شەهید فەرماندە باکوور جوانی و رەنگى بەرخۆدان بوو

شەهید باکوور فەرماندەى ئەفسانەیى بەرخۆدانى حەلەب و شێخ مەقسود بە وتنى "خۆشەویستیمان بۆ شۆڕش هەتاهەتاییە"، بوو بە جوانی و رەنگى بەرخۆدان. گەلی عەفرین و شەهبا لەسەر رێگاکەى ئەو درێژە بە بەرخۆدان دەدەن.

 

مانگى رابردوو و کاتێک ئێمە لە شەهبا بوووین، گەلی شەهبا و شەڕڤانانى جەبهوتول ئەکراد باسیان لە هێرشى دەوڵەتى تورک دەکرد و دەیانوت، بە رۆحی بەرخۆدانیى شەهید باکوور، کە خەڵکی باشوورى کوردستان و فەرماندەى جەبهەتول ئەکراد بوو، بەرخۆدان دەکەن. لە هەر خانوویەکى شەهبادا وێنەیەکى شەهید باکوور هەڵواسراوە.

حاجی ئەحمەد فەرماندەى گشتیى هێزە شۆڕشگێڕەکان و هاوڕێى شەهید باکوور لەبارەی چۆنیەتیى رۆیشتنى شەهید باکوور بۆ حەلەب و بەشداربوونى لە جەبهەتول ئەکراد دا وتى "هەڤاڵ باکوور زۆر لە کۆبانێ مابووە. زۆریش حەزى لەوێ دەکرد. بۆ چارەسەر هاتبوو بۆ حەلەب. هەڤاڵ باکوور کاتێک لە حەلەب بوو، تازە بە تازە جەبهەتول ئەکراد دامەزرابوو. لە ناو یەپەگەوە هاتبوو. دواى ئەوەى هەندێک چارەسەرى وەرگرت، هەڤاڵان بانگیان کرد بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە بۆ کۆبانێ، بەڵام ئەو وتی 'ئێرە پێویستى بە کارى زۆر هەیە. پێویستە ڕەنجێکى زۆر بۆ ئێرە بدرێت. هەڤاڵان لەوێن و دەتوانن کارەکانى منیش لەوێ ئەنجام بدەن' و بەو شێوەیە مایەوە و نەڕۆیشت.

"لە ماوەیەکى کورتدا جێى لە دڵی هەمواندا کردەوە"

حاجی ئەحمەد باسى ئەوەیکرد، لە بەرەى حەلەبدا کار قورس و زەحمەتبوو و شەهید باکوور بەهێزەوە بەشداریى کار بوو و وتیشى "هەڤاڵ باکوور عەرەبیى نەدەزانى، بەڵام زوو تێکەڵ بە گەل دەبوو. هەڤاڵ باکوور بە بەردەوامی ئازایەتى دەبەخشییە دەورووبەرەکەی. ورەى مرۆڤەکانى بەرز دەکردەوە. لەبەر ئەوەش لە ماوەیەکى کورتدا جێى خۆى لە  دڵی هەمواندا کردەوە".

حاجی ئەحمەد لەبارەى رۆڵی شەهید باکوور لە گەورەکردن و بەهێزکردنى جەبهەتول ئەکراد دا وتی "شەهید باکوور لە شەڕێکى گەورەدا و بە قارەمانى و پاڵەوانانە شەهید بوو. لە قۆڵی شێخ مەقسودەوە لەگەڵ دەستەیەک لە هەڤاڵان بەرامبەر بەهێرشى دوژمن راوەستان. ئێستا بەو شوێنە دەوترێت گەڕەکى موخابەرات. تاوەکو بەرەبەیان ئەو شوێنەى پاراست. لە دوایدا جگە لە ٢ هەڤاڵى بریندار، خۆی و هەموو هەڤاڵانى تیمەکەى شەهیدبوون".

"لە ناو گەلدا نوێنەرایەتیى فەلسەفەى رێبەرایەتیى دەکرد"

ئەبو ئەحمەد کەفەرزگر یەکێک لە شەڕڤانەکانى فەرماندە وتى "پێش ئەوەی فەرماندە باکوور شەهید ببێت، لە شەڕی گەڕەکى موخابەراتدا پێکەوە بووین. نەخۆش بوو، بەڵام سەربارى ئەوەش بە بەردەوامى شەڕی دەکرد".

جیهان خدرۆ یەکێک لە نوێنەرانی فیدراسیۆنى دیموکراتیکى باکووری سوریا لەبارەى شەهید باکوورەوە باسى ئەوەیکرد، یەکێک لەو کەسانە بوو، کە نوێنەرایەتیى فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانی بە باشترین شێوە لە ناو گەلدا دەکرد و وتیشى "باسى رێبەری بۆ دەکردین و ئێمە بە بەردەوامی پشتیوانی و ورەمان لێوەردەگرت".

"پێشەنگى بەرخۆدان بوو"

مەزڵوم خەلیل یەکێک لە شەڕڤانەکانى بەرخۆدانى حەلەب ئەوەى خستەڕوو، گەنجان ورەیان لە فەرماندە باکوورەوە وەردەگرت و وتى "فێرى دەکردین کە دەبێت چۆن شەڕ بکرێت و ورەى بە هەموو کەس دەبەخشی. دەیوت 'شێخ مەقسود ناموسمانە و نابێت لە دەستى بدەین'. لە ٣هەمین رۆژى شەڕدا ئەبو نوور یەکێک لە فەرماندەکانى جەبهەتول ئەکراد شەهید بوو. هەڤاڵ باکوور ورەى دەداینێ و دەیوت 'نابێت ورەتان بڕوخێت. نابێت خوێنەکەى بەفیڕۆ بچێت و ئەو شوێنانەى کە لە دەستمانداون دەبێت بە دەستیان بهێنینەوە'. ئێمەش بە شەڕ گەڕاینەوە و ئەو کۆڵانانە و ئەو شوێنانەى لە دەستمان دابوون، کۆنترۆڵمان کردنەوە".

مەزڵوم خەلیل لەبارەى دوایین ساتەکانى شەهیدبوونى فەرماندە باکوورەوە وتى "دوژمن هەموو ٣ بۆ ٤ خولەکێک تۆپێکى دەنا بە سەنگەرەکانمانەوە. بەو هۆیەوە هەڤاڵ هاروون شەهید بوو. سەنگەرە کۆنکرێتییەکە خاپوور بوو. تاکە ڕێگا بەرەو لاى هەڤاڵان ئەو ڕێگایە بوو. من و هەڤاڵ باکوور ڕێگاکەمان کردەوە. ئێمە هەڤاڵ هاروونمان دەرهێنا و بردمان بۆ لاى هەڤاڵان. دواتر تۆپێکى تر تەقێنرا. بەهۆى ئەو تۆپەوە ٢ هەڤاڵى تر شەهید بوون. هەڤاڵ باکوور بریندار بوو. دواتر لە هەڤاڵانم بیست، کە لە دەورووبەرى کاتژمێر ٨ بۆ ٩دا هەڤاڵ باکوور بەهۆى قورسى برینەکەیەوە شەهید بووە".

ر.م