شەهید ئەلدبۆ لە تەل کۆچەر بە مەراسیمێک بەخاک سپێردرا

تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن مەیسەم ئەلدبۆ کە لە بەرخۆدانی شکۆ-دا شەهید ببوو بە مەراسیمێک لە تەل کۆچەر بەخاک سپێردرا.

سەدان هاوڵاتی ناوچەی گرکێ لەگێ چالاغا و تەل کۆچەر تەرمی شەڕڤانی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن مەیسەم ئەلدبۆ کە لە بەرخۆدانی شکۆ-دا لە ناوچەی زرگان شەهید بوو، لە گۆڕستانی شەهید عوقاب ئەلئەسوەد بەخاک سپێردرا.

دانیشتوان، تەرمی شەهیدیان لە ناوەندی ئەنجومەنی بنەماڵەکانی شەهیدانی ناوچەی گرکێ لەگێ وەرگرتەوە و بەرەو ناوچەی تەل کۆچەر-ەوە کەوتنەڕێ.

لە ناو گۆڕستانەکە دا مەراسیمەکە بە ڕێزگرتن دەستیپێکرد. دوای ئەوە فەرماندەی هێزەکانی ئەرکی خۆپاراستن موسلح ئەلزیاب قسەی کرد و وتی، شەهید مەیسەم لە ئەنجامی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک گیانی خۆی بەخت کرد و بۆ پێکهێنانی ئاشتی لە هەرێمەکە بەرخۆدانییەکی بێوێنەی کرد.

هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەکانی شەهیدانی ناوچەی تەل کۆچەر عیدان ئەلخەلەف ئاماژەی بە یەکێتی گەلانی ناوچەکەو کۆبوونەوەی هێزەکانیان بۆ دەرخستنی داگیرکەر لە هەرێمەکە، کرد. عیدان خەلەف بەڵێنی بەردەوامبوونی ڕێبازی شەهیدان هەتا جێبەجێکردنی هیواکانیان دا.

دواتر ناسنامەی شەهید خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەی شەهید کرا.

لە کۆتاییدا تەرمی شەهید بە دروشمی شەهید نامرن، بەخاک سپێردرا.

ز.ش