شێخۆ ئیبراهیم: تاکە ئامانجی عەفرینییەکان گەڕانەوەیە بۆ عەفرین

شێخۆ ئیبراهیم، لە ئەنجومەنی کامپی بەرخۆدانی شەهبا وتی: "ئەو پەنابەرە عەفرینیانەی لە هەرێمەکانی 'شەهبا و شێروا'ن، ژیانی خۆیان بە گوێرەی گەڕانەوە بۆ عەفرین ڕێکدەخەن و لەو چوارچێوەیەدا بەرخۆدان دەکەن".

/ شه‌هبا

بەهۆی هێرشەکانی ١٦ی ئاداری ٢٠١٨/٢٥ی ڕەشەمە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، سەدان هەزار عەفرینی ناچار بوون خاکەکەیان بەجێ بهێڵن و ڕوو لە هەرێمەکانی شەهبا و شێراوا بکەن. دانیشتوانی عەفرین لە عەفرین دوور نەکەوتونەتەوە و لە شەهبا لە کامپەکانی بەرخۆدان، سەردەم، لە گوندی زیارەتی شێراوا و کامپی گەڕانەوە، بەرخۆدان دەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە عەفرین. یەکێک لەو کامپانەی کە سەرەتا لە هەرێمی شەهبا دروست کرا، کامپی بەرخۆدانە. شێخۆ ئیبراهیم، لە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کامپی بەرخۆدان باسی سیستمی ڕێکخستبوونی خۆیانی کرد.

شێخۆ ئیبراهیم باسی لەوەش کرد کە لە لایەک کامپ دروست کرا، لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵ دەدەن سیستمی خۆیان دروست بکەن و وتی: "سەرەتا کۆمۆنێک دروست کرا. بەو شێوەیە پێداویستییە ناچارییەکانی خەڵک ئامادە کران. لەماوەی  یەک دوو مانگدا خەڵک زۆر سەختیی چەشت. دوای دوو مانگ ئیتر کۆمۆن دروست بوو. لە کامپەکە ١٤ کۆمۆن دروست کران. خەڵک لەناو کۆمۆنەکان کۆ بوونەوە. لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە هاوسەرۆکی کۆمۆنەکان هەڵبژێردران. لێژنەکانی ئەو کۆمۆنانە هەڵبژێردران. بەو شێوەیە هەوڵ درا پێداویستییەکانی گەرماو، نیشتەجێبوون، ئاوی خواردنەوە و خواردنی خەڵک دابین بکرێت. لەماوەی سێ مانگی سەرەتادا هیچ ڕێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی نەهاتە کامپەکە. بە پشتگیریی خەڵک خۆبەڕێوەبەری پێداویستییەکانی خەڵک هەمووی دابین کرا".

'خەڵکی عەفرین خۆی بۆ گەڕانەوە ئامادە دەکات'

شێخۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد، خەڵکی عەفرین ئاگای لە دوژمنەکەی خۆیەتی و ژیانی خۆیشی لەو چوارچێوەیەدا ڕێکدەخات.

شێخۆ ئیبراهیم ڕایگەیاند، لە ڕێگەی کۆمیتەکانی پاراستن، ژن، کۆمەڵگە، دانووستان، ئەنجومەن، کۆمۆن، کۆمیتەی شارەوانی خزمەتی خەڵک دەکەن و وتی: "شوێنی پەروەردەش بۆ خەڵک هەیە، خەڵک لەو پەروەردانەدا ژیانی خۆیان لەنوێوە بەڕێکخستن دەکەن و خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ عەفرین ئامادە دەکەن".

شێخۆ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەتا زۆر کەس نەیاندەتوانی هەلومەرجی قورسی کامپ قەبوڵ بکەن، زۆرێکیان دەیانەویست لە ناوچەکە بڕۆن و وتی: "بەڵام خەڵک ئێستاکە دۆخەکە باشتر تێدەگات. ڕاستیی دوژمنیشیان لەدژی خۆیان زانیوە و ئاگایان لەوە هەیە کە دەبێت دژی ئەو شتە بەرخۆدان بکەن".

شێخۆ ئیبراهیم ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ڕژێم ڕێگەی لەوان داخستووە، ئەوانەی نەخۆشی قورسیان هەیە ناتوانرێت چارەسەر وەرگرن و هەوڵ دەدەن لەو هەلومەرجەی کە هەیە ژیانی خۆیان بەردەوام بکەن.

شێخۆ ئیبراهیم، لە بەڕێوەبەری ئەنجومەنی کامپی بەرخۆدان، بانگەوازی بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە هاوکاری خەڵکەکە بکەن لە دابینکردنی فێنککەرەوە و پێداویستییە بنەڕەتییەکانیان.

ژ.ت