینکۆفێکم هەبوو. ئەوەش چەکى تایبەتى خۆم بوو. لە هەموو شوێنێکەوە هاووڵاتییانی عەرەب، عەلەوی، چەرکەس و ئێزدی هاتن و پشتیوانیان لێکردین".

دۆغان دەدە یەکێکى ترە لە شایەتحاڵەکانى ئەو شەڕە و وتى "چەتەکان بە چەکی قورس لە عەزازەوە هێرشیان کردە سەرمان. ئێمە بە چەکی ئۆتۆماتیک و سوک بەرەنگاری چەتەکان بووینەوە. کاتێک هێرشەکە دەستیپێکرد، سەدان دایک چەکیان دایە دەست رۆڵەکانى خۆیان و رەوانەى بەرەکانى شەڕیان کردن. سەرەتا من بەشداریم لە شەڕەکاندا کرد، بەڵام دواتر خاڵۆزایەکم و ئامۆزایەکیشم هاتن و بەشدارییان لە شەڕەکەدا کرد. لە زۆرێک لە بەرەکانى شەڕدا، شەڕمان کرد. لەو شەڕانەدا شەهید و بریندارمان دا، بەڵام بەرگریمان لە خاکی خۆمان کرد و پاراستمان".

"ئێمە لە هێڵی رێبەر ئاپۆ و شەهیدان پاشگەز نابینەوە"

وڵات عەفرین لە گوندی قەستەڵ جندۆی عەفرین رایانگەیاند، تاوەکو ئەو رۆژە لە نێوان ئەوان و گەلی عەزازدا هیچ کێشەیەک بوونی نەبوو، بەڵام دواى ئەوەى دەوڵەتى تورک چەکى بە چەتەکان دا، ئیتر هاووڵاتییان ناچار بوون خۆیان لە چەتەکان بپارێزن. ئیتر بۆ پاراستنى عەفرین لە چەتەکان سەنگەریان لەسەر گردەکان دروستکرد.

وڵات عەفرین ئەوەشى وت "ئێمە ١٥ کەس بووین. گردی پارسە خاتوون گردێکى ستراتیژیک بوو. ئێمە لەسەر ئەو گردەدا تەنها ٧ چەکمان هەبوو. ئەو رۆژە چەتەکان دەستیان بە بڕینى رێگاکان کرد. ئەو هاووڵاتییانەى چووبوون بۆ ناو باخچەکانى خۆیان بۆ کۆکردنەوەى زەیتون پێیان وتین، هەندێک کەس رێگایان لێگرتوون و پێیان وتون، عەفرین داگیر دەکەن. هەر نیوەڕۆى ئەو رۆژە دەستیان بە هێرشکرد. دەوڵەتى تورک چەکی پێدابوون".

وڵات عەفرین باسی ئەوەشیکرد "بۆ ماوەى ٣ رۆژ بە بەردەوامى هێرشیان دەکردە سەرمان. گەل پشتیوانیان لێکردین. لە ئەنجامدا دایکان تاوەکو خاڵی پشکنین و ئاسایش رێپێوانیان ئەنجامدا و تاوەکو کێشەکە چارەسەر نەبوو لەوێ مانەوە. دواى ئەوەى شەڕ راوەستا، چەتەکان چوون هێرشیان کردە سەر خەزۆ و لەوێ ٢ هەڤاڵ بە ناوەکانى عەگید و شێخ شەهید بوون. دواى ئەوە هێرشیان کردە سەر شێخ مەقسود. گەل لە شێخ مەقسودەوە ناچاربوون بێن بۆ عەفرین. گەلی عەفرینیش لە نەبوونەوە بوونی خوڵقاند. گەل بۆ پاراستنى عەفرین بەسەر و ماڵەوە خۆی ئامادە کردبوو. رۆڵەکانى خۆیان بەخت دەکرد، پارە و خورادنیان دەدا. گەلی عەفرین ئازاری زۆریان کێشا، بەڵام هەرگیز خۆبەدەستەوەدانیان قبوڵ نەکرد. دایکان دەیانوت، ئەگەر رۆڵەیەکمان شەهید بوو، ئەوا رۆڵەیەکى ترمان رەوانەى شەڕ دەکەین. هەموو کات دەیانوت "ئێمە لە هێڵی شەهیدان و رێبەر ئاپۆ پاشگەز نابینەوە".

ر.م