شەڕڤان دەروێش: بە بەردەوامى لەگەڵ هاوپەیمانیى نێودەڵەتیدا لە دانوستانداین

دیسانەوە لەم چەند رۆژەى رابردوودا منبج بوویەوە رۆژەڤ. بە تایبەتى لە دواى ئەوەى وەزیرانى دەرەوەى ئەمریکا و تورکیا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و لە راگەیاندراوێکى هاوبەشدا باسیان لە نەخشەرێگەیەک بۆ منبج کرد.

میدیاکانى تورکیا ئەوەیان بە سەرکەوتن بۆ تورکیا لێکدایەوە. ئەمریکاش ئەوەی بە بابەتى ئاسایى لێکدایەوە. یەپەگەش رایگەیاند، راوێژکارە سەربازییەکانى لە منبج کشاندووەتەوە. ئەنجوومەنى سەربازیى منبجیش راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و بارودۆخەکەى بۆ راى گشتى روون کردەوە.

لەگەڵ  شەڕڤان دەروێش وتەبێژى ئەنجوومەنى سەربازیى منبج چاوپێکەوتنێکمان ئەنجامدا و وتى "ئێستا لە منبج بارودۆخەکە ناسکە. دواى ئەوەى یەپەگە ڕاوێژکارەکانى کشاندەوە، ئێستا تەنها ئەنجوومەنى سەربازیى منبج لە منبجدایە. ئەرکى سەرەکیى ئێمەش ئەوەیە کە ئارامى و ئاسایشى منبج دابین بکەین و سنوورەکانى بپارێزین، بەڵام تورکیا هەموو کات دەیەوێت پشێوى دروست بکات، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین. بە بەردەوامى دانوستانمان لەگەڵ هاوپەیمانیى دژ بە داعشدا هەیە بۆ ئەوەى منبج ئارامتر بێت و زیاتر بیپارێزین. هەوڵەکانى ئێمە بۆ ئەوەیە، کە ئێمە یارمەتیدەر و هاوکار بین بۆ دۆخى منبج".

دواى ئەوە چووینە شەقامەکانى منبج. بازرگانی و بازاڕەکانی منبج ناوبانگیان هەیە. گەل وەک رۆژانى تر سەرقاڵى کار و کاسبى و دابینکردنى پێداویستییەکانیانن. عەبدولڕەزاق جاسم ئەو شتانەى دەخستە ناو ئۆتۆمبێلەکەیەوە کە لە بازاڕ کڕیبوونى. کاتێک لێمان پرسىى منبج لە رۆژڤدایە ئاوڕێ لێداینەوە و وتى "من ئاگادارى هیچ نیم، بەڵام لەوە تێناگەم بۆ تورکیا هەڕەشەمان لێدەکات".

 جاسم بە دەم بارکردنى کەلوپەلەکانییەوە وتیشى "ئێمە هەموومان دەزانین بارودۆخى جەرابلوس و باب زۆر خراپ و نالەبارە. کەس ناتوانێت بە ئارامى لە ماڵەکەى خۆیدا بخەوێت. دزی و تاڵانى هەیە. هەر چەند رۆژ جارێک گروپە چەکدارەکان لە ناو یەکتردا دەبێتە شەڕیان. ئێمە نامانەوێت منبج وای لێ بیت".

بەبڕواى ئێمە دۆخەکە لە چەند رۆژى داهاتوودا روون دەبێتەوە. شەڕڤان دەروێش جەختى لەوە کردەوە، کە گۆڕانکارى روو نادات و راشیگەیاند، ئەوان خەڵکى منبجن و دەزانن چی لە بەرژەوەندیى منبجدایە و چی لە بەرژەوەندیى منبجدا نییە.

 ر.م