شەڕڤانانی عەرەب لە ئاکادیمیای قەسەدەدا

شەڕڤانانی عەرەب لە ئاکادیمیای قەسەدەدا پەروەردە و راهێنانیان پێدەکرێت. هاوکات لەگەڵ راهێنانیان بە چەکی تاکەکەسی لەبارەى مێژووی گەلانی کورد و عەرەب و کولتوریانەوە و لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسیشەوە پەروەردە دەکرێن.

هەموو ئەو شەڕڤانانەى لە ئاکادیمیای شەهید چەک ژین لە عەین عیسا راهێنانیان پێدەکرێت، گەنجانی عەرەبی خۆبەخشن.

گەنجانی عەرەبی رەقە، تەبقە و عەین عیسا بۆ ئەوەى شەڕ لە دژی داگیرکەری بکەن و بۆ ئەوەى خاکی خۆیان و شاری خۆیان لە داگیرکەریی تورک بپارێزن خۆیان پەروەردە دەکەن.

سیوار تەبقە یەکێک لەو گەنجانەیە، کە بەشداری راهێنانەکە بووە و رایگەیاند، دەیانەوێت خاکی خۆیان لە هێزە داگیرکەرەکان بپارێزن و کاتێکیش بەو کارە هەستن، ئەوا یەکێتیی گەلانیش دەپارێزرێت.

هانی محەمەد عەلۆش-یش رایگەیاند، راهێنانێکى زۆر باش و پەروەردەیەکى زۆر چڕوپڕیان پێدەکرێت تاوەکو وڵاتی خۆیان لە چەتەکان و داگیرکەرانی تورک بپارێزن و ناوچە داگیرکراوەکان رزگار بکەن. بۆ ئەوەش خۆیان بە هێز و ئامادە کردووە.

باران رەقەش رایگەیاند، ئەو بە خوشک و برا کوردەکانی سەربەرزە و وتی "من وەک شەڕڤانێکى قەسەدە لە هەر شوێنێک مافی خوشک و براکانمان پێشێل بکرێت، ئێمە لەوێ دەبین و دەیانپارێزین. ئێمە پێکەوە لە دژی داگیرکەریی تورک دەوەستینەوە".

ژ.ت