عەبدولکەریم عومەر: چەتەی ٤٦ وڵات هێرشیان کردە سەر رۆژئاواى کوردستان

هێزەکانی یەپەگە و یەپەژ و قەسەدە چەندین ساڵە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دژی چەتەکانی داعش، کە بوونەتە بەڵای سەر مرۆڤایەتییەوە تێدەکۆش. لەو شەڕەدا هەزاران چەتەی داعش کوژراون و ٨٠٠ چەتەی تریش خۆیان ڕادەستی هێزەکانمان کردووە.

د.عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی کانتۆنی جزیرە بە ئاژانسی هەواڵێ فورات (ANF)ی راگەیاند، ئەوە چەتە بیانییانەی، کە لای ئەوانن هاووڵاتیی ٤٦ دەوڵەتی جیاجیان. لە هەوڵیشدان بۆ ئەوەی ئەو دەوڵەتانە هاووڵاتییەکانی خۆیان وەربگرنەوە.

 

ئاماری چەتە دەستگیرکراوەکان و ژن و منداڵەکانیان 

دەربارەی ئاماری ئەو چەتانەی، کە خۆیان ڕادەستی هێزەکانیان کردووە وتی "لە هەڵمەتی ئازادکردنی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەلاتی سوریادا، زیاتر لە ٨٠٠ چەتەی داعش و ٥٨٤ ژن و هەزار و ٢٤٨ منداڵ، کە هاوڵاتیی ٤٦ دەوڵەتی جیاجیای جیهانن خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئێمە کردووە".

عەبدولکەریـم عومەر وتیشی، هەبوونی ئەو چەتانە لای ئەوان مەترسییەکی گەورەیە، چونکە باردۆخی سوریا ئارام نییە. مەترسیی ئەوە هەیە لە داهاتودا ڕژێمی سوریا یا خود تورکیا هێرش بکاتە سەریان و بۆشایی ئەمنی دروست بێت. ئەگەری ئەوە هەیە لەو کاتەدا ئەو چەتانە بەر بدرێن، ئەوەش دەبێتە کێشە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی.

دەبێت ژن و منداڵەکان جارێکیتر پەروەردە بکرێنەوە

 ئەوەشی وت، ئەو ژن و منداڵانەی کە لەلایەن داعشەوە پەروردە کراون پێوستە جارێكیتر پەروردە بکرێنەوە. ئێمەش ئەو ئیمکانەمان نییە ئەو کارە بکەین، بۆیە لەرێگای پەیوندیی دێبلۆماسی، پەیوندییەکان و ڕاگەیاندنەوە دەمانەوێت فشار بخەینە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ ئەوەی بە ئەرکی خۆیان هەستن.

 'هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ئەرکی خۆی هەڵناسێت'

هاوسەرۆکی دەستەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی کانتۆنی جزیرە ئاماژەی بەوەشکرد: بە خوێنی سەدان شەهید و ماندووبوونێکی زۆر توانیویانە ناوچەکە ئازاد بکەن و دەوڵەتی داعش لە ناو ببەن. ئەوەش شانسێکی گەورە بوو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، بۆیە ئەرکی هەموو دەوڵەتێکە، کە هاووڵاتییان لەلای ئێمەیە، بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقی و قانونیی خۆیان هەستن هاووڵاتییانی خۆیان بەرنەوە، بەڵام بە داخەوە ئەو دەوڵەتانە بە تایبەتیش دەوڵەتانی ئەوروپی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ئەرکی خۆیان هەڵنەساون، بەمشێوەیە تۆپێکی ئاگرین دەکەن بە ناوچەکەی ئێمەدا، کە وەک  بەرمیلکی بارووتە و دیار نییە کەی دەتەقێتەوە. بۆیە مانەوەى ئەو داعشانە بۆ ئێمە بارێکی گرانە.

با دادگایەکی نێودەوڵەتییان بۆ دروست بکرێت

د.عەبدولکەریم عومەر هاوسەرۆکی دەستەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی کانتۆنی جزیرە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ئەو چەتانە دادگای ناکەین، دەمانەوێت هەر دەوڵەتێک هاووڵاتییەکانی خۆی ڕادەستی خۆی بکەینەوە، یان ئەوەتا دادگایەکی نێودەوڵەتی لەژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان دا دروست بکرێت و هەرچەتەیەک حوکمی خۆی لە وڵاتی خۆی وەر بگرێت. ئەگەر زانیمان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەرکی خۆی هەڵناسێت ئەو کاتە بڕیاری خۆمان دەبێت. ئێمە دووپاتی، دەکەینەوە ئەو چەتانەی لای خۆمان نا‌هێڵینەوە، دەبێت وەک چۆن دەوڵەتی داعشمان تێکشکاند بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دەبێت بەهەمان شێوە ئەم مەترسییەش لە ناو ببەین، چونکە هیچی کەمتر نییە لە مەترسییەکانی دەوڵەتی داعش.

ئەو وڵاتانەى چەتەکانیان وەرگرتووەتەوە

 بەرپرسی پەیوندییەکانی دەرەوی کانتۆنی جزیرە دەربارەی پەیوندەییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتان بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییەکانیان وتی: ئەو دەوڵەتانەی، کە پەیوندییان پێوە کردووین و هاوڵاتییەکانی خۆیان بردووەتەوە. یەکەم دەوڵەتی ڕووسیای فیدراڵ بوو، ٥٠ ژنی  شیشانی گرتووەتەوە خۆێ. هەروەها ئەندەنوسیا ٣ هاووڵاتیی خۆی وەرگرتووەتەوە. دەوڵەتی سودان ٢ ژن و ٣ منداڵی وەرگرتووەتەوە. یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ژنێکی ئەمریکی و ٤ منداڵیان ڕادەستی دەزگای (ئیف بی ئای) ئەمریکی کردووەتەوە. دەربارەی هەمان بابەت پەیوەندیمان لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی دانیمارک دروستکردووە. هەروەها لە پەیوندیداین لەگەڵ هەریەک لە بەلجیکا و هۆڵندا، بەڵام  تاوەکو ئێستا بۆ ئەو پرۆسەیە هەنگاوی کردارییان نەناوە.

'لەگەڵ کەنەدا کۆبوونەوەمان کردووە'

دەربارەی پەیوندییەکانی نێوان دەوڵەتی کەنەدا و حکومەتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان وتی: لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا پەیوندییمان گرتوە. لەگەڵ شاندی کەنەدیش لە سلێمانیی باشووری کوردستان کۆبوونەوەیەکەمان کردووە. هەر بۆ ئەو مەبەستە  دەوڵەتی کەنەدا فۆرمی نارد بۆ ئەو هاووڵاتییە کەنەدییانە، کە لەلای ئێمە دەستگیر کراون تاوەکو فۆرم بۆ دیکۆمێنت و پاسپۆرت پڕبکەنەوە، بۆ ئەوەی کاروباری یاساییان تەواو بکرێت و ڕادەست بکرینەوە، بەڵام بە داخەوە ماوەی چوار بۆ پێنج مانگە ئەو پرۆسەیە لەلایەن دەوڵەتى کەنەداوە ڕاوەستێنراوە و ئێمە هۆکاری ڕاوستاندنەکەی نازانین.

'بەشێک لە دەوڵەتەکان دەڵێن، هاوڵاتییەکانمان بکوژن'

د. عومەر عەبدولکەریم هاوسەرۆکی دەستەى پەیوەندییەکانى دەرەوەی کانتۆنی جزیرە لە کۆتایى قسەکانیدا هەڵوێستی بەشێک لەو دەوڵەتانەی بەرامبەر بە هاووڵاتییەکانیان ئاشکرا کرد، کە لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکراون و وتی: لە ڕێی ئەو پەیوەندییانەی کە کردوومانە، بەشێک لە دەوڵەتەکان دەڵێن، ئەو چەتانە زۆر ترسناکەن و ناتوانن  وەریان بگرنەوە. لەبەر ئەوە دەڵێن "ئێوە لای خۆتان دادگاییان بکەن و تەنانەت بەشێکیش لە دەوڵەتەکان وتویانە، ئەو هاووڵاتییانەمان بکوژن"، بەڵام ئێمە ناتوانین بیانکوژین، چونکە حوکمی لە سێدارە لە ناو قانونی ئیمەدا نییە. ئێمە ژن و منداڵەکانمان تەنانەت نەکردووەتە ناو زێندان، بەڵکو لە ناو سێ کەمپ رامانگرتوون، بە بەناوەکانی کەمپی رۆژ، ئەل هۆر و ئەل عیسا. بەڵام چەتەکان لە ناو زینداندان.

ر.م