شەڕڤانان لە ٢ هەفتەدا ١١ هەزار هاووڵاتییان لە هەجین رزگارکردووە

هێزەکانى سوریاى دیموکراتیک (قەسەدە) لە ماوەى ٢ هەفتەدا لە هەجین ١١ هەزار هاووڵاتییان لە دەست چەتەکانى داعش رزگارکردووە. راگەیاندرا، زۆربەى ئەو هاووڵاتییانەى لە دەست داعش رایانکردووە لە بنەماڵەى چەتەکانن.

رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ رایگەیاند، لە "ئۆپەراسیۆنى کۆتایهێنان بە تیرۆر" کە قەسەدە لە هەجین بەڕێوەى دەبات، هەزاران هاووڵاتی رزگارکراون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هاووڵاتییانەى لە هەجین لە دەست چەتەکانى داعش رادەکەن روویان لە زیادبوون کردووە. تەنها لە ماوەى ٢ هەفتەى رابردوودا زیاتر لە ١١ هەزار هاووڵاتى لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە و چوونەتە ناوچەکانى رزگارکراوەکانى ژێر دەستى قەسەدە.

رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری رێکخراوى چاودێریى مافەکانى مرۆڤ لە سوریا بە ئاژانسى هەواڵی فەرەنسا (AFP)ی راگەیاندووە "لەم ٢ هەفتەیەدا ژمارەیەکى زۆر هاووڵاتیى مەدەنى، کە ١١ هەزار و ٥٠٠ کەس دەبن لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە".

رامی عەبدولڕەحمان راشیگەیاندووە، زۆربەى ئەو کەسانەى لە دەست چەتەکانى داعش رایانکردووە، خۆیان لە بنەماڵەى چەتەکانن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لە مانگی ئەیلولەوە تاوەکو ئێستا ١٥ هەزار کەس لە ناوچەکانى ژێر دەستى داعش رایانکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، نزیکەى ٧٠٠ چەتە کە خۆیان لە ناو بنەماڵە هەڵهاتووەکاندا شاردبووە لەلایەن قەسەدەوە دەستگیرکراون. دواى کۆنترۆڵکردنى ناسنامەى هاووڵاتییان، هاووڵاتییان گواستراونەتەوە بۆ ناوچە ئارامەکان و چەتەکانیش دەستگیرکراون.

راشیگەیاندووە "داعش لە لێوارى تێکشکاندندایە و هێزی بەرگریى کەمیکردووە. ئەوەى لە بەردەم پێشڕەویى شەڕڤاناندا بووەتە لەمپەر، بۆمب و مینە چێندراوەکانن".

بە وتەى رامی عەبدولڕەحمان چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆتایى بە داعش بێت.

ر.م